چەوتیی رێڕەوی حکومڕانی و کاسبکاران

10:26 - 2024-10-01
هاوکار محەمەد
94 خوێندراوەتەوە

چەوتیی رێڕەوی حکومڕانی هەرێم کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ژیانی کۆی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەم چەوتییە جگە لەوەی تینی لە خەڵکی هەژار و مامناوەند بڕیوە، پیاوانی خاوەن کاریشی دوچاری بێبازاڕیی و شکستی پرۆژەکانیان کردۆتەوە.

بەهێزبوونی یەکێتی و راستکردنەوەی چەوتییەکانی رێڕەوی حکومڕانی هەرێم دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئیرادەی خەڵک، بوژانەوەی بازاڕ و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی 

پاشای برنج نازناوی پیاوێکی کاسبی شاری سلێمانییە بەناوی شێخ حسێن، چەندجارێک لە میدیاکانەوە سەرگوزشتەی شکستی هەنگاوەکانی خۆی بۆ خەڵک روونکردۆتەوە، خواردن فرۆشەکان لە خواردن خۆرەکان باشتر ئاگاداری لێکەوتە خراپەکانی رێڕەوی چەوتی حکومڕانی هەرێمن لەسەر بازاڕ و کەسابەت، ئەوەی پاشای برنجی هاندا لە بەردەم کامێراکاندا پشتیوانیی لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکات، ئایدۆلۆجیا و ئەفکاری حزبی نەبوو، چونکە وەک خۆی وتی، ئەو بێلایەنە و ساڵانێکە چاودێریی دۆخی هەرێم دەکات، بەڵکو ئەوەی پاشای برنجی بۆ پشتیوانی یەکێتی هاندا خوێندنەوەیەکی لۆژیکیی دوور و درێژی  15 ساڵی رابردووی پاشای برنجە بۆ حکومڕانی هەرێمی کوردستان.
پاشای برنج لەم خوێندنەوە و سێرچ کردنەیدا بۆ دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم، ئەوەی دەستکەوت کە لاوازبوونی یەکێتی و کەمبوونەوەی کورسییەکانی لە پەرلەمان لە ماوەی رابردوودا ئاسەواری خراپی لەسەر بازاڕ و ئابووریی هەرێم بەجێهێشتووە.
پشتیوانییەکەی پاشای برنج دیوێکی دیکەشی هەیە، ئەو پیاوە وادیارە ئەزموونێکی گەورەتر لە تەمەنی خۆی هەیە، چونکە باش پێکای و باش بۆی چوو، ئەو کورد و پوخت پێی وتین: سەرکەوتنی یەکێتی گرەنتییە بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێم، پاراستنی یەکێتی گرەنتییە بۆ مانەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێم.
پێیشی وتین: بەهێزبوونی ئیرادەی خەڵک، باشتربوونی بژێوی خەڵک، بوژانەوەی بازاڕ و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی، بەرهەمی بەهێزبوونی یەکێتی و راستکردنەوەی چەوتییەکانی رێڕەوی حکومڕانی هەرێمە.
پەیامەکەی پاشای برنج، پەیامێک بوو گوزارشتی لەناخی هاووڵاتیانی هەرێم کرد، پەیامەکە هەمان پەیامە کە یەکێتی کردویەتی بە دروشمی هەڵمەتەکانی ئەم هەڵبژاردنە و سەرۆکەکەی ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەکات.

وتارەکانی نوسەر