تا سەر ئێسقان لەگەڵ هەر مووچەخۆرێکم لەبەرامبەر زەوتکردن و دواخستن و لێبڕینی مووچەکەی بە هەموو جۆرەکان ناڕەزایی دەرببڕێت، دوور لە توندوتیژیی.
کارمەندانی هێڵی شەمەندەفەر لە وڵاتێکی ئەوروپی بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانیان، سەعاتێک مان دەگرن و حکومەت ناچار دەکەن بێتە سەر خەت و وەڵامیان بداتەوە، بێئەوەی کەس خوێن لە لووتی بێت.
ئێمە هەموو حزبییەکانی ئەم کوردستانە، دەبێت خۆمان و حزبەکەمان بخەینەگەڕ بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و بەرەو پێشبردنی، ئەگەر ئەمە نەکەین، ئەوا درۆ لەگەڵ بەرنامە و خەباتی حزبەکەمان دەکەین.
هەرێم لە راستیدا دابەشبووی دوو زۆنە، بەڵام لە زۆنی هەولێر و دهۆکدا کە حکومڕانییەکە لەوێیە، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەرێم لە دۆخی بەردەوامی تاکڕەوی و رەتکردنەوەی غەیرە خۆیان و ناشەفافیی لە داهات و رۆیشتوو و هاتوودایە.
بەردەوامیی کێشەی مووچە و دوا لێدوانی سەرۆک وەزیرانی عیراقی فیدراڵی بەوەی کە حکومەتی هەرێمی تاوانبار کرد، ئیتر شتێک بۆ موجامەلەی حکومەتی هەرێم نامێنێت و هۆکار ناشەفافی واتا لادانی نایاسایی لەو بڕە پارەیە هەیە کە دەنێردرێت بۆ مووچە.
کەواتە مووچەخۆرانی هەرێم و ئەوانی دیکەش، ئێستا دڵنیا بوون لەوەی کە خەتای حکومەتی هەرێمە کە دۆخی مووچەخۆران بەم شێوەیەی لێهاتووە، بۆ راگرتنی ئەمەش دەبێت ئێمەی هاووڵاتییان چی بکەین؟ باشترین شوێن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی پایتەختی هەرێم و بەتایبەتییش بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانە، پێویستە لەسەر هاووڵاتییان، بەتایبەتی لەو لایەنانەی لە دەرەوەی پارتین (وەک دەسەڵاتی تاکڕەو) لەبەردەمی بینای ئەنجومەنی وەزیران گردببنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و لەگەڵیشیدا بایکۆتی دەوام بکەن، تا ئەو کاتەی کە حکومەت پابەند دەبێت و بە یەکجاریی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و چیدی خەڵک نەکاتە قوربانیی چاوچنۆکیی خۆی و تەماع کردنە مووچە و لەو رێگەیەوە پارە بەدەست بێنێت بە نایاسایی.
لادانی بڕە پارەیەک لە مووچەی خەڵک، یان نەناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا، تا ئەو بڕە پارەیەی مووچەی پێ پڕبکەنەوە، تاوانێکی گەورەیە و مانگانە سەدان هەزار مووچەخۆری پێ بێبەش دەکرێت، ئیتر بەسە، بایکۆت لە سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆکیش سوودی نییە، هێندەی لە هەولێر سوودی دەبێت لەبەردەم باڵەخانەکەی سەرۆکی حکومەت.