شوان عەباس بەدری
دواجار حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە دوای 42 ساڵ لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە تیرۆر کرا.
کەسایەتییەکی کاریگەر
نەسروڵڵا کە بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەر و کارێزمییەکانی بەرەی موقاوەمە هەژمار دەکرا، لەو ماوەیەی ژیانی سیاسی و سەربازییدا، مۆساد و دامەزراوەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل هەموو توانا و هەوڵی خۆیان خستبووەگەڕ بۆ دەستگیرکردن یان تیرۆرکردنی، بەڵام پاش ئەو هەموو هەوڵە درێژخایەنە، دواجار کەوتە ناو تەڵەی گەمەیەکەوە کە زۆر گەورەتربوو.
بە واتایەکی تر، حەسەن نەسروڵڵا سەرەڕای رۆڵی لە سیاسەتی خۆرهەڵاتدا و بوونە بەشێک لە میحوەری جەنگێک کە ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و لوبنان و سوریا لەلایەکی دیکەوە بەشدارن تێیدا، بێ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو و خوێندنەوەیەکی ورد بەشدارییەکی گەورەی لەو جەنگەدا کرد، چونکە هەمیشە خەونی لەناوبردنی ئیسرائیل و فڕێدانی جوولەکەی بۆ ناو دەریا هەبوو، بەڵام وڵاتانی دیکەی عەرەبی لەم ئاڵۆزییەی ئەمجارەدا جگە لە بەیاننامەی (شجب و استنکار) خۆیان لە قەرەی نەدا و دەریان خست چیتر بەنیاز نین سیناریۆکانی 1967 و 1973 لە دژی ئیسرائیل دووبارە بکەنەوە، بەو پێیەی ئێستا ئێران بەشێکە لە گەمەکە.
حەسەن نەسروڵڵا سەرەڕای رۆڵی لە سیاسەتی خۆرهەڵاتدا و بوونە بەشێک لە میحوەری جەنگێک کە ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و لوبنان و سوریا لەلایەکی دیکەوە بەشدارن تێیدا، بێ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو و خوێندنەوەیەکی ورد بەشدارییەکی گەورەی لەو جەنگەدا کرد
ئەمینداری گشتیی حزبەکە
سەرچاوە سیاسییەکانی دنیای عەرەب وای شرۆڤە دەکەن ئەو کارەکتەرە سەرەتا لایەنگرێکی بزووتنەوەی ئەمەل بووە کە بزوتنەوەیەکی سیاسی شیعە بوو، محەمەد رەزا شا پشتگیریی دەکرد، بەڵام لەدوای دروستبوونی حزبوڵڵاوە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە ئەندامێکی کاریگەری ئەو حزبە و تا گەیشتە پلەی ئەمینداری گشتی حزبەکە.
زۆرێک لە لوبنانییەکان بەتایبەتی لە تایفەکانی دیکە پێیانوایە کە «بڕیار و هەنگاوەکانی نەسروڵڵا، جگە لە هێنانی ماڵ کاولی و کوشتار هیچی تری بۆ لوبنانییەکان لێی سەوز نەبووە ئەوەش بە نموونە دەهێننەوە کە لە چالاکیی پەیمانی راستی کە بە جەنگی تەمموزیش ناسراوە و تێیدا حزبوڵڵا دوو سەربازی ئیسرائیلی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ دیلەکانی لوبنانی ناو زیندانەکانی ئیسرائیل دەرگای جەهەنەمی بەڕووی خۆی و لوبناندا کردەوە و لە دوای 34 رۆژ جەنگ و بۆردومانی بەردەوام و کوژرانی نزیکەی 11 هەزار هاووڵاتی و برینداربوونی هەزارانی تر و زیانی چەندین ملیار دۆلار بە ژێرخان و سەرخانی ئابووریی لوبنان، بە بڕیاری ژمارە 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەنگەکە کۆتایی هات.
تێوەگلان لە جەنگی غەززە
نموونەیەکی تر بریتییە لە تێوەگلانی حزبوڵڵا لە جەنگی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کە دواجار ئەوە بووە مایەی تیرۆرکردنی خودی حەسەن نەسروڵڵا و بەشێکی زۆر لەسەرکردەکانی حزبەکەی بەهەردوو باڵی سەربازیی و سیاسییەوە.
گۆڕانکارییەکی بنچینەیی و هەمیشەیی
هەروەها ئەگەر بێتوو پارچەی پێشهات و رووداوەکانی ساڵی رابردوو بپشکنین هەر لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تا دەگاتە بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و پاشان هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و کوژرانی هەزاران ئەندام و چەکداری بزووتنەوەی حەماس و سەدان ئەندام و چەکداری حزبوڵڵا و سەرکردەی باڵای ئەو حزبە، لەسەروو هەمووشیانەوە تیرۆرکردنی نەسروڵڵا کە گومان دەکرێت لە ئەنجامی خیانەتێکەوە روویدابێت، ئەوا هەموو شرۆڤەکان سەرنجی چاودێرانی سیاسی و میدیاکان بۆ ئەوە رادەکێشن کە بریتییە لە گۆڕانکارییەکی بنچینەیی و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا کە لایەنە ناکۆک و دوژمنەکانی سەر شاشە و مەیدانەکان و لەهەمانکاتیشدا دۆستە ژێربەژێرەکانی پشت پەردە ئەستوورەکەی دانوستاندن و رێککەوتنە نهێنییەکان، لەسەری رێککەوتبن.
گەمەیەکی سیاسی
بەهەرحاڵ رەنگە نهێنی تیرۆرکردنەکەی نەسروڵڵاش هەروەک نهێنی تیرۆرکردنی سەدان سیاسی و سەرکردەی تر، لەناو گەمەیەکی سیاسیدا ون بێت و ئانجامی لێکۆڵینەوەکانیش لەو تیرۆرکردنە بۆ هەتاهەتایە ون ببێت!.
یەکێک لە بۆردومانەکانی بەیروت کە حەسەن نەسروڵڵای تێدا کرایە ئامانج