سمکۆ چنارەیی
پێویستە مامۆستا زۆر گرنگیی بە هەستی بینین بدات و بۆ زۆربەی وانەکان ئەوەی مەبەستە بۆ تێگەیشتن پیشانی خوێندکاری بدات
هەر پێنج هەستەکەی مرۆڤ، بیستن، بینین، بۆنکردن، بەرکەوتن و تام کردن، رۆڵی تایبەتی خۆیان هەیە لەناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 1965، لەلایەن ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری پەروەردەوە ئامادەکراوە، هەریەک لە هەستەکانی مرۆڤ بەپێی رێژە بەشداری دەکەن لە پرۆسەی فێربووندا، بینین %83، بیستن %11، بۆنکردن 3,5%، بەرکەوتن 1,5%، تامکردن %1.
هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا ئامادەکاران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی مرۆڤ ئەوەی فێری بووە بەم جۆرە یادی دەکەوێتەوە، بە رێژەی %10 ئەوەی کە خوێندویەتییەوە، بە رێژەی %20 ئەوەی بیستوویەتی، بە رێژەی %30 ئەوەی بینیویەتی، بە رێژەی %50 ئەوەی بینیویەتی و بیستوویەتی، لە هەمانکاتدا بە رێژەی %70 ئەوەی گێڕاوێتییەوە یان وتویەتی، رێژەی لە %90 بۆ ئەوەی کە لەکاتی کردنی کارێکی دیاریکراودا گێڕاوێتییەوە.
لەو توێژینەوەیەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەستی بینین پشکی شێری بەردەکەوێت لە پرۆسەی فێربووندا، پێویستە لەسەر مامۆستا زۆر گرنگیی بە هەستی بینین بدات و بۆ زۆربەی وانەکان ئەوەی مەبەستە بۆ تێگەیشتن پیشانی خوێندکاری بدات و دواتریش هەوڵ بدرێت بە شێوەی پراکتیکی ئەوەی کە فێرکراوە بەرجەستەی بکات، بۆئەوەی زیاتر گێڕانەوە بۆ بابەتەکان بکات و بیڵێتەوە، بەو شێوازە خوێندکارەکە ئاستی فێربوون و تێگەیشتنی زۆر بەرز و باڵا دەبێت و بۆ دوارۆژیش سوودی زۆری دەبێت بۆی.
هەروەک ئەو پەندە پەروەردەییەی کە دەڵێت: پێم بڵێ یادم دەکەوێتەوە، پیشانم بدە فێری دەبم، کارم پێ بکە تێدەگەم، شیاوی ئاماژەیە هەرکاتێک هەستێک لە هەستەکان وەک پێویست کار نەکات یاخود نەمێنێت، ئەوا لەڕێی مێشکەوە هەستەکانی تر وەک جێگرەوەیەک رۆڵی ئەویش دەبینن، بە تایبەتیش ئەو پەیوەندییە لە نێوان هەردوو هەستی بینین و بیستندا زۆر بەرزە، وەک زوو لەبەرکردنی هەر بابەتێک لەلایەن ئەوانەوە کە هەستی بینینیان لە دەستداوە، هەستی بیستن کاریگەرانە چالاک دەبێت بۆ تێگەیشتن و فێربوون.