بەڕاست سلێمانی بەو شێوەيەیە؟

07:21 - 2024-11-29
ئارێز عەبدوڵڵا
79 خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵڵا

ماوەيەکە، رۆژانە لە کەناڵە ميدياييەکان و سۆشيالميديا، توانج و بزڕکاندنی بن لێوانی هەندێ لە بەرپرسە باڵاکان و شرۆڤەکارانی سياسی پارتی بە شێوازێکی تۆکمە ئەم هەواڵانە لەسەر سلێمانی دەبيسين:
- سلێمانی بووەتە ناوەندێکی بەرهەمهێنان و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان!
- ⁠سلێمانی بەشێکە لە بەرەی مقاوەمەی ئێران و شيعە دژ بە ئيسڕائیل!
- ⁠بنکە و بارەگاکانی pkk بە ئاگاداری دەسەڵاتی ئەوێ لە سلێمانين و چەکدارەکانيان تەراتێنی تيادا دەکەن!
ئەوانە و چەندين بابەتی تر، ئەمە لە لايەک بەئاشکرا و لە لايەکی ديکەشەوە وەکو زانراوە  لە کەناڵە ديبلۆماسييەکان و راپۆرتە هەواڵگريیەکانيش لەو بارەيەوە هەر مەپرسە چ باسە!
 ئەرێ گەلۆ بەڕاستی وروژاندنی ئەو بابەتە هەستيارانە هيچ بنەمايەکيان هەيە، ياخود لە بەرژەوەنديی گشتيدان؟!

ئەگەر بنەمايان هەيە، پێويستە بەڵگە و راستييەکان بخەنەڕوو تا ئێمەش قسەی خۆمان هەبێت، ئەگەریش بێ بنەمان، دەپرسم ئايا ئامانج لەو هەڵمەتە مەترسيدارە چيیە؟
با من روونتر قسە بکەم: ديارە، کە هەڵمەتەکە لە لايەن پارتيیەوە دژی يەکێتی دەکرێ، بەڵام، ئەوەی جێگەی سەرنجە هەموو پارێزگای سلێمانی پێدەسوتێنێ!
دووبارە دەپرسمەوە ئەگەر بەڕاستی ئەو شتانە راستن ،چۆن پارتی رايدەگەيەنێ کە ڤيتۆی بۆ بەشداريکردنی هيچ لايەک لە کابينەی داهاتوودا نييە؟
ئەگەر يەکێتی بەو شێوەيە بێ، کە باسی دەکەن چۆن حکومەتی لەگەڵ پێکدێنن؟
 لەبەرئەوەی پارتی زۆرينەی کورسيیەکانی پەرلەمانی بەدەست نەهێناوە،  مافی ڤيتۆ و ميتۆی نييە، بەڵام ئاشکرايە هێزی يەکەمە و سەری زمان و بنی زمانیيشی نەتەوە و نيشتيمانپەروەريیە، کەچی دێ بۆ لێدانی رکابەرە سياسيیەکەی نيوەی ئەم هەرێمە لەبەرچاوی دۆست و دوژمنان ناشيرين و رەش دەکات!
ئايا ئەو هەڵمەتە هەروا لە خۆڕاييە؟
من وايدەبينم کە هەڵمەتەکە ناڕەوا و دژ بە بەرژەوەندیی باڵای نيشتمانە، بەڵام مەرامێکی لە پشتە.

وتارەکانی نوسەر