کەرکوکیانە

كه‌ركوك و نیازه‌ تاریكه‌كان

09:53 - 2024-12-03
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
41 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

ئێمه‌ له‌ كه‌ركوك پێویستمان به‌وه‌یه‌، كه‌مێك ته‌نها كه‌مێك به‌ ئاوه‌زه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كان بكه‌ین، هه‌نگاوی خۆمان وهه‌نگاوی ئه‌وانی تر، كه‌مێك له‌ نیازی شكاندن و ناشرین كردن و وێرانكردنی یه‌كتر دوور بكه‌وینه‌وه‌ و بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چۆن ده‌توانین هاوكاری یه‌كتر بین، هاوكاری به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیش له‌ مندا شك ده‌به‌ی، كێماسیه‌ك، یان ناجۆریه‌ك لێم نه‌كه‌ی به‌ گاڵه ‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ی كه‌ تێمبه‌گه‌یه‌نی ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌و راسته‌كه‌ به‌م جۆره‌ی دیكه‌یه‌، كورده‌كه‌ له‌ كه‌ركوك به‌ تایبه‌ت كورده‌ به‌ ناو سیاسیه‌كه‌، یان گیرۆده‌ی ئایدیۆلۆژیه‌كه ‌له‌ بری هاوكاریكردنی یه‌كتر، هێشتا خه‌ون به‌ كه‌وتنی هاوزمانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بینێت، له‌ دوای دانانی پارێزگاره‌وه،‌ زه‌قتر درك به‌و جۆره‌ ناجۆریه‌ی نێوان كورده‌كه‌ خۆی ده‌كرێت، له‌ كاتێكدا ده‌بوو وانه‌بوایه‌، رێگه‌ی راست ئه‌وه‌ بوو، لانی كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ كاتێكدا پارله‌مان بوونی نییه‌، چه‌ند جارێك له‌ ته‌ك پارێزگاری نوێی كه‌ركوك دا دانیشتبان، نه‌ك به‌و جۆره‌ی ئێستا، كه‌ هێشتا گره‌و له‌ سه‌ر كه‌وتنی ده‌كرێت و میدیاش به‌و جۆره‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت كه‌ له‌مپه‌ڕ و به‌ربه‌ستی بخرێته‌ به‌رده‌م .
له‌ كه‌ركوك ناجۆری و ناسازییه‌كان به‌ جۆرێكی زۆر نا ئاوه‌زین، كاتێك من بۆ ماوه‌یه‌ك بوومه‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی پارله‌مانی كوردستان، له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا، هه‌وڵمدا ئه‌و نوسینگه‌یه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌هێز نیشان بده‌م و به‌ كه‌مترین ده‌سته‌وه‌ كاری باشمان كرد، كورده‌ حه‌یاته‌كه‌ی خۆمان، كورده‌ كه‌ركوكییه‌كه‌ به‌رله‌وی تر كه‌وته‌ وێزه‌مان، ئێمه‌ به‌ هه‌نگاوی دروست ته‌ڵه‌ی ئه‌وانی ترمان ته‌قانده‌وه ‌و په‌ره‌مان به‌ كاره‌كانمان دا، به‌ڵام ته‌ڵه‌ی خۆمان له‌ دژی خۆمان مه‌ترسیدارتر بوو، ئێمه‌ ویستمان كارێكی باش بكه‌ین ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌یان لێگرتین، له‌وانه‌ی كه‌ كرانه‌ گژ ئێمه‌دا دواتر گه‌نجێك دره‌نگتر له‌ رووداوه‌كان به‌ شاهیدی چه‌ند كه‌سێك هاته‌ لام و وتی ناهه‌قی زۆرمان به‌رانبه‌ر كردن، ئەوەمان پێمان كرا، كێشه‌ ئه‌و پێكرانه‌یه‌، ئایا‌ ناكرێت من خۆم له‌سه‌ر پێی خۆم بوه‌ستم و به‌دارشه‌قی ئه‌وی تر به‌ پێوه‌ نه‌بم.
ده‌بێت كورده‌كه‌ی كه‌ركوك، كارێك نه‌كات كه‌ دواتر بڵێت پێیان كردم و نابوو به‌و جۆره‌ بێت، من ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی نوسینگه‌ی پارله‌مان، رووداوه‌كانم هێشتوه‌ته‌وه‌ بۆ كاتی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كورده‌كه‌ خۆی بڵێم بۆ ئه‌وه‌تان كرد، ده‌ستكه‌وتی كورد چییه‌ له‌وه‌ی پارێزگاره‌ كورده‌كه‌ شكست بێنێت، یان له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان عه‌ره‌ب و كورد وانیشان بدات، مادام خۆی به‌شێك نییه‌ لێی كه‌واته‌ خیانه‌ته‌و‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی جاشێتییه‌وه‌، رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌ گیانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ بدرێت و لێبورده‌یی جێگه‌ی رق و كینه‌ بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌مێك قوربانیدانیشی تیابێت كارێكی باشه‌ یان خراپ؟، ده‌كرێت كه‌مێك ئاوه‌زییانه‌ سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نا كه‌ چاومان له‌ كه‌موكورتییه‌كان بنوقێنین نا، به‌و مانایه‌ی با هاوكار بین بۆ نیشاندانی كه‌موكورتییه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

وتارەکانی نوسەر