سۆران تاودەر*
چاپخانە وەك هەر پیشەیەكی تر پێویستی بە كات و بارودۆخی باش هەیە تا تیایدا پێشبكەوێت، بۆ ئاسانی تێگەیشتن لە پێشكەوتنی چاپخانە لە شاری هەولێر، بابەتەكەمان دابەشی سێ قۆناغ دەكەین، قۆناغی یەكەم بریتییە لە سەرەتای سەدەی بیستەم تا كۆتایی حەفتاكان و قۆناغی دووەمیش لەسەرەتای هەشتاكان و تا كۆتایی سەدەی بیست و قۆناغی سێیەمیش لەسەرەتای سەدەی بیست و یەك تا رۆژی ئەمڕۆ، لە خوارەوە بەشێوەیەكی كورت پەنجە دەخەینە سەر هەرسێ قۆناغەكە.
قۆناغی یەكەم (1900–1979)
ئەگەر باسی مێژووی چاپخانە بكەین لە شاری هەولێر دەبێت بناغەیەك بۆ ئەو مێژووە دابنێن تا بۆمان روون ببێتەوە كە ئایا بیرۆكەی چاپ و دامەزراندنی چاپخانە لە شاری هەولێر هاوتەریبە لەگەڵ پێشكەوتنی ئەو پیشەیە لە ناوچەكە یان بە شێوەیەك لە شێوەكان لە رەوڕەوەكە دواكەوتووە، مێژووی رۆژنامەگەریی و دامەزراندنی چاپخانەی (الحكومة) لە بەغدا و دواتریش و بۆ یەكەمجار عیراق لە ساڵی 1869 بووە خاوەنی رۆژنامەی خۆی بەناوی (الزوراء).
دامەزراندنی چاپخانەیەك بەناوی كوردستان لە ساڵی 1915 لەسەر دەستی مامۆستا حسێن حوزنی موكریانی لە غوربەت و لە شاری حەلەب دامەزرا، بۆیە دەكرێت ئەو ماوە كورتە لە نێوان دامەزراندنی چاپخانەی (الحكومة)ی عیراقی و(كوردستان)ی هەولێری كە لە نێوانیانە یەكجار كەمە، بۆیە ئێمە زۆر دوانەكەوتووین لە دامەزراندنی چاپخانە، دواتریش مامۆستا حوزنی هەمان ئەم چاپخانەیە «چاپخانەی كوردستان»ی لە ساڵی 1925 بۆ شاری رەواندز دەگوێزێتەوە و لە ساڵی 1926دا توانی گۆڤاری «زاری كرمانجی» لەوێ دەربكات، سەرەنجام «چاپخانەی كوردستان» لە ساڵی 1936ی زایینیدا لەلایەن «گیوی موكریانی» بۆ شاری هەولێر گوێزراوەتەوەو تا ساڵی 1977 بۆ ماوەی41 ساڵ لە شەقامی قەڵای هەولێر بەردەوام بووە.
دیارە لە هەولێر چاپخانە بە دوو شێواز دامەزراوە، شێوازێكیان هی دامەزراوە حكومییەكان بووەو ئەویتریش هی خەڵكی پیشەگەرە كە لە بواری چاپخانە كاریان دەكرد. دوابەدوای ئەویش چاپخانەی سەڵاحەدین دێت كە لە ساڵی 1963و لەسەردەستی مام ئەنوەر كە دەكەوتە شەقامی باتا و بەرامبەر چایخانەی قەردارانی ئێستا، بێگومان ئەو كات ئامێرەكانی چاپ سادەو سەرەتایی بوون و كاری سنورداری پێ ئەنجامدراوە.
قۆناغی دووەم (1980-2000)
ئەم قۆناغەی پێشكەوتنی چاپخانە لە شاری هەولێر بریتی بوون لەو چاپخانانەی كە لەسەر دەستی دەزگا حکومییەكان دادەمەزران، ئەوانیش هەریەك لە چاپخانەكانی پەروەردە1970و چاپخانەی شارەوانی 1974و چاپخانەی رۆشنبیریش ساڵی 1984 و زانكۆی سەڵاحەدینیش هەر بەناوی خۆیەوە لە ساڵی1985چاپخانەی زانكۆی دامەزراند، ئێستاش هەرسێ چاپخانەی پەروەردە و رۆشنبیری و زانكۆ لە كاردان، بەڵام چاپخانەكەی شارەوانی لە كار وەستاوە.
یەكێك لەو چاپخانە حكومیانەی كە بەشێوەیەكی زۆر باش و دامەزراوەیی و بەشێوەیەكی زانستی هاتە دامەزراندن، چاپخانەكەی پەروەردە بوو، جگە لە هێنانی مەكینەی نوێ و سەردەمیی، دواتر دامەزراندنی بە شێوەیەكی تۆكمە و بەشێك لە كارمەندە هونەرییەكانیشی وەكو كادیری هونەری بۆ راهێنان لەسەر ئامێرەكان رەوانەی ئەڵمانیا كران، ئەوەی جێگەی شانازیی ئەو چاپخانەیەیە، تا ئێستاش بەشێك لە بازاڕی كاری ئێستای چاپخانە ئەهلییەكان، كارمەندەكانیان لەو چاپخانەیەوە سەرچاوەی گرتووە. چاپخانەی رۆشنبیرییش كە یەكێكە لەو چاپخانانەی كە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، دەستێكی باڵای هەبووە لە بزووتنەوەی رۆشنبیریی لە دوای راپەڕین، ئەویش بە چاپكردنی كتێبی نووسەران و دابینیكردنی پێویستیی فەرمانگەكان و هەروەها چاپكردنی رۆژنامە و بڵاوكراوەكان بە حزبی و ناحزبییەوە.
چاپخانەی كشتوكاڵ بە یەكێك لەو چاپخانانە دادەنرێت كە لە پاش راپەڕین و لەسەر دەستی رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش بە وەزارەتی كشتوكاڵ كرا و ئەویش تا ئێستا چالاكانە كارەكانی وەزارەتەكەی و بەشێك لە پێویستییەكانی تری بازاڕ پڕ دەكاتەوە.
قۆناغی سێیەم: (2001-2024)
قۆناغی گەشەكردنی پیشەی چاپخانە لە هەولێر و كوردستان بەگشتی بۆ دوای رووداوەكانی ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە كە هاوشان بوو لەگەڵ رووخانی رژێمی سەدام و گۆڕانكاری خێرا لە بوارەكانی تری ژیانی كۆمەڵگا، لەو كاتەوە تواندرا ئامێری پێشكەتوو و سەردەمیی لە هەردوو شێوازی چاپخانەی حكومی و ئەهلی بۆ هەولێر بهێندرێت، كە لە رووی نرخ و خێرایی و كوالێتی پێشبڕكێی وڵاتە پێشكەتووەكان دەكات. ئێستاش دەتوانرێت بۆ سەرجەم بوارەكان پشت بە چاپخانەكانی ناوخۆ بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان ببەسترێت، بەڵام بۆئەوەی ئێمە بتوانین سوود لە پێشكەوتنی بواری چاپخانە وەربگرین و ئەو پیشەیە بەرەو پێشببەین، پێویستە حكومەت و ئیدارەی شارەكان هاوكار و هاندەر بن، هەروەها یاسا و رێنماییەكان بە ئاڕاستەیەك دەربكرێن ئەولەویەت بە چاپخانەكانی ناوخۆ بدرێت.
*بەڕێوەبەری چاپخانەی شەهاب- هەولێر