خەونی سەرکەوتنی پێشوەختە نەما

10:15 - 2024-07-01
هاوکار محەمەد
380 خوێندراوەتەوە

 هاوکار محەمەد


شەش ساڵ بەسەر دواین هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێ، تا وادەی دیاریکراوی خولی داهاتوو20/10/2024 دوو ساڵ بەسەر وادەی ئاسایی و یاسایی ئەم خولەشدا تێدەپەڕێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، چەندین تێبینی لەسەر پرۆسەکە هەبووە، بەڵام لەهەر خولێکدا کێشەکانی ناوخۆی هەرێم، هێندە زۆر و ترسناک بوون، نەیویستووە هەڵبژاردن پەکبخات.
لەبەرامبەردا رکابەرەکانی بچووکترین تێبینی خۆیان بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هەرێمدا سەپاندووە.

 

 

کاتێک دادگای فیدراڵی عیراق، پرۆسەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق سپارد، پ.د.ک کەوتە دەربڕینی ناڕەزایی و هەوڵدان بۆ پەکخستنی ئەو بڕیارانە

 

 چەند مانگێک پێش ئەوەی وادەی ئەم خولە  تەواوببێ، یەکێتی لەڕێگەی میدیا رەسمییەکانی خۆیەوە ئامادەیی خۆی بۆ هەڵبژاردن راگەیاند، بەڵام رکابەرەکانی خۆیان لە پرۆسەکە دزییەوە.
دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، یەکێتی جارێکی تر داوای هەڵبژاردنی کرد، ئەوەش لەپێناوی لەکەدارنەکردنی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم، بەڵام ئەوانەی بەناو هەڵگری دروشمی بریقەداری دیموکراسین، لەرزیان لە چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی لێنیشتبوو، هێندە قەیرانی دەستکردیان رووبەڕووی هەرێم کردەوە، خەڵکی کوردستان، هەڵبژاردن و پەرلەمانیان لەبیرچووەوە.
 پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەموو خولێک بەمەرجی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن بەشدارییان کردووە، ئێستاش لە خەمی بەشداری پێکردنی ئاوارەی سوری و ئێرانی و مردووەکاندان، بەڵام کاتێک دادگای فیدراڵی عیراق، پرۆسەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق سپارد، پ.د.ک کەوتنە دەربڕینی ناڕەزایی و هەوڵدان بۆ پەکخستنی ئەو بڕیارانە.
پ.د.ک تێبینییەکی جدی لەسەر هەڵبژاردن نەبووە، تەنها ئامانجی مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پێشوەختە بووە.
یەکێتی داوایکردووە کە:  تەنیا زیندووەکان دەنگبدەن، تەزویر نەکرێ، تەنیا ئەوکەسانە بەشداری دەنگدان بکەن کورد یان دانیشتووی رەسەنی هەرێمن، دەنگدەر بڕیار بدات نەک دەنگژمێر، زۆرترین چاودێری ناوخۆی و بیانی چاودێری هەڵبژاردن بکەن، سەرجەم لیستە بەشدارەکان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن، نوێنەری پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی پێکهاتە رەسەنەکان خۆیان بن و هتد.. 
هەموو ئەمانەش، هەوڵدراوە کاری پێنەکرێت، ئەگەرچی سەرباری ئەوەی ی.ن.ک توانای هەبووە تا ئاستی پەکخستنی پرۆسەکە پێداگری لە مەرج و تێبینییەکانی بکات، بەڵام هەمووی کردۆتە قوربانی ئامانجێکی گەورەتر، کە بریتییە لەسەرپێخستنی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی و ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم.
 سەرۆکی هەرێم چوارجار وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکرد، هەرچوارجار پارتی پرۆسەکەی پەکخست! 
ئەوان بۆ پەکخستنی پرۆسەکە لە 10ی حوزەیرانی رابردوو، بۆ ماوەی 130 رۆژ دوایانخست، بەڵام دواجار یەکێتی ئەم وادە نوێیەشی قبووڵ کرد و بە خستنەڕووی مەرج و تێبینیەکانی خۆیەوە، ئامادەیی دەربڕیوە. 
جێگەی خۆیەتی خەڵکی کوردستان پێش هەڵبژاردن، لێکدانەوەی جدی بکەن، پێش ئەوەی بچن بۆ دەنگدان، لەخۆیان بپرسن ئایا پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەپێناوی ئامانجێکی تەسکی حزبیدا لەلایەک و فەرامۆشکردنی تێبینی و هەوڵدان بۆ هەڵبژادن لەلایەن لایەکی ترەوە، کامیان خزمەت بە ئەزموونی حکومڕانیی هەرێم دەکات؟ 

وتارەکانی نوسەر