هەولێرستان

سێكتەری گەشتیاریی و چەند سەرنجێك...

11:22 - 2025-05-21
دڵزار حەسەن
61 خوێندراوەتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ئەم مانگە پێشانگەیەكی گەشتیاریی لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان بۆ ماوەی سێ رۆژ كردەوە. لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگەكەدا، سەرۆكی حكومەت وتارێكی لەسەر گرنگی سێكتەری گەشتیاریی پێشكەشكرد. لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەجێندا و سیاسەتی حكومەت لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی كوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەتی گەشتوگوزار و كەرتی گشتیدایە. هەروەها روونیكردەوە، كە حكومەت هەوڵێكی زۆری داوە تاوەكو ئاسانكاری بكات و هاوكار بێت بۆ پەرەپێدان بەم كەرتە، بەو ئامانجەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێت. 
لێرەدا پێویستە بپرسین سیاسەتی حكومەتی هەرێم، لە چەند ساڵی رابردوودا سەبارەت بە پرسی گەشتیاریی وەك پڕۆژەیەكی ئابووریی و نیشتمانی، لە جێگەی خۆیدا بووە؟ ئاخۆ تا چەند توانیویەتی لەم پڕۆژەیەدا دەستكەوتی نیشتمانی و ئابووری بەدەست بهێنێت؟! (مەبەستم حكومەتە، نەك هاووڵاتیان) ئایە لە رووی تەكنیكی بەبازاڕكردنەوە، حكومەتی هەرێم سیاسەتێكی دروستی هەبووە؟ داهاتەكانی دیارە، دەزاندرێت حكومەت ساڵانە چەندی لەم سێكتەرە دەست دەكەوێت؟ سوودەكانی لە چ بوارێكی گشتیاریی بووە. لەم سێكتەرە، كەرتی تایبەت سوودمەندی یەكەمە یان كەرتی گشتی. هاووڵاتی كوردستان، چەند لەم دۆخە سوودمەند بووینە. ئایە دەستی كاری بیانی لێرە زیاتر بووە، یاخود خەڵكی هەرێمی كوردستان لەم رێگەیەوە كاریان زیاتر دەستكەوتووە، بێكاری و كەم دەرامەتی خەڵك، زیادبووە یان كەمتر بووە. ئایە ئەو سەرمایەدار و كرێكارە بیانیانەی، چ ئەوانەی خاوەن پڕۆژەن و چ ئەوانەی لێرە وەك كرێكار كاردەكەن، قازانج و سەرمایەكانییان لە هەڕێمی كوردستان بەكاردەهێنن یان دەیبەنەوە وڵاتی خۆیان؟ هەركاتێك دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و دارایی و پلان دانان، ئەو پرسیارانەیان بە دروستی وەڵام داینەوە، ئەوكات بۆمان دەردەكەوێت سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری گەشتیاریی سەركەوتوو بووە، چونكە حكومەتی هەرێم پێمان دەڵێت: بەهۆی سێكتەری گەشتوگوزارەوە، داهاتی حكومەت هەمە چەشن دەبێت، بەڵام پێمان ناڵێت چۆن داهاتەكە گەشەی كردووە، چەندی ئەو داهاتە بۆ ناوخۆیی هەرێمە و چەندی دەچێتە دەرەوەی هەرێم، ئاخۆ چەند لەتونایدایە بێكاری لەناو خەڵكی باشووری كوردستان كەم بكاتەوە.
راستە بەشێوەیەك لە شێوەكان بەهۆی هاتنی خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ هەرێم، چ ئەوانەی بۆ گەشت دێن، چ ئەوانەی لێرە نیشتەجێبووینە، بێگومان بەهۆیانەوە بازاڕی هەولێر و شارەكانی دیكەش جووڵەی تێكەوتووە و خەڵكیش بەشێوەیەك لە شێوەكان سوودمەند بووینە، بەڵام هێشتا كەرتی گەشتیاریی وەك سێكتەرێكی ئابووری بەهێز نەبۆتە داهات بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. چاودێران پێیانوایە حكومەت لەم سێكتەرەدا زیادمەندی یەكەمە، چونكە نەیتوانیوە وەك پرسێكی نیشتمانی و دەوڵەتی، مامەڵە لەگەڵ ئەو كەرتە بكات و بازاڕی بۆ دروست بكات. ئەوەی هەیە پڕۆژەی چەند سەرمایەدارێكی بیانییە، كە لەگەڵ بەرپرسەكاندا شەریكن.

وتارەکانی نوسەر