راست دەکەن ئێمە خەتای خۆمانە

10:21 - 2024-12-05
هیوا محەمەد
397 خوێندراوەتەوە

لە دێر زەمانەوە هیچ کەس ئارەقی نەڕشتووە و ماندوو نەبووە بۆ کەسێکی تر بێ بەرامبەر، تەنانەت لە پێش پەیدابوونی دراو، کەسەکان بۆ درێژەدان بە ژیان، خواردەمەنییەکانیان گڕیوەتەوە، بۆ نموونە مریشکێک بە بڕێک ئارد. یان گەنم بە نۆک و ...هتد
لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەدا و بەو هەموو دەوڵەمەندییەی ئەم وڵاتەی ئێمەی تیادا دەژین، کەچی چەندین ساڵە مووچەی خەڵکی ئەم هەرێمە بە دەیان بیانوو دەبڕدرێت و دەدزرێت لەلایەن گروپێک لە کەسانی مشەخۆری دەسەڵاتدار لەم هەرێمە.
هەوڵی زۆر درا بۆ راستکردنەوەی مووچە و لەکاتی خۆیدا، بەڵام کە دەگاتە لای( سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیرە داراییەکەی) کە تەنها لەدەسەڵاتی ئەواندایە کاری تیادا بکەن، رادەگیرێت و دوادەخرێت یان لێی دەبڕدرێت.
ئەگەر حکومەت لە خزمەتی خەڵکدایە بە راستی، دەبوو ئەو ملیارە دینارانەی لە بەغداوە دەنێردرێت بۆ بانکی هەرێم، دواینەخات و لە وەزارەتەکانەوە دەست پێبکات تا بڕە پارەکەی تر دێت، بەم شێوەیەش هەموو مووچەخۆران پێکەوە مووچەکەیان دوانەدەکەوت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ و کاسپکاران نەدەبوو.
ئەوان ئەو پارەیە لە بانکدا چەند رۆژێک دەهێڵنەوە و بازرگانیی پێوە دەکەن ئەوجار دەیدەنە مووچەخۆران.
دەزانین لەم هەرێمە دامەزراندن نییە، کەچی هەموو مانگێک هەزاران کەس زیاد دەکرێت بۆ سەر لیستی مووچە و دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق، ئەوانیش تووشی شۆک دەبن و دیسان دەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوە و بە دواداچونی بۆ دروست بکەن تا دەگەنە راستییەکان.
بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت بەغدا پابەند بێت بە ناردنی مووچە لەکاتی خۆیدا، بەڵام بەمەرجێک هەرێمیش داهاتەکانی خاڵە سنوورییەکانی بنێرێت و بیخاتەڕوو، ئەمانیش پابەند نین بەوەوە، هەر بۆیە وەزارەتی دارایی عیراق، کەمتر لە پارەی پێویست دەنێرێت، پێیوایە دەیان ملیار دینار داهاتی هەرێم خۆیەتی و دەبێت بیخاتەڕوو.
جا لێرەدا لەلایەن بەغداوە پرسیارێکمان لێدەکرێت و دەڵێن: ئێوە بۆ ناچن لە حکومەتەکەی خۆتان بکۆڵنەوە و بزانن بۆچی هەموو مانگێک ئەم کێشەی مووچەیە دروست دەبێت؟ ئەگەر گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە پێتانوایە حکومەت گەندەڵە، بۆچی قبووڵی دەکەن بەردەوام بێت؟
بە راستی پرسیارێکە لە جێگەی خۆیدایە و پڕ مانایە، ئەم هەڵەیەی ئێمەی گەیاندە ئەم ئاستەی هاتنی مووچە بە هەواڵی بەپەلە بزانین، ئەم حکومەتەیە کە گوێ ناداتە هیچ سکاڵا و دەردی هاووڵاتییان و بێباکانە وەک رانەمەڕ دەمانداتە بەر.
هاووڵاتی چی بکات؟ تەنها دەبێت بە خەجاڵەتییەوە بە بەغدا بڵێت راست دەکەن ئێمە خەتای خۆمانە!.


وتارەکانی نوسەر