هەولێرستان

01:26 - 2024-11-13
دڵزار حەسەن
138 خوێندراوەتەوە

دڵزار حەسەن

 

بە نەگەڕانەوە بۆ رۆژانی رابردوو، بێئەوەی ئاماژە بە هیچ نۆستالژیایەك، یادەوەریەك بدەم، لە ئێستایەكدا دەوەستم، كە هەموومان بنووسێتەوە. هەرچەندە شتێك نییە بەناوی ئەمڕۆ(ئێستاكە)، چونكە ئەوەی هەیە یان رابردووە یان ئاییندەیە. سبەیش هێشتا نەهاتووە و ئێستاكەشمان بە رابردوو ئەژمار دەكرێت، بۆیە دەتوانم بڵێم لە ئێستایەكی نوێوە دەنووسم. ئێستایەك قسەبكا بە كردار و كار بكات بۆ ژیان. ئاخر كێشەی ئێمەی هەولێری خراپگوزارییمانە لەناو ئێستای ژیاندا، سبەی وەكخۆی ناتوانین وێنابكەین و بەرەو نادیاریش ئەستەمە رۆیشتن! باشە چۆن بزانین بەرەو نادیار هەنگاو دەهاوێين؟ باشە ئەی رۆژی رووناكمان چ رۆژێكە؟ لۆ ئەوەی باش بنووسم، مەبەستەكان بپێكم. سەرۆكاری خۆم لەگەڵ خەڵكی شارەكە گەرم دەكەم، قسە و تێگەیشتن و دید و روانگەی هاووڵاتیان لەچوارچێوەی بابەتێكی رەخنەگرانەی پشتئەستوور بەزمانێكی تەكنۆكراتیانەی سەردەم، كە بە لۆژیكی داتا و زانیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخی شاری هەولێردا بكات. دێم باسی هەولێری ئێستا دەكەم، باسی ماستەرپلانی گۆڕینی وێنەی هەولێر دەكەم، باسی ئەو دەم و چاوانە دەكەم، كە هی هەولێر نین. باسی ناوی قوتابخانە و پەرستگە و ناوی منداڵ و شەقام و موختاری گەڕەك و گەڕەكە میللیی و تازەكان دەكەم، باسی كاسبكار و بازاڕ دەكەم. لەم گۆشەیەدا هەرچی پەیوەندیی بەو شارەوە هەبێت باسی دەكەم، لە پرسی كۆمەڵایەتیی و كەلتور و سیاسەت و بەڕێوەبردنەوە دەست پێدەكەم تا رەنگی پۆشاك و خواردن و زمان و ئەدەب و هونەرەكەی. بەزمانێكی رەخنەگرانە، كە لایەق بە هەولێرییەكان بێت، توانج لە هەرچی ناشیرینیی و ناڕێكی ئەو شارە هەیە دەدەم. كارە جوانەكانیشی، بەرز دەنرخێنم. 
لەم گۆشەیەدا بێ ئێوە هیچ قسەیەك ناكەم، تەنها هەولێرییەكان دەدوێنم و هەرچی شتێك بەزمان نەیانتوانیوە بیڵێن و لە دڵیاندا هەزاران خۆزگە و ناڕەحەتییان هەڵگرتووە ئەركی من نووسینەوەی ئەو خەمانەیە، بەڵام بەدیدێكی جیاوازتر لەو مۆتیڤەی بۆیان دروستكراوە. لە رێگەی دەستبردن بۆ دەستەواژەی پێشنیار و چارەسەرەوە دەستكاریی ئەو سكێچە دەكەم، كە هی هەولێرییەكان نین. دەرگای گفتوگۆیەكی بونیادنەر بە رووی خۆماندا دەكەینەوە، خۆمان بەراورد ناكەین بە هیچ نەتەوە و شارێكی جیاوازتر لە خۆمان. تەنها و تەنها هەولێرییانە دەدوێین و بۆ خۆشگوزەرانی خەڵكەكەی هەنگاو دەنێین.

وتارەکانی نوسەر