پسپۆرێکی ستراتیژیی روسی بەناوی ماتازۆف بۆ کەناڵی(العربیة الحدث) دەڵێت: لە رۆژئاوا دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت
لە مۆسکۆش لەسەر باڵەخانەی سەفارەتی سوریا ئاڵای هەیئەی تەحریری شام لە جێی ئاڵا کۆنەکەی سوریا دانرا
کە دەڵێن لە سیاسەتدا هەموو شت رێی تێدەچێت ئەمەیە، هەفتەیەک لەمەوپێش سوریا لەلایەن روسیا و ئێرانەوە پشتگیریی دەکرا، ئەسەد ملی بۆ هیچ دانوستانێک نەدەدا، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ چ لەگەڵ درواسێکانی، کەچی لەپڕ هاوکێشەکە گۆڕا، ئەسەد بەرەو روسیا رۆیشت و ئێرانیش رۆڵی سەربازیی خۆی کۆتایی پێهێنا و دەڵێت هەوڵ دەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتە نوێیەکە باش بێت.
روسیاش لە بنکە سەربازییەکانی حومەییم ماوەتەوە و بوونیشیان لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا هەر لە مێژە هەیە و دەمێنێت.
هەریەک لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەکەن کە ناوی هەیئەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر دەربێنن، واتا دانیشیان پێدا دەنێن. فەرەنساش هەمان رای ئەوانی هەیە و دەڵێت بەم زوانە وەفدێکیش دەنێرن بۆ سوریا.
چینیش ئەو گۆڕانکارییە بە ئاسایی دەبینێت و دەڵێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی هەردوولا پەیوەندیمان لەگەڵیان دەبێت، وڵاتانی عەرەبییش تێکڕا پێشتر بایکۆتی حکومەتەکەی ئەسەدیان کردبوو، ئێستا پێیانوایە ئیتر دەرگایان واڵا دەبێت بۆ درێژەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێ، بەڵام ئەوەی کە بەدڵییان نییە ئەوەیە کە رۆڵی تورکیا زیاد لە پێویستە و زۆرێکیش لە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا رژاونەتە ناوەوە و دەستیان بە ئاژاوە نانەوە کردووە و لە مەنبجیش لەگەڵ کوردەکان لە شەڕی گەرمدان.
بۆچوونییان لەیەکەوە نزیکە
بۆچوونەکان لەسەر سوریا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، ئیسرائیل هەڕەشە دەکات و بەردەوامیشە لە لێدان و بۆردومانکردنی سەربازگەکانی سوریا، بەتایبەتی لە دەروروبەری دەرعا، ئەمە لەکاتێکدا ئیتر ئەم سوپایە هی سوریایە و سەر بە رژێمەکەی ئەسەد نییە، بەڵام بە پێی لێدوانی وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل، ئەوان لەو سەربازگانە دەدەن کە چەکی قورسیان تێدایە تا نەبنە مەترسی بۆ سەر ئەمنی ئیسرائیل، چونکە ئەمان سوودمەندی یەکەمن لەوەی حکومڕانییەکی 45 ساڵە لە تەنیشتیانەوە روخا و کۆتایی بەو ململانێ دێرینە هات و ئەمڕۆش چوونە ئەو ناوچانەوە کە پێشتر ناوچەی چۆڵکراوی نێوان خۆی و سوریا بوون، بەمەش جگە لە بەرزاییەکانی جۆلان چەند شوێنی دیکەشی خستە ژێر دەستی خۆیەوە، رەنگە ئەمەی ئیسرائیل لەوەوە هاتبێت کە پێیوابێت هەر لایەنێك حکومڕانیی بکات، بەتایبەتی وەک هەیئەی تەحریری شام، بەردەوام دەبن لە کێشە و ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام نەک وەک هەفتەیەک لەمەوبەر و رژێمەکەی ئەسەد.
هەموان پێیان باش بوو ئەسەد نەمێنێت
پێشوازییەکانی زلهێزەکان لەم گۆڕانکارییەی سوریا، ئەوە دەگەیەنێت، کە هەموان کۆک بوون لەسەر ئەوەی مانەوەی ئەو رژێمە تابێت شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام ئاسانیش نییە بۆ روسیای زلهێز بێ ئەوەی پشکێک بۆخۆی بەدەستبێنێت، ناوچەکە چۆڵ بکات، هەر ئەمڕۆش لە مۆسکۆ لەسەر باڵەخانەی سەفارەتی سوریا ئاڵای هەیئەی تەحریری شام لە جێی ئاڵا کۆنەکەی سوریا دانرا.
دەڵێن لەوێ دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێت
لەلایەکی ترەوە، پسپۆرێکی ستراتیژیی روسی بەناوی ماتازۆف بۆ کەناڵی(العربیة الحدث) دەڵێت: لە رۆژئاوا دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت، پێشتریش پوتن ئەمەی وتووە، بەڵام ئایا چۆن سەردەگرێت لە کاتێکدا تورکیا رێگری سەرەکییە و ئەمریکاش هاوپەیمانی کوردە لەوێ و روسیاش ئەو بۆچوونەی هەیە بێ ئەوەی بڵێن بە پشتی کێ دروستدەبێت؟ گۆڕانکارییەکان خێران، چاوەڕێین بزانین بە چ ئاراستەیەک دەچێت و لە کوێدا ژیریی سیاسیی بەکار دێت تا ئەم وڵاتە نەبێتە شوێنی پێکدادانی ئاراستە جیاجیاکان و زیاتر کاول ببێت.
رزگارکردنی سوەیدا تەسلیم بوونی دیمەشقی ئاسان کرد