لەساڵی داهاتوودا پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەدەچێت، لەبەرئەوە پێویستە هەڵمەتێکی پێداچوونەوەی لێپرسراوە حکومییەکانمان بکەین، تا بتوانین گومانەکانی خەڵک بڕەوێنینەوە، شەفافیەت لە کاروبارەکانی حکومەتدا دیار و درەوشاوە بکەین، نیگەرانییەکانی هاووڵاتی ئێجگار زۆرە، دەرەنجامی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بەهۆکاری بێ توانایی و بێ سەروبەریی دارایی، وەرگرتنی باجی زاڵمانە، حکومەتێکی سەرکوتکەر کە بۆتە هۆی ناتەبایی ناو هەرێم.
دەبێ بزانین ئەزموونی حوکمڕانیمان پێویستیی بە گۆڕانکاری هەیە و ئەم مەسەلەیە لە زهنییەتی تاکی کۆمەڵگەکەمانە، دیارە ئەم حاڵەتە هۆکاری هەیە، ئەویش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە لە رابردوودا، ئەزموونی حوکمڕانیمان نەبووە، بەردەوامبوون لەسەر ئەم رەوتەی ئێستا، چیتر لە توانادا نییە و دواتر یاخی بوونێکی واقعی دەخولقێنێ.
لاپەڕەکانی مێژووی (ی.ن.ک) پڕاوپڕە لە گەنجینەیەک لە سەروەریی سەردەمی شاخ، لە شاریش بەهەمان رەوتی نیشتمانییانە وێڕای پێشکەشکردنی چەندین دەسکەوتی پڕبەها، یەکێتی هاوتەریب هەوڵیداوە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و مەدەنی، تاکی کورد و کادرەکانی خۆی لە حزب و لەناو حکومەت، ئاشنا و ئاراستە کردووە بە ماف و ئەرکەکانیان.
ئەوەی مەبەستمانە لێرە بوترێت هاووڵاتی بەریەککەوتنی رۆژانەی هەیە لەگەڵ فەرمانگە حکومییەکاندا، ناکرێت کۆمەڵانی خەڵک نائومێد بکرێن لە گۆڕانکاری بەهۆی مانەوەی بەرپرسەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکانیاندا، کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و کەمتەرخەمی و قۆرخی دەسەڵات و خراپ بەکارهێنانی کورسی و بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک تا کۆتایی ژیانی لە شوێنێک بهێڵرێتەوە .
پێویستە پلە و پۆستە ئیدارییەکان بۆ هەموو کەس فەراهەم بکرێت بێ جیاوازی و کەسانی لێهاتوو و شیاو کە بەهۆیەوە دەبێتە هۆی هێنانەدی ئارامی و رەخساندنی هەلێکی لەبار و گونجاو، دەرفەت دانە لەپێناوی گەشەسەندن و پێشکەوتنی تواناکانیان، رێگە بە دەستەگەریی روخێنەر نەدرێ کە هۆکارە بۆ دەستەمۆکردن و لەدەستدانی کەسایەتیی کادر و دوورخستنەوەی کەسانی بەتوانا و لێهاتوو، هەر بەم شێوەیە پێویستە جیاکاری نەکرێت، بە میزاج کار نەکرێت.
بەپێی توانا و دڵسۆزی مامەڵە لەگەڵ کادرانمان بکەین لە حکومەتدا، ئاڵوگۆڕی بەرپرسە حکومییەکان کارێکی ئاسایییە و تەنها پێویستی بە ئازایەتییە لە بڕیاردان. دەبێت ئەم هەنگاوانە، لەپێناوی گەشەسەندنی یەکێتی و بەرزکردنەوەی کێرڤی دەنگەکانی و بەرژەوەندیی خەڵک بێت و بەرەو پێشچوونی فەرمانگەکانمان بێت، لەکاتێکدا کادرێکی دڵسۆز و بەتوانا پاش تەواوکردنی ماوەی خزمەت کە یاسا دیاریکردووە بگوازرێتەوە بۆ فەرمانگەیەکی تر و ئەرکی نوێی پێ بسپێردرێت، بۆ ئەوەی کار و سەرکەوتنەکانی لە شوێنی کاری نوێی رەنگبداوەتەوە، ئاڵوگۆڕی کەسەکان و هێنانی کەسێکی تر بە ئامانجی راستکردنەوەی کارەکانی بەڕێوەبەری پێشوو، راست نییە، بەڵکو پێویستە سیستمە شێواوەکە راست بکرێتەوە، پێویستمان بە چاکسازی خێرا هەیە و لەکاتی لابردنی بەڕێوەبەرێک یا فەرمانبەرێک پێویستە رەچاوی مەلەفی ئەو کەسە بکرێت پێش هەر شتێک، پێویستە ئەو کەسەی لە شوێنی دادەنرێت شیاو بێت نەک بە میزاجی لێپرسراوێک مامەڵە بکرێت، زۆرجار روویداوە، بەڕێوەبەر بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت، لە فەرمانگەکەی خۆی لادەبرێت و کەسێکی تر لەهەمان فەرمانگە دادەنرێت. پێویستمان بە رەچاوکردنی پاداشت و سزا هەیە، رەچاوی مەلەفی کار و کردەوەکانی کادرەکانمان بکەین نەک خاوەنی مەلەفەکان، ئەگەر هەندێک بنەمای شیاومان رەچاوکرد، نیگەرانی و بوغرابوون روونادات، لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێ چاومان لەکەسایەتی کادرە حکومییەکان بێت.
لە رابردوودا، ی.ن.ک، پێگەیەکی ئابووری، ئەمنی، پێشمەرگانەی بەهێزی هەبووە. ئەمڕۆش بەهەمان شێوە بەهۆی کادر و سەرکردە دڵسۆزەکانییەوە، توانیویەتی وەک حزبێکی کاریگەر و هێزی نیشتمانیی کاریگەر بمێنێتەوە و ماوە نادا ئەزموونی حکومەتەکەمان لاواز بێت و پاشەکشە بکات، چیتر یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان بکــرێت.
پێویستە پۆستە حکومییەکان بە پێی خولی هەڵبژاردنەکان ئاڵوگۆڕیان تێدا بکرێت