بانگەشەیەکی هێمن و سەرکەوتنێکی پڕ سەدا

10:07 - 2024-09-29
شوان عەباس بەدری
147 خوێندراوەتەوە

ئەرنستۆ چێ گیڤارا ئەفسانەی جەنگی پارتیزانی، لە وتەیەکیدا لەبارەی هەژارییەوە دەڵێت، ئەوەی کە وتی هەژاری عەیب نییە، ویستی قسەکەی تەواو بکات و بڵێت، بەڵکو تاوانە، بەڵام دەوڵەمەندەکان بە چەپڵەکانیان قسەکەیان پێبڕی و نەیانهێشت قسەکەی تەواو بکات.
 ئەگەر لەم گۆشەنیگایەی جیڤاراوە بچینە ناو باسەکەمان و لە ئێستای هەرێمی کوردستان و گوزەرانی دانیشتوانەکەی بڕوانین، ئەوا تێدەگەین، ئەو قسەیە پڕاوپڕ خەڵکەکەی هەرێم دەگرێتەوە کە لە ئەنجامی هەنگاوە هەڵەکانی لایەنێکی سیاسی باڵادەستی هەرێم، قەوارەی هەرێمی کوردستان رۆژ بەرۆژ زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسی و بەهۆی نەخوێندنەوەی ورد و زانستی بۆ پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکە و تەحەداکردنێکی پڕ لە هەڵەی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، هەرێمی کوردستان جگە لە رووی ئابووری و سیاسییەوە رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت.
 هەڵبەت هۆکاری زۆربەی ئەو قەیرانانەی ئێستا بەرۆکی هەریمی کوردستانی گرتووە دەگەڕێتەوە بۆ غروری سیاسیی تاقمێکی باڵادەست کە بەردەوام لاف و گەزافی خزمەتگوزاری و خەمخۆری لێدەدەن، لە کاتێکدا خۆیان ماوەی چەند ساڵێکە وەک خۆرە کەوتوونەتە وێزەی قەدە سەر سەوزەکەی ئابووری و سیاسەیی لە هەرێم و هەموو دەستکەوتەکانی خەباتی کوردیان بۆ دەستهێنانی ئازادی و چەسپاندنی بەهاکانی دیموکراسی، لەپێناوی چەسپاندنی قسەی خۆیان، گەیاندۆتە لووتکەی هەرەس و داڕمان. لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا، هەر لایەنێک ویستبێتی بڵێ ئەم هەنگاو و غرورە سیاسییەی ئێوە هەرێم بەرەو هەڵدێر دەبات، ئەوا وەک دەوڵەمەندەکانی قسەکەی جیڤارا، یان بە چەپڵە یان بە تۆمەت بەخشینەوە نەیانهێشتووە دەنگە رەسەنەکان وەک خۆیان بگەن و سەرکوتکراون.

 

جەختکردنەوەی ی. ن. ک لەسەر بەرێوەچوونی بانگەشەیەکی دوور لە توندوتیژی و پابەندبوون  بە یاساکانی کۆمیسیۆن

 

رەنگە تا ئێستا بە خوێندنەوەی ئەم دێڕانە هەندێکتان پرسیار لە خۆتان بکەن، ئەی چارەسەر چییە؟ 
وەڵامی ئەم پرسیارەش ئاسانە، بێگومان لە ئێستادا کە دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە پێشەوە و بڕیاڕە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەدوای چەند جار دواخستنی کاتی دیاریکراو، لە ژێر چاودێرییەکی توندوتۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق و نوێنەرە ناوخۆیی و جیهانییەکانەوە بەڕێوەبچێت و لە ژێر رۆشنایی رووداو و پێشهاتەکانی ساڵانی رابردوودا لە رێگەی سندوقی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە کۆتایی بە هەموو ئەو خەمساردییە پڕ لە غرورەی کە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی خاک و خەڵک گیراوە، بەر بهێنیت. 
ئێستا کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و جەختکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەر بەرێوەچوونی بانگەشەیەکی دوور لە توندوتیژی پابەند بە یاساکانی کۆمیسیۆن و دوور لە سەرپێچی، باشترین دەرفەت هاتۆتە پێشەوە، تا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کوردستان بە دەنگەکانیان و لە رێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، دەنگی راستەقینەی خۆیان بگەیەنن بە گوێی هەموو جیهاندا و بێ ترس بڵێن: راستە ماوەی چەندین ساڵە بە رێکاری جیاجیا و گرتنەبەری سیاسەتی برسیکردن و تۆقاندن و تەزویری دەنگدان، نائۆمێدیان کردبووین لە راستکردنەوەی رێرەوە پڕ لە خواروخێچییەکەی حکومەت و سیاسەتەکانی، بەڵام ئیتر لەم هەڵبژرادنەدا، کاتی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانیی هاتووە و سەرکەوتنێکی پڕ سەدای سەرسەوز بە دەستدەهێنین.

 

هەرچی زۆرتر بەشداریی دەنگدان بکەن زیاتر گۆڕینی رەوتی چەوتی ئەم حکومەتە مسۆگەر دەبێت

وتارەکانی نوسەر