لە ناویاندا، دامەزرێنەری فەیسبووک..

دوژمنەكانی ترەمپ چاوەڕوانی تۆڵەی سەرۆكن

11:12 - 2024-11-13
شوان عەباس بەدری
83 خوێندراوەتەوە

شوان عەباس بەدری 


ترەمپی خاوەن كەسایەتیی خۆپەرەست و نەرجسی، وەك  جۆن بۆڵتۆن وەسفی كردووە، بە ئاسانی رقەبەرایەتی و دوژمنایەتی دوژمنەكانی بیرناچێتەوە

لە دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە كێبەركێی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا، ئێستا هەمووان چاوەرێن تا بزانن لە كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، واتا ئەو كاتەی ترەمپ دەسەڵاتەكان لە جۆ بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا وەردەگرێت و دەچێتە كۆشكی سپی و دووبارە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بەهێزترین و كاریگەرترین وڵاتی جیهان دادەنیشێت، چی روودەدات و ئایا ئەو هەڕەشانەی كە لە ركابەر و ئەو كەسانەی بە دوژمن وەسفی كردبوون جێبەجێ دەكات یان لاپەرەیەكی سپی و تازە لە گەڵیاندا هەڵدەداتەوە.

كەسایەتییەکی خۆپەرەست
هەرچەندە تەرەمپی خاوەن كەسایەتی خۆپەرەست و نەرجسی، وەك  جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا، لە كتێبەكەیدا وەسفی كردووە، بە ئاسانی رقەبەرایەتی و دوژمنایەتی دوژمنەكانی بیرناچێتەوە، بەڵام بە بڕوای چاودێران، ژمارەیەك كەسایەتی ئەمریكی هەن كە ترەمپ هەرگیز لێیان خۆش نابێت و بەهەر شێوەیەك بێت تۆڵەی خۆی لێیان دەكاتەوە، لە سەروو هەموویانەوە نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، كە لەسەردەمی سەرۆكایەتییەكەی ترەمپ دژایەتییەكی تەواوی دەكرد و چەندین جار ترەمپی وەكو گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئەمریكا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە وەسف دەکرد و لە هەوڵدابوو متمانەی لە ترەمپ وەربگیرێتەوە.
یەكیكی تر لەو كەسانەی كە ئەستەمە ترەمپ بە ئاسانی لێی خۆش بێت، جۆ بایدن و هانتەری كوڕییەتی، كە لە چەندین كۆڕوكۆبوونەوەی تایبەت و گشتی رایگەیاندبوو، گەر وەك سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێتەوە ئەوا راوێژكارێکی تایبەت بۆ بەدواداچوون بۆ گەندەڵییە خێزانییەكانی بایدن دادەمەزرێنێت.
لیتیتیا جیمس، داواكاری گشتی نیۆیۆرك، كە سزای دارایی زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە دۆسییەكی یاسایی بە تۆمەتی ساختەچێتی بەسەر ترەمپدا سەپاند، یەكێكی ترە لەو كەسایەتییە ئەمریكییە دیارانەی كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لێكردووە، هەروەك چۆن دادوەری دادگای مانهاتن، كە سەرۆكایەتیی دادگاییكردنی ترەمپی دەكرد، لەو دۆسییە یاساییەی كە داواكاری گشتیی نیۆیۆرك لە دژی ترمپ بەرزی كردبووە و ترەمپی بە تاوانبار ناساندبوو، یەكێكی ترە لەو كەسانەی لەژێر زەرەبینی تۆڵەی ترەمپدایە و ترەمپ هەڕەشەی چاودێری و دەستگیركردنی لێكردووە.

زوكربێرگیش بە دوژمن دەزانێت
هەروەك چۆن مارك زوكربێرگ، دامەزرێنەری فەیس بووك، دوژمنێكی تری دۆناڵد ترمپە و ترەمپ رایگەیاندبوو گەر بێتوو دەستتێوەردان بكات لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا ئەوا زیندانی دەكات، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020یشدا ترەمپ هەمان تۆمەتی ئاراستەی مارك زوكربێرگ كردبوو، دیارە لە دوای تێپەربوونی چوار ساڵ ترەمپ هێشتا دوژمنایەتییەكەی زوكربیرگی بۆ خۆی بیر نەچۆتەوە.
مایكل كۆهێن، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، یەكێكی ترە لەو كەسایەتییانەی كە ترەمپ وەک  دوژمنی خۆی لێی دەڕوانێت، بە تایبەتیش لە دوای ئەوەی وەك شایەت لە دۆسییەی داراییە نهینییەكانی ترەمپ شایەتی لە دژی دا.
جاك سمیس، راوێژكاری تایبەت و كەسایەتی دیاری ئەمریكاش، لە رق و كینەی دۆناڵد ترەمپ بەدەر نییە، بە تایبەتیش ئەم راوێژكارە دوو سكاڵای تاوانی فیدراڵی دژ بە ترەمپ بەرزكردۆتەوە.

دوو کەسایەتی دوور دەبن لە کابینەکەی
هەروەك چۆن دۆناڵد ترەمپ بە ئاشكرا رایگەیاندووە، مایك بۆمبیۆ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا لە ئیدارەكەی پێشووی و نیكی هیلی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، بەشێك نابن لە ئیدارە تازەکەی، رەنگە بەمەش دۆناڵد ترەمپ یەکەمین هەنگاوی لە زنجیرەی بێ کۆتایی تۆڵەکانی نابێت.

وتارەکانی نوسەر