پێگەی سلێمانی

10:45 - 2024-11-14
راز ئەسعەد
76 خوێندراوەتەوە

مێژووی سلێمانی کۆن نییە، بەڵام بەشدارییە ئەدەبی، هونەری، سیاسی، ئابووری، زانستی و کەلتوورییەکانی هێندە فراوان و کاریگەرن بە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە دەچێت. لەوەتەی دروستبووە لە سەرجەم بوارەکاندا پێشەنگی گرتووە، بۆ نموونە بۆ شارێکی وەک سلێمانی و لەو سەردەمەدا، دروستبوونی دوو ناوەند یان تەریقەتی ئاینی ناونیشانێکی گەورە و دیاربووە، کە جگە لە گەشەسەندنی زانستە ئاینییەکان، تاوێکی باش خوێندن و خوێندەواری بردۆتە پێشەوە. 
بیری ئازادیخوازی
لە رووی ئەدەبی و زانستە مەعریفییەکانەوە دەرکەوتنی چەندین کەسایەتی و شاعیر و ئەدیبی مەزن، ناونیشانێکی گەورەی پێشکەوتنی بیری ئازادیخوازی بووە. دەرکەوتنی حزبە سیاسییەکان هەر لە بیری چەپڕەوییەوە تا هەڵگرانی بیری نەتەوەیی، دەرخستەی گەشەی سیاسی ئەم ناوچەیە بووە و تا ئەمڕۆش ئەو پێشەنگییە هەر بەردەوامە، ئەوسا و ئێستاش دەرکەوتنی حزبەکان بە زۆری لەم شارەدا بووە.
ئەو پێشەنگییە کردەیەکی هەر لە خۆوە نەبووە و لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەوە کاری بۆکراوە، رەنگە میرەکانی بابان لەپشت دروستکردنی ئەم شارەوە چەندین خەونی گەشەسەندن و پێشکەوتنیان بینیبێت، ویستویانە شارێکی مۆدێرن بە پێوەری ئەو سەردەمە بنیاتبنێن، لەبەرئەوەی لە مانا راستەکەی شار تێگەیشتوون و زانیویانە شار تەنیا کۆمەڵگەیەکی گەورە نییە، بەڵکو خەسڵەت و پەیڕەوی تایبەتی خۆی هەیە.
بۆیە دەبینین هەر لە دانانی بەردی بناغەوە بە روانینێکی سەردەمیانە نەخشەی شارەکەیان داناوە، پشت بەستن بە هونەری تەلارسازی ئەو سەردەمەی شارە گەورەکانی ناوچەکە، بەڵگەی عەقڵی پێشکەوتنخوازی میرانی بابانە و تەنیا دامودەزگاکانی حکومەتیان دروست نەکردووە، بەڵکو چاویان لە شارێکی مۆدێرن بووە، هەر لە سەرەتاوە گرنگی زۆریان بە مزگەوت دروستکردن داوە، کە ئەو سەردەمە مەڵبەندی خوێندەواری و زانست بووە. 
لە سەردەمانی پێشوودا یەکێک لەو خاڵانەی بۆ زانینی رادەی پێشکەوتوویی شارەکان لێیروانراوە، بوونی گەرماو بووە، هەر شارێک گەرماوی زۆر تێدابووبێت بە شارێکی پێشکەوتوو دانراوە، سلێمانیش لەگەڵ دروستبوونیدا چەند حەمامێکی تێدا دروستکراوە، جگە لەوەش ئاوەڕۆیان بۆ دروستکردووە کە بۆ ئەو سەردەمە زۆر نوێ بووە.
ئاوەدانی و بوژانەوە
لە سەردەمی ئێستا و لە سایەی حکومڕانی کوردیدا، سلێمانی ئەوەندەی کرابێت هاوشانی شارەکانی دیکە، ئاوەدانی و بوژانەوەی پێوە دیارە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سایەی سیاسەتی جیاکارییەوە سلێمانی پشتگوێخراوە و وەک پێویست گرنگیی پێ نەدراوە. 
زانکۆی سلێمانی کە لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال بنیاتنراوە، بۆ ئەوکاتە گرنگترین دەستکەوت بووە.
سەڕەڕای پەراوێزخستنەکان، هێشتا سلێمانی لە لووتکەدایە، رەنگە سەنگی سلێمانی لە بڕیاردانی هەڵبژاردنەکاندا، کە تائێستاش رۆڵی سەرەکی هەیە لە بڕیاردان لە جۆر و شێوازی ئەنجومەنی نیشتمانی، باشترین بەڵگە بێت بۆ پێگەی سلێمانی.

سلێمانی، پێشەنگی تەریقەت و بیناسازی و ئابووری و شارستانی

وتارەکانی نوسەر