ئایا بە مردنی كەسەكان، بیرۆكەكانیان دەمرێت؟

09:43 - 2025-05-26
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
266 خوێندراوەتەوە

لەوانەیە هەندێكتان ئاگاداری ئەوەبن رۆژی 6/5/2025 بیرمەندی ناسراو، جۆزێف نای، عەمیدی زانكۆی هارڤارد و خاوەنی بیرۆكەی (هێزی نەرم) و (هێزی زیرەك)، لە تەمەنی 88 ساڵیدا بە دڵێكی شكاوەوە كۆچی دوایی كرد. ئەو بەر لە مردنی، لە دیدارێكی (فاینانشاڵ تایمز)ی لەندەنیدا زۆر راشكاوانە وتوویەتی: « هێزی نەرم رووبەڕووی چوار ساڵی سەخت دەبێتەوە» كە مەبەستی لەچوار ساڵی داهاتووی حوكمی ترەمپ-ە و دەڵێت: «ترەمپ بەهۆی هەندێ كاری عەقاراتەوە لە نیویۆرك، دیدێكی هەڵەی سەبارەت بە دەسەڵات بۆ دروست بووە، وادەزانێت دەبێت بە زۆرلێكردن و سەفقات  كارەكان بەڕێوەببات». جۆێف نای ئەو پیاوە بوو كە تا دوا هەناسەكانی بەرگریی لە هێزە نەرمەكانی وڵاتەكەی خۆی و گەردوونیش دەكرد و پێی وابوو ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت بە بەهێزیی و پلە یەكیی بمێنێتەوە، واباشە پشت بە هێزی نەرمی وڵاتەكەی ببەستێت. زۆربەی خاوەن رێباز و بیرۆكە و بۆچوونەكان ئەوانەی ئەم دنیایەیان بەجێهێشتووە بیرۆكە گەورە و دنیابینییە ئیلهامبەخشەكانیان هەر بە زیندوویی ماوەتەوە و تا ئێستایش كاریان پێدەكرێت. تەمەنی مرۆڤ زۆر كورتە بە بەراورد بەو داهێنانە هزری و رووناكبیرییانەی جیهانی پێ رازاوەتر و مێژووی مرۆڤایەتی پێ دەوڵەمەندتر دەكات. فەیلەسوفەكان و پێغەمبەران و سەركردە و شۆڕشگێڕە ناوازەكان، بە رۆشتنی خۆیان نەك باوەڕەكانیان لەناونەچووە و ناچێت بەڵكو جار هەیە زیاتر و باشتر كڵپەی سەندووە و بۆ ساڵان و هەندێجار چەندین سەدەیش كاریگەر و ئامادەبووە لەناو قووڵایی ژیانی خەڵك و نەتەوەكانیان و هەموو ئەوانەدا كە باوەڕیان پێی هەبووە ئینجا لە هەر شوێنێكی جیهاندا بژین. ئەوەی بیروباوەڕ و بیرۆكە داهێنەرەكان لەناودەبات مەرگی خاوەن بیرۆكەكان نییە، بەڵكو نەمانی ئەو دۆخ و زەمانە فەراهەم و گونجاوەیە كە بیرۆكەكانی تێدا گەشەدەكەن، نەمانی پاڵنەری ماددی و مەعنەوییە. با ئەوەشمان لەبیرنەچێت ئەو بیرۆكانەی كاریگەریی لەسەر تەواو زەوی و وڵات و نەتەوەكان دەخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە، ئەو كاتەی سەنتەری باوەڕ و بیرۆكەكە كار لەسەر باوەڕەكە ناكات، لە وڵاتانی دیكەیشدا گرنگیدان پێی كاڵدەبێتەوە چونكە دەوڵەتە گەورەكان دەزانن لە كوێدا و چۆن باوەڕەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاردەهێنن. لەكاتێكدا ئێمەی كورد میللەتێكین دەبێت بترسین لەوەی لە سەفقەیەك یان زۆرلێكردنێكدا، زیان بكەین. هەروەها ئەم ساردبوونەوەیەی ئەمریكا لەگەڵ (هێزی نەرم)ی جیهاندا ئەگەری شەڕ لە ئەگەری ئاشتی لەماوەی چوار ساڵدا زیاتر ناكات؟ پێم وایە بەو مەرجە نایكات، ئەگەر هەندێ لە وڵاتان لەو ماوەیەدا خۆیان بكەن بە كەڕەی شەربەت.

وتارەکانی نوسەر