گرنگیی خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لەنێو ژینگەی پەروەردە و خوێندنی باڵادا

10:02 - 2024-11-18
پ.د. نەهلە محەمەد
389 خوێندراوەتەوە

پ.د. نەهلە محەمەد

ژیانی رۆژانەی خوێندکاران زۆرتر لەژێر کاریگەریی میدیا و تەکنۆلۆژیادایە، هەربۆیە پێویستە خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لە پەروەردە و پێگەیاندنی خوێندکاراندا بەشێکی بنەڕەتیی بێت

رۆژی یەکشەممە (3ی تشرینی دووەمی 2024) دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژینەوەی زانستیی، میوانداریی سیمنارێکی ناوازە و گرنگی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس- ی کرد کە بە ناونیشانی «خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لەنێو ژینگەی پەروەردە و خوێندنی باڵادا» بوو.
لەو سیمنارەدا باس لە گرنگیی و کاریگەرییەکانی خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لە پڕۆسەکانی: فێرکردن، وانەوتنەوە و توێژینەوەی زانستییدا کرا. هەروەها دەرفەت و ئاستەنگەکانی گەشەپێدانی ئەم بوارە لە وڵاتانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات و کوردستانیشدا خرانەڕوو.
رۆڵی لە ژینگەی پەروەردەدا
هەڵبەت خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی رۆڵێکی گرنگی لەنێو ژینگەی پەروەردە و خوێندنی باڵادا هەیە، بەتایبەت لەم چەند روانگەیەی خوارەوە:
1. پەرەپێدانی توانای شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانیاریی، چونکە خوێندکاران، پێویستە توانای بەرزتریان لە تێگەیشتن، شیکردنەوە و بەهادانانی زانیاریی و پەیامە میدیاییەکاندا هەبێت کە لە ژینگەی راگەیاندن و تەکنۆلۆژیادا بەدەستیان دەگەن. ئەمەش لە کار و چالاکیی رۆژانەیاندا یارمەتی خوێندکاران دەدات.
2. بەرزکردنەوەی توانای رەفتار و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی، چونکە خوێندکاران پێویستە توانای دروست بەکارهێنانی میدیا و تەکنۆلۆژیایان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و پەیوەندییەکانیاندا هەبێت. ئەمەش یارمەتی خوێندکاران دەدات بۆ پەیوەندییکردن و هەڵسوکەوتکردنی دروست و بەرپرسیارانە لەنێو کۆمەڵگەدا.
3. پەرەپێدانی ئاڕاستەی دژە هاوسەنگیی و ئاڵۆزیی، چونکە خوێندکاران پێویستە توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانەیان بەرانبەر پەیامە میدیاییەکان و پەیوەندیی نێوان ئەوان و کۆمەڵگە هەبێت، ئەمەش یارمەتی خوێندکاران بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و دادپەروەر دەدات.
4. پەرەپێدانی بەهرە هاوبەشەکان لەنێو ژینگەی فێرکردندا، چونکە بەهرە هاوبەشەکانی وەک: کارکردن لەگەڵ دەستەی کار و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و تێگەیشتنی دیالۆگ پەرەپێدەدەن. ئەمەش بۆ ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ چالاکییەکانی داهاتوو و کارکردنی ژیانی رۆژانەیان زۆر گرنگە.
گرنگیی ئەم بابەتە بۆ خوێندکاران
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەم بابەتە بۆ خوێندن و پەرەپێدانی خوێندکاران لە زانکۆ و قوتابخانەکاندا زۆر گرنگە، بەتایبەت لەم چەند روانگەیەی خوارەوەدا:
* ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ ژیانێکی لێوان لێو لە میدیا و تەکنۆلۆژیا، چونکە ژیانی رۆژانەی خوێندکاران زۆرتر و زیاتر لەژێر کاریگەریی میدیا و تەکنۆلۆژیادایە. هەربۆیە پێویستە خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لە پەروەردە و پێگەیاندنی خوێندکاراندا بەشێکی بنەڕەتیی و رێکخراوبێت.
* پەرەپێدانی بەهرە بنچینەییەکان، توانای تێگەیشتن، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانیاری میدیایی، رەفتاری کۆمەڵایەتیی و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، بەهرە بنچینەییەکان بۆ کار و ژیانی رۆژانە پەرەپێدەدات. بە دڵنیاییەوە ئەو بەهرانەش بەهۆی خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵییەوە پەروەردە دەکرێن.
*هاوسەنگیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، چونکە خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی خوێندکاران لەسەر راگرتنی هاوسەنگیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ئاگادار دەکاتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە خوێندکاران بتوانن ببنە شارەزا و سەرکردەی لێوەشاوەی داهاتوو. 
لەو سۆنگەیەوە پەرەپێدانی خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی لەنێو سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵادا رۆڵێکی چالاک و بنەڕەتیی بۆ ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە و پاڵپشتیکردنی شارەزایان و نەوەکانی داهاتوو دەڕەخسێنن، هەربۆیە پێویستە زیاتر و زووتر خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی بکرێنە بەشێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی قوتابخانە و کۆلێژ و پەیمانگەکاندا، تا خوێندکاران بۆ ژیانی داهاتوو هەروەها بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و دادپەروەر ئامادە بکەن. لێرەشەوە سیمناری هاوشێوەی سیمنارەکەی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس بۆ منداڵ و دایباب و دادەکانی باخچەی ساوایان و نێوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکانی دیکەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگ و پێویست و هەنووکەیین.

وتارەکانی نوسەر