هـێزی نه‌رم

هێزی نەرم خەیاڵە یان واقیع

10:08 - 2024-12-16
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
679 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 


شاعیری نوێگەری شیعری کوردیی عەبدوڵڵا گۆران، لە زۆربەی شاعیران باشتر، لە ئاوێتەکردنی خەیاڵ و واقیعدا دەستێکی باڵای هەبووە، تەنانەت خۆی لە هەندێ شیعریدا ئەو داوە بارییکەی نێوان واقیع و خەیاڵی لێ تێکچووە و پرسیاری لە خوێنەرەکانی کردووە تا پێی بڵێن کامیان راستییە و کامیان خەونە، بۆ نموونە لە شیعرێکیدا دەڵێت:
خەوە، خەیاڵە، عەردە، بەهەشتە؟
هەڵپەڕکێی ژنە، یان هی فریشتە؟

ئەم دوو دێڕە کە مۆرکێکی تەواو کوردانە و شەش پرسیاری سەرسامانەی تێدایە، دەیەوێت یەکێک بیهێنێتە دەرەوە لە حەپەسانەکەی و پێی بڵێت ئەو دیمەنەی بەر دیدەی، خەیاڵە یان راستەقینەیە. هەر گۆران لە شیعرێکی دیکەی بەناوبانگیدا وتوویەتی:
هەر چەند دەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم
بۆ چی وەها دوورن لە یەک؟ نازانم
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!

لێرەدا شاعیر دەمانبات بۆ ئەو خاڵەی مرۆڤ دەستەوەستانە لە گواستنەوەی خەیاڵەکانی بۆ سەر زەویی واقیع، ئەوەی زمان و قەڵەم دەیڵێن تەواوی ئەو هەستانە نین کە لە دەرووندان، واتە هەردەم خەیاڵ فراوانتر و بەهێزترە لە واقیع. ئەم لێکدانەوەیە پرسیارێکم بە بیردا دەهێنێت کە پەیوەستە بە جیهانە جەنجاڵ و پڕ لە شەڕ و ئاشوبەکەی مرۆڤەوە بەتایبەتی کە من هەموو هەفتەیەک لە رێی گۆشەیەکەوە بە خوێنەرە ئازیزەکانم دەگەم، ناونیشانی «هێزی نەرم»ی هەڵگرتووە. لێرەوە رووداوەکان دەمانخەنە بەردەم ئەو پرسیارەی، هێزی نەرم خەیاڵە یان واقیع؟ ئایا بابەتەکان لە ئەمڕۆدا بە قەناعەت پێهێنانی دوور لە تووندوتیژیی چارەسەر دەکرێن و کراون یان بە هێزی سەربازیی و تاوانی مرۆیی؟ وەڵامەکە ئەوەیە ئێمە باوەڕمان بە قەناعەت پێهێنانی نەرم و لە رێی گفتوگۆوە هەیە، ئەوەتا ماوەیەکی زۆرە هەرێمەکەیشمان کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان لەگەڵ بەغدا بە دانوستان و لێک نزیکبوونەوە دەگەیەنێتە قۆناغی بڕیار. ئەوەی لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریایش بینرا هەر رۆیشتنی مەزڵومی عەبدی کۆبانیی بوو بۆ دیمەشق و دانوستان نەک سازش کردن بوو لەسەر خاک و مەسەلەی کورد، دەرئەنجامیش ئەو لێدوانەی ئەحمەد شەرع فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکەی سوریا بوو سەبارەت بە کوردی رۆژئاڤا کە وتی: «کورد بەشێکە لە نیشتمانەکەمان، وەکو ئێمە رووبەڕووی زوڵمی زۆربۆتەوە» هەروەها وتی: «لە سوریای داهاتوو کورد بەشێکی سەرەکیی دەبێت، پێکەوە دەژین و هەموومان بەپێی یاسا مافی خۆمان وەردەگرین و کوردی عەفرین بگەڕێنەوە ناوچەکەی خۆیان»، هیوادارین ئەم قسانە کاریان پێ بکرێت و هەر لە چوارچێوەی وتەیەکدا نەمێننەوە، چونکە توندووتیژیی هەر توندووتیژیی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و مرۆڤی هاوچەرخ و سەردەمیی هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نییە مامەڵەی شارستانیی و لێک تێگەیشتن نەبێت. کورد لە هەر میللەتێک زیاتر پێویستی بە خستنەگەڕی هێزی نەرمی دبلۆماسیی و هەوڵی داهێنەرانەی ئەو بوارە هەیە، هۆکارەکانیش ئەوانەن کە خۆتان لە من باشتر دەزانن چین.

وتارەکانی نوسەر