لەدوای رۆیشتنی شا و بەشار چی روویدا؟

10:31 - 2024-12-16
هاوکار محەمەد
47 خوێندراوەتەوە

هاوکار محەمەد

شای ئیران لەناوچوو، بەڵام کۆشکەکەی کە بەدیزاینێکی جوان لەسەر رووبەری دەیان دۆنم زەوی، لە باکووری تاران(نیاوەران) دروستکراوە و وەک خۆی ماوە.
ئێرانییەکان یادگارییەکی تاڵیان لەگەڵ ئەم کۆشکەدا هەیە، چونکە بنەماڵەی شا، دەیان ساڵ لەم کۆشکەوە حوکمی خۆسەپێنی خۆیان کردووە، لەو کۆشکەوە بڕیاری کوشتنی هەزاران ئازادیخواز دراوە و گەلی ئێرانیش برسی کراوە، بڕیارەکانی کۆشکی شاهانەی ئێران، خەڵکی ئێرانی دووچاری دەردەسەری کرد و بناغەی لەناوبردنی دەسەڵاتی شای دانا!.

 

شای ئیران لەناوچوو، بەڵام کۆشکەکەی کە بەدیزاینێکی جوان لەسەر رووبەری دەیان دۆنم زەوی، لە باکووری تاران(نیاوەران) دروستکراوە و وەک خۆی ماوە

ئایەتوڵا خومەینی چی کرد؟
ساڵی 1979 شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەریهەڵدا، سەدان هەزار کەس رژانە سەرشەقامەکان، بەشی هەرە زۆری زیندانەکان شکێنران، بە هەزاران فەرهودچی، خۆیان بۆ تاڵانکردنی کەلوپەلی گرانبەهای شای ئێران ئامادە کرد، بەڵام ئایەتوڵا خومەینی کە هێشتا لە فەرەنسا بوو، داوایکرد ئامادەسازیی بکەن بۆ رێگریی کردن لە دزی و تاڵانکردنی دامودەزگاکانی حکومەت، کاتێک خۆشی گەڕایەوە ئێران، فەرمانی کرد کۆشکی شاهانە بپارێزرێت لە دەستدرێژیی خەڵکی تووڕە و تاڵانچی!.
لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ کە دەکاتە 45ساڵ، دەستکاریی کۆشکەکەی رەزا شا نەکراوە، تەنانەت کەلوپەلە تایبەتییەکانی شا پارێزراون، هەر گەشتیارێک چووبێتە ئێران، سەردانی کۆشکەکەی شای کردووە و گوزەرێکی بەناویدا کردووە.
ئەم هەنگاوەی سەرانی شۆڕشی ئێران، بناغەی بۆ ئەو ئێرانە بەهێزە داڕشت کە ئەمڕۆ ئەگەر کاریگەرترین دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، لە دەوڵەتە هەرە کاریگەرەکانە!.
ئێرانییەکانی دوای شا، بۆ دەوڵەتداری هاتن، هەربۆیە، وەک سەروەتێکی نیشتمانی لە پاشماوەی دەسەڵاتی شای ئێرانیان دەڕوانی!.

تەحریر شام چی کرد؟
گروپی تەحریر شام، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم گروپە نامۆن بە دەوڵەتداری و هیچ ستراتیژێکیان بۆ دەسەڵاتێکی درێژمەودا نییە و رق و تۆڵەسەندنەوە بەسەریاندا زاڵە، بینیمان دەستیان بۆ گۆڕی حافز ئەسەد برد و ئێسک و پروسکەکەیان سووتاند و گۆڕەکەیان هەڵدایەوە و تێکیاندا.
لە هەرێمی کوردستان، 33 ساڵە راپەڕین کراوە، تا ئەمڕۆش کورد لە باشوور باجی ئەو تاڵانی و فەرهودییە دەدات کە خەڵکی نەفام و تاڵانچی کردیان، تا ئەمڕۆش هەندێک سێکتەری گرنکی هەرێم گیرۆدەی تاڵانچییەکانی  33ساڵ لەمەوبەرە، هەربۆیە ئەگەرچی گەلانی سوریا لە دیکتاتۆرێکی دڵڕەق رزگاریان بووە، بەڵام نابێت چاوەڕێی باشتر لە تەحریر شام بکەن، چونکە ئەو تاڵانی و نابەرپرسیارێتییەی لە سوریا هەیە لەلایەن دەسەڵاتی ئێستاوە دەکرێت نەک هەندێک خەڵکی نەفام!.

وتارەکانی نوسەر