کوردستانی نوێی هەولێر

12:49 - 2024-11-27
مەسعودی مەلا هەمزە
161 خوێندراوەتەوە


دەرچوونی ژمارەی یەکەمی پاشکۆی کوردستانی نوێ-هەولێر، دەنگدانەوەی جیاوازی لەنێو رۆشنبیران و خەڵکی هەولێردا دروستکرد، بەشێک لە رایەکان پێی دڵخۆشبوون و هەندێکیش پێیانوابوو، 4 لاپەڕە بۆ هەولێر کەمە و دەبوو 8 لاپەڕە بێت، کەسانێکیش هەبوون چەقۆکەیان تیژتر بوو، دەیانگوت عەیبە بۆ هەولێر پاشکۆ دەربکەن و دەبێت راگەیاندنی یەکێتی لە هەولێر رۆژنامەیەکی تایبەت بەهەولێر دەربکەن، رایەکی دیکەش هەبوو، کە هەفتانە ژمارەیەکی رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە هەولێر دەربچێت. 
هەموو رایەکان ماقووڵ و جوانن، گرنگ ئەوەیە هەموویان لە خەمی ئەوەن، هەولێر بایەخی زیاتری پێ بدرێت و رۆژنامەی تایبەت بەخۆی هەبێت، یان پاشکۆکەی فراوانتر بکرێت، بەڵێ راستە و ئێمەش هەمان رامان هەیە و زیاتریش، بەڵام چۆن و کەی!
بە سوپاسەوە رۆژنامەی کوردستانی نوێ، بەهاوکاریی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاری ئەو دەستپێشخەرییەیان قبوڵکرد و هەفتانە پاشکۆیەکی چوار لاپەڕەیی دەردەکەین، ئامانجمانە ئەم پاشکۆیە ببێتە سەکۆی هەولێرییەکان و نووسەران و رۆشنبیرانی هەولێر و تیایدا بنووسن و تەعبیر لە ئێش و ئازاری هەولێر بکەن، خەمەکانی خۆیانی تیاتۆماربکەن و پاشکۆکە ببێتە وێستگەی قەڵەمە نازدارەکانی هەولێر.
ئامانجمانە ئەم پاشکۆیە فراوان بکەین و پێشتان دەڵێین ئەم پاشکۆیە لە ئێوەوەیە و بۆ ئێوەیە، با هەموومان پێکەوە تێیدا بنووسین و فراوانی بکەین، ئەوسا هەموو رایەکان مایەی ئیش لەسەر کردنن.
لە هەموو کارێکدا نیەت گرنگە، ئێمە لە راگەیاندنی یەکێتیی نیەتمان ئەوەیە و ئامانجمانە هەولێر لە لووتکەدا بێت و بایەخی زۆری پێ بدەین، ئەم پاشکۆیە هەنگاوی یەکەمە و هەموومان پێکەوە بەرەو فراوانترکردن و گەشەپێدانی زیاتری هەوڵ بدەین.

وتارەکانی نوسەر