لە کاتێکدا ناوچەکەمان لەسەر ئاگری شەڕ دەکوڵێت، گۆرانیی وتن بە باڵای ئاشتی و ئارامیدا لە دیدی زۆرینەوە بە جۆرێک لە ناواقیعی بوون سەیر دەکرێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستپێک و یەکەم سەرهەڵدانی خواستی ئاشتی لای کۆمەڵگە مرۆییەکان، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەگەر سەرەتا (شەڕ) نەبووایە، ئەوا (ئاشتی) لەدایکنەدەبوو. کەواتە هێزی ئاشتی چەند گەورە بێت لە خۆیەوە دروست نەبووە، بەڵکو وەک پێویستییەکی هەبوونی شەڕ لە رەحمی شەڕدا چەکەرەی کردووە و هاتۆتە دنیاوە. ئاشتی ئەگەر پێش شەڕیش هەبووبێت، بەڵام هەبوونەکەی بەرجەستە نەبووە تا شەڕ و ماڵوێرانی نەقەوماوە. ئەم دوو حاڵەتە بەردەوام بەدوای یەکدا رادەکەن وەک (تۆم و جێری)، هەردەم ئاشتییەک لە ئارادایە کە شەڕ پێی تێدەنێت و دەیەوێت سیما و جوانییەکانی لەناوببات، شەڕێکیش هەیە کاتێک ئاشتی دێت و دەیەوێت لەناوی ببات بۆئەوەی دنیا بگەڕێنێتەوە سەر تەرز و رووخساری ئارام و مرۆییانەی خۆی. باشترین کاری ئەدەبیی کە لەسەر ئەم دوو چەمکە (شەڕ و ئاشی) دامەزرابێت، رۆمانی (شەڕ و ئاشتی) لیۆ تۆلستۆ یە، ئەم رۆمانە بۆ زۆربەی زمانەکان وەرگێڕدراوە بێگومان بۆ زمانی کوردیش، بەڵام من ساڵانێک پێش وەرگێڕانی بۆ کوردی، وەرگێڕانە عەرەبییەکەیم خوێندۆتەوە. رۆمانەکە باسی رووسیای قەیسەریی سەدەی نۆزدە دەکات، سەروەختی هێرشەکانی ناپلیۆن پۆناپارت. بەدوای ئەم کتێبەشدا چەندین رۆمانم خوێندۆتەوە کە بەدەوری میحوەری شەڕ و ئاشتی دا خولاونەتەوە، بەڵام نەیانتانیوە وەک ئەم شاکارەبن. بێجگە لە ئەدیب و فەیلەسوفەکان، راگەیاندنەکانیش بە درێژایی مێژوویان هەوڵی پێناسەکردنی شەڕ و ئاشتییان داوە و ویستوویانە بگەنە هونەری چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ رووداوەکانی کاتی شەڕ و دەرهاویشتەکانی ئاشتی دا. میدیای کورد، میدیایەکی تا رادەیەک هەڕەمەکی و هەندێجاریش چاولێکەرە، چاو لە میدیای دەروجیران و جیهان بەگشتی دەکات. بە روونی لە هەردوو حاڵەتی شەڕ و ئاشتی-یشدا شپرزەیی پێوە دیارە، لە کاتێکدا دۆخی شەڕ وادەخوازێت کەمێک ئارام و ئەعساب ساردبین کەچی دەبینین لەو وڵاتانەی لایەنی سەرەکیی شەڕەکەن، هەندێ میدیاکارمان گەرمترن و زیاتر خۆیان شین و مۆر کردۆتەوە!
ئەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان هەر زۆر شپرزەترن، هەندێ کەس دەڵێی راسپێردراون حاڵەتێک لە تۆقاندنی خەڵکی وڵاتی خۆیان دروستبکەن. یەکێک دەڵێت وەی لەو دەنگە زلەی لە ئاسمانەوە دێت، یەکێک دەڵێت فریاکەون خواردن زەخیرە بخەن، خوا عەلیمە کەسی وەک ئەمانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیل و ئێرانیشدا نادۆزیتەوە. کەشی گشتیی خۆمان پێشوەختە ئاڵۆز کردووە، تاقیکردنەوەکانمان دواخست و مەلەفی موچەمان داخست و چاوەڕێی کەرەمی خوداین! بۆچی وا خۆمان تۆقاندووە؟ ئازیزان تکایە، کەی دووربا پریشکمان بەرکەوت، با ئەوکاتە قەڵغان هەڵبگرین و کالەوپێتاو ببەستین.