هەولێرستان

راگەیاندنی چەواشەكار

10:31 - 2025-05-28
دڵزار حەسەن
107 خوێندراوەتەوە

بەهۆی لە دەستدانی هاوسەنگی و ئیتیكی میدیاییەوە، بەتایبەتی لە رۆماڵكردنی دیمەنە خوێناوییەكانی شەڕی (ئۆكڕاینا و غەززە)، جارێكی دیكە مشتومڕی راستگۆیی و پرنسیپی كاری راگەیاندن و میدیایی، لە جیهاندا كەوتە ژێر پرسیارەوە. پێدەچێت لەدوای ئەم رووداوانە، بابەتەكانی پەیوەست بە ئیتیكی كاری میدیای لە جیهاندا بكەوێتە ژێر گومانەوە، چونكە بەشێك لەو میدیا پرۆفیشناڵ و جیهانییانە‌‌، نەیانتوانی وەك پێویست پرنسیپەكانی (هاوسەنگیی و بێلایەنیی و بابەتی بوون) بپارێزن و خۆیان نەكەنە بەشێك لە رووداوەكان‌.
نەیانتوانی بەشێوەیەكی بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكاندا بكەن و پابەندبن بە ئیتیكی كاری راگەیاندنەوە و ئایدیا و ئاڕاستەی سیاسیی و بۆچوونە تایبەتەكانیان تێكەڵ بە هەواڵەكان نەكرێت، هەندێك لەو میدیاكارانە نەیانتوانی هەڵچوونەكانیان بشارنەوە و مەیدانی ململانێ و جەنگەكە وەك خۆی بگوازنەوە. بە پێچەوانەوە هەندێك لەو كەناڵە بەناوبانگانە،‌‌ لە تاقیكردنەوەی (پێدانی زانیاری دروست) و (بەلاڕێدانەبردن) و (راستگۆیی لە بڵاوكردنەوەی داتاكان)‌ شكستیان هێنا، بۆیە ئەستەمە لەمەودوا بتواندرێت ئەو كۆمپانیا میدیاییە زەبەلاحانەی جیهان وەك نموونەی پرۆفیشناڵی بهێندرێنەوە.‌ بەتایبەتی بۆ مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگەكان، زەحمەتە بتوانن هەندێك لەو كەناڵە میدیاییە بەناوبانگانە وەك نموونەی باڵای جێبەجێكاری ئیتیكی كاری میدیایی بۆ خوێندكاران بهێننەوە‌.
هەرچەندە سەبارەت بە پێناسەی ئیتیكی میدیایی بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام گرنگترینیان بریتییە: لە كۆمەڵێك ئەخلاق و پرەنسیپی پیشەییەوە، كە رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن لەكاتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ كێشەكاندا پەنای بۆ دەبەن، بەڵام ئەوانەی كە تایبەتن بە جێبەجێكردنی ئەو ئاكارانە، ئەمڕۆ خۆیان بوون بە بەشێك لەم كارە چەواشەكاریی و بێ مۆراڵییە.
دیقەت بدەنە بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستانیش، كە بەتەواوی لە كاری دروستی راگەیاندن و پیشەییەوە لایانداوە و بوونەتە بەشێك لە رووداوەكان. ئەوەش هەم زیان بە ئیتیكی كاری میدیایی دەگەیەنێت و هەمیش خەڵكی بەهۆی هەواڵە نا دروست و هەڵبەستراوەكانیان چەواشە دەكرێن.  هەموو ئەو كارانەشیان تەنها بۆ ئەوەیە، دواجار سەرنجی بینەر رابكێشن و خۆیان بكەن بە میدیای یەكەمی بێڕكابەر.
ئەگەر سەرنج بدەین لە كۆندا، لەو جۆرە میدیا و كارەكتەرانە زۆر بوون، كە مێژوو ناویان بە خراپ دەهێنێت: وەك نموونەی (پاوڵ جۆزێف گۆبڵز 1897-1945 وەزیری پڕوپاگەندەی سیاسی بووە لە سەردەمی ئەڵمانیای نازیدا)، یەكێك بووە لە دیارترین كەسایەتییەكانی حكومەتەكەی هیتلەریش. لەدونیای میدیاییدا، بە دامەزرێنەری هونەری پڕوپاگەندی سیاسی دەژمێردرێت.  
سەبارەت بە دۆخی شەڕ و چەواشەكردنی خەڵك چەند  وتەیەكی بەناوبانگی هەیە، كە ئێستا لەدنیای میدیای چەواشەدا وەك نموونەی باڵا دەهێندرێتەوە. جۆزێف دەڵێت: میدیایەكی بێ ویژدانم پێ بدەن، من كۆمەڵگەیەكی گەمژەتان پێ دەدەم. یان لە شوێنێكی دیكەدا دەڵێت: درۆ بكە، درۆ بكە، درۆ بكە، هەتا ئەوكاتەی خەڵكی باوەڕت پێدەكەن.


وتارەکانی نوسەر