لە تیپی شەهید کارزان و نووسەرانی شاخەوە تا ئەمڕۆ

09:34 - 2025-05-28
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
511 خوێندراوەتەوە

ساڵی 1981، تیپی مۆسیقای شەهید کارزان لەسەر دەستی  هونەرمەند و پێشمەرگە ئاراس ئیبراهیم لە شاخ دامەزرا. ناوی تیپەکە لەناوی یەکێ لە سێ منداڵە شەهیدەکەی تیپی مۆسیقای منداڵانی سلێمانییەوە وەرگیراوە، کە لە سیناریۆیەکی تەمومژاویی سەردەمی بەعسدا شەهیدکران، بەڵام خۆشبەختانە یەکێتی بەم هەنگاوەی بە دامەزراندنی تیپێکی مۆسیقا لە کاتە سەختەکانی خەباتی چەکدارییشدا، هونەری وەک پێگەیەکی گرنگی ژیان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەی لەئامێزگرتووە. وەک بەشێک لە بایەخدانیشی بە خواستی چینوتوێژە جیاوازەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەو سەردەمە دژوار و سەختەدا رێکخراوەکانی وەک: یەکێتیی هونەرمەندان و نووسەرانی شاخ ، هەروەها ئێزگە و دەزگای راگەیاندنی دامەزراند و چەندین بڵاوکراوەی وەک رێبازی نوێ و ئەلشەرارەی دەرکرد کە ببوون بە سەکۆیەک بۆ دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان. لەژێر بۆردومانی رژێمی بەعسیشدا، فڵچەی هونەرمەندانی نێو بارەگاکان لە تابلۆکێشان و دەنگی گۆرانیبێژەکان لە زرنگانەوە و قەڵەمی نووسەرانیش لە داهێنان نەکەوتن. 
ئازادیی رادەربڕین و رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن هەر لەسەرەتاوە یەکێک بووە لە باوەڕە نەگۆڕەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ساڵانێکی زۆر جەنگاوەرێکی وەک سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵانی لە پێناویدا جەنگاون. ئەم رێبازە، چونکە بناغەکەی پتەوە و رەگی داکوتاوە، درێژەی دەبێت و داکۆکیکاران لە ماف و ئازادییەکان و پاراستنی شکۆی گەل لەنێو سەرکردایەتیی ئەم حزبەدا هەرگیز کۆتایی نایەت.
دابینکردنی ژیان و گوزەرانی شایستە و سەربەرزانە و دەستەبەرکردنی ئازادیی کارکردن و رادەربڕین بۆ نووسەران و هونەرمەندان، لە داوا رەواکانی ئەو توێژە هوشیارەی کۆمەڵگەکەمانن و ساڵانێکی زۆرە، هەر لە سەردەمی خەباتی شاخەوە، ئەو داواکارییانە دروشمی دیاری یەکێتییە، بۆیە لەسەروبەندی نزیکبوونەوەمان لە یادی دامەزراندنی ئەم حزبە شۆڕشگێڕەدا، دەکرێ پێداگریی بکەینەوە لەسەر ئەوەی دروشمەکە زیاتر بکەینەوە بە کردار، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری توێژە هۆشیار و رۆشنبیرەکەی کوردستانی پێبکەین.

وتارەکانی نوسەر