و: فەرید دڵشاد
ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا سێبەرێكی بەسەر كوردەكانی سوریادا، بەسەر چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و باڵە سەربازییەكەی (هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە) کێشاوە، لەوەش زیاتر دوای ئەوەی (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ناوچەكانی نفوزیان لە باكووری رۆژهەڵاتی ناوچەكە كرد، هەروەها دوای ئەوەی ناوەڕاستی ئەم مانگە سوپای ئەمریكا بارەگای گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانی لە رۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان كرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ سوپای سوریا لە ناوچەكانی پارێزگای دێرەزۆر لە رۆژهەڵاتەوە.
ئەنقەرە لە دۆخێكدا نییە
رۆژنامەنووس شیروان یوسف، بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی دیفاكتۆ كە گۆڤارێكی ئەلیكترۆنی و پلاتفۆرمێكی گفتوگۆیە باسی لەوە كردووە، هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، نوێ نین و دوورن لە جێبەجێكردنەوە، چونكە ئەنقەرە لە دۆخێكدا نییە هێرشی زەمینی دەستپێبكات، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە غەززە، بەیروت، تەلئەبیب و تاران روودەدەن، زلهێزەكان رێگە بە كردنەوەی بەرەی دیكەی شەڕ نادەن بە تایبەت ئەمریكا و روسیا.
هەرچەندە توركیا لەماوەی ساڵانی رابردوودا سێ ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باكووری سوریا ئەنجامداوە، هەر ئۆپراسیۆنێك بووەتە هۆی نانەوەی پشێوییەكی زۆر و شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەبوون، كە وڵاتانی ناوچەكە بە گشتی بەرگەی ناگرن، نەك سوریا، لوبنان، ئوردن و عیراق، جیا لەوەش رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان لە نێوان ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ و توركیا هێشتا كارایە، هەروەها ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێك لەلایەن توركیاوە، لەبەرامبەردا هەسەدە بە بەرخۆدانی بێ وێنە وەڵام دەداتەوە، چونكە ئێستا هێزەكانی هەسەدە خاوەنی سوپایەكی بەهێز و چەكی پێشكەوتوون، كە لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان كەوتووە.
هەسەدە ناتوانێت بێدەنگ بێت
بەراء سەبری، توێژەرێكی كورد كە بەشدارە لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك دەڵێت، ئەوەی لە كوردەكانی سوریا و دەسەڵاتدارانی ئیدارەی خۆسەر و هێزەكانی هەسەدە داواكراوە ئەوەیە كە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوبەشەكەیان بە تایبەت واشنتۆن بکەن، و سروشتی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دیمەشق و مۆسكۆ دیاری بكەن. دەشڵێت هەسەدە ناتوانێت بێدەنگ بێت بەرامبەر دەستدرێژییەكانی توركیا، چاوەڕێی هەڵوێستن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، چونكە توركیا ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا بەكاردەهێنێت بۆ هێوركردنەوەی شەقامی توڕەی توركیا و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانی، لە كۆتایی مانگی رابردوودا، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریی، سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریكا و دەرئەنجامەكانی كشانەوەی لە ناوچەكە هۆشداریی دا. دەڵێت، ئەگەر ئەو كارە بكات ئەمریكا دەستبەجێ پێكدادانەكان سەرهەڵدەدەن، بۆشایی دەسەڵات لەلایەن ئەكتەرەكانی دیكەی وەك توركیا پڕدەكرێتەوە، ناوچەكە نوقم دەبێت بۆ پشێویی نفوزی ئێران و روسیاش بەهێزتر دەبێت، ئەگەریش زۆرە هێزەكانی سوپای سوریا هێرشبكەنە سەر ئیدارەی خۆسەریی.
ئیدارەی خۆسەر و ئەزموونی كورد
مێرڤان ئیبراهیم، نووسەری سووری تایبەتمەند لە كاروباری كورد پێی وایە، هەسەدە ئەركی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی ناوخۆیی جێبەجێ كردووە، بەرەنگاری رێكخراوە تیرۆریستی و توندڕەوەكان بۆتەوە، هێزەكە لە پێكهاتەی عەرەبی خەڵكی ناوچەكە پێكهاتووە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەر تۆمەتباری دەكەن بە پلاندانان بۆ جیابوونەوە، هەربۆیە ئەنقەرە خوازیاری رێككەوتنە لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە پرسی كورد، چونكە خەمی سەرەكیی ئەنقەرە كۆتاییهێنانە بە ئیدارەی خۆسەر و ئەزموونی كورد لە سوریا، چونكە پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییەكەی.
لەلایەكی ترەوە هەندێك پێیان وایە كێشە لە دەستووری سوریادا هەیە، دەستوور نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی چینێكی دیاریكراو دەكات و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی سورییەكان ناكات، دیمەشق رازی نییە هیچ گۆڕانكارییەك لە دەستووردا بكرێت و بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانەدا ناكات كە چارەسەر بكرێت. دیمەشق پێی وایە ئیدارەی خۆسەری، یاخیبوون و دەبێت سەركووت بكرێن، بەوەش هەندێك پێكهاتە لە سوریادا هەن وەك كورد كە دەبێت لە دەستووری سوریادا گوزارشیان لێ بكرێت، دەرفەتێكیش هەیە بۆ گوشارخستنە سەر حكومەتی سوریا بۆ ئەوەی رازی بكرێت، ئەوەش لە رێگەی دیالۆگی سوری- سوری بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە تێپەڕێت.
سەرچاوە/ الشرق الاوسط