هـێزی نه‌رم

هونەری گێڕانەوەی بیرەوەریی

10:01 - 2025-06-02
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
325 خوێندراوەتەوە

نووسینەوەی بیرەوەریی، یەکێکە لە شێوازە ئەدەبییە باوەکان کە چەند جۆرێکی هەیە و زۆربەمان حەز بە خوێندنەوەی بیرەوەرییەکان دەکەین زیاتر لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب. لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە دەستم بە گەڕان بەدوای کتێبە دانسقەکانی بیرەوەریی کرد، ئەویش دوای ئەوەی لە گۆڤاری (رۆشنبیر نوێ)دا بیرەوەرییەکانی (مەسعود محەمەد)م دۆزییەوە و چەند ئەڵقەیەکم لێ خوێندەوە، هەروەها سەیری یەکێ لەو فیلمە میسرییانەم کرد کە دایکم سەیری دەکردن، فیلمەکە ناوی (الایام)بوو، لە بیرەوەرییەکانی تەها حسێن-ە وە وەرگیرابوو، ئەمەیان بیرەوەرییەکانی نووسەرێک بوو کە بە دووچاوی نابیناوە بەڵام بە هاوکاریی هاوسەرەکەی کە خەڵکی فەڕەنسا بوو، نازناوی عەمیدی ئەدەبی عەرەبیی پێ بەخشرابوو. لەو بیرەوەرییە سیاسییانەی سەرنجیان راکێشام بیرەوەرییەکانی شیڤرناتزە و (کیفاحی) هیتلەر و بیرەوەرییەکانی جیهان سادات و هیلاری کلنتۆن و لە بیرەوەرییە ئەدەبییەکانیش (ژیام بۆئەوەی بگێڕمەوە)ی گابرێل گارسیا مارکیز بوو. لەم ساڵانەی دواییدا کتێبەکانی بیرەوەریی و شێوازەکانی داڕشتنیان جۆراوجۆرن، لە نێوان بیرەوەریی بەڵگەنامەیی، مێژوویی، ژیانی رۆژانە و بیرەوەریی پیشەیی و تایبەت و زۆر رەنگ و تام و بۆنی دیکەدان. ئێستا بیرەوەرییەکانی گەلاوێژ دەخوێنمەوە و بە دیقەتی ژن سەرسامم لە ژیان و کەسەکان و رووداوەکان، لە هەمان کاتیشدا، نووسینی ژنانە بردمیەوە بۆلای کتێبێکی نەوال سەعداوی کە بیرەوەریی خۆی لە زیندان، دەگێڕێتەوە. لە بیرەوەرییەکانی ژناندا هەستکردن بە ئازاری دەوروبەر هێندەی ئازاری خۆدی نووسەر، بە گەرمیی و کاریگەریی نووسراونەتەوە.
لێرەوە ئەو پرسیارەی کاتی خۆیەتی لە خۆمانی بکەین ئەمانەن: مێژووی نووسینی بیرەوەریی لای کورد بۆ چ ساڵێک دەگەڕێتەوە؟ کۆنترین بیرەوەریی چاپکراوی کوردیی بە شێوە زارەکانی (کرمانجی ژوور و کرمانجی خواروو یان ناوەڕاست(سۆرانی)، هەروەها بە زازاکی و هتد) کامانەن؟ ئایا بیرەوەرییە ئەدەبییەکان روون و راشکاوترن یان بیرەوەریی سیاسییەکان؟ ئێمە وەڵامی هیچکام لەم پرسیارانە و پرسیاری زیاتریشمان نەداوەتەوە، تا نەوەی تازەی بواری خوێندنەوە و رۆشنبیریی بەرچاویان روونتر بێت و بزانن لە کوێوە بەدوای ئەم هونەری نووسینەدا بچن. هەمووان باسی رۆمان دەکەن و خوویان داوەتە رۆمان، وەک مۆدێلێکی ئەم سەردەمە، نەک بۆئەوەی ببن بە بەهرەمەندی ناوازەی ئەو بوارە، بەڵام ئایا ئاگاداری رەوتی نووسینی رۆمانین لە جیهاندا و دەزانین کە جۆرێک لە رۆمان خودنووسینەوە یان نووسینەوەی ئەزموونی خودییە و بە چەند مەرج و خەسڵەتێکی زۆر کەم، لە کتێبی بیرەوەریی جیادەکرێتەوە؟ لەو باوەڕەشدام ئەو پرسیارەشمان لە خۆمان نەکردووە، کە ئەو بیرەوەرییانەی تا ئێستا خوێندوماننەتەوە تا چەند خۆیان لە تابووەکانی کۆمەڵگەکانیان رزگارکردووە و راستگۆیانە و بەبێ شاردنەوە بیرەوەرییەکانیان داڕشتووە؟ دەزانم لە هیچ نووسینێکدا نابێت هەموو شت بووترێت بەڵام خۆ ناشکرێت هیچ نەوترێت. بە ئەزموونی خوێندنەوە ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، ژنان بیرەوەریی-نووسی ئازا و شەفافترن لە پیاوەکان.

وتارەکانی نوسەر