هاوکار محەمەد
لەسەرەتای سەدەی بیست، دوو هێز لەسەر شانۆی جیهان دەرکەوتن کە ئەوانیش بەرەی دژەتیرۆر و بەرەی تیرۆربوون، جۆرج بوشی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکاش، جیهانی بەسەر ئەو دووبەرەیەدا دابەشکرد و رووی کردە وڵاتانی دنیاو پێی وتن مەترسییەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر هێندە گەورەو ترسناکن کاریگەریی نەرێنی دوورمەودا لەسەر مرۆڤایەتی و شارستانی دروست دەکات، بۆیە لێرە بەدواوە یان لەگەڵ تیرۆربن، یان لەدژی بوەستن و هیچ پەراوێزێکی بۆ ئەو دەوڵەت و گەل و رێکخراوانەش نەهێشتەوە بەناوی بێلایەنیی، گەمەی سیاسی و بازرگانی و ئایدیۆلۆجی بکەن.
لە پێنتاگۆنەوە بۆ خێڵی حەمە
ململانێ و جیاوازییەکانی نێوان تیرۆر و دژەتیرۆر، بەرۆکی خەڵکی کوردستانیشی گرتەوە، 11 رۆژ پێش رووداوەی 11ی سێپتەمبەر گروپی تیرۆریستی (جند الاسلام) لە خورماڵ و هەورامان و هەڵەبجە دامەزراو 11 رۆژ دوای 11ی سێپتەمبەر تارماییەکانی تیرۆر بووە میوانێکی نامۆ و خۆسەپێن و گەیشتە هەرێم، لەدوای پێنتاگۆنەوە لە گوندی خێڵی حەمە روبەڕوبوونەوە لە نێوان تیرۆرو دژەتیرۆردا روویدا.
یەکی سێپتەمبەر چی روویدا؟
رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بەسەرکردایەتی ئوسامە بن لادن لە ئەفغانستانەوە نەخشەی پەلاماردانی ئەمریکای داڕشت و لە یانزەی هەمان مانگدا بەفڕۆکەی خۆکوژ پەلاماری دوو دامەزراوەی گرنگی ئەمریکای دا، هەمان رۆژ، لە هەڵەبجەوە گروپی تیرۆریستی (جند الاسلام في کردستان) دامەزرا، کە ئامانجی دامەزراندنی بنکەیەک بوو بۆ ئەوەی لە حاڵەتی وەڵامدانەوەو هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان سەرکردە هەڵاتووەکانی قاعیدە رووی لێبکەن و خۆیانی تێدا حەشار بدەن، زیاد لەوەش چەند ئامانج و مەبەستێکی تریشیان هەبوو.
ململانێ و جیاوازییەکانی نێوان تیرۆر و دژەتیرۆر، بەرۆکی خەڵکی کوردستانیشی گرتەوە، 11 رۆژ پێش رووداوەی 11ی سێپتەمبەر گروپی تیرۆریستی (جند الاسلام) لە خورماڵ و هەورامان و هەڵەبجە دامەزرا و 11 رۆژ دوای 11ی سێپتەمبەر تارماییەکانی تیرۆر بووە میوانێکی نامۆ و خۆسەپێن و گەیشتە هەرێم
ئامانجیان سڕینەوەی یەکێتی بوو
(جند الاسلام) گروپێکی نامۆ بوون بەناوچەکە، ئەگەرچی بەشێک لەسەرکردەو چەکدارەکانیان پێشتر لەڕیزی هێزێکی ئیسلامیدا بوون و مەیلیان بۆ تیرۆرو تۆقاندن هەبوو، بەڵام هەڕەشەو کردەوەکانیان نەگەیشتبووە ئاستێک مەترسی گەورەو تۆقێنەریان هەبێت.
گروپەکە لەبەیاننامەی دامەزراندنی لە هەڵەبجە، هەڕەشەی لەیەکێتی کرد و بەڵێنی دا لەگۆڕەپانەکە بیسڕێتەوەو سەرکردەو کەسە دیارەکانی بکاتە ئامانج. تا ئەو چرکەساتەش ئەم جۆرە گروپ و هەڕەشانە نامۆ بوون بەناوچەکە بۆیە خەڵک بەگومان بوو لەهەڕەشەکان، یەکێتیش وەک هێزێکی سەرەکی هەرێم لەبەر تێکنەچوونی دۆخی ناوچەکە لە روبەڕوبوونەوەی ئەو گروپەدا پەلەو کاری هەڵەشەو بێ بەرنامەی نەکرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم دەرکەوت (جند الاسلام) چی دەوێت و بۆچی یەکێتی دەکاتە ئامانجی سەرەکی.
22ی سێپتەمبەر، چی روویدا؟
(جند الاسلام) لەسەرەتای دروستبوونییەوە هەڕەشەی لە یەکێتی کرد و رایگەیاند ئامانجی سەرەکی سڕینەوەی یەکێتی و هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و ئیدارەی ئەوکاتەی سلێمانییە، بۆیە یەکێتی بڕیاریدا خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەبکات، ئەوەبوو چواردەی سێپتەمبەر هێزێکی 100 کەسی پێشمەرگەی رەوانەی گوندی خێڵی حەمەکرد، کە ئەرکی شەڕکردن نەبوو، بەڵکو چاودێریکردنی جموجوڵی تیرۆریستان بوو لەنێوان هەڵەبجەو خورماڵ و هەورامان و وەڵامدانەوەی هەر کردەوەیەکی لە ناکاوی ئەو گروپە، بەڵام لە 22ی سێپتەمبەر گروپەکە لەسێ قۆڵەوە پەلاماری گوندی خێڵی حەمەیان دا و 43 پێشمەرگەی ئەو هێزەیان بەشێوەیەکی وەحشیانە شەهید کرد و رووی راستەقینەو دزێویان بۆ یەکێتی و خەڵکی ناوچەکە ئاشکرابوو.
روداوەکە، بوو بەسەردێڕی میدیا جیهانییەکان!
چەکدارانی (جند الاسلام)، ماوەی 3 سەعات گەمارۆی هێزەکەی یەکێتیان دا، پێشمەرگە تا دوا فیشەک شەڕیان کرد و رێگەیان بەتیرۆریستان نەدا بچنە گوندەکەوە، بەڵام لاسەنگی تەرازووی هێزو دابڕانی پێشمەرگە لەهێزەکانی تر و پڕچەکی تیرۆریستان، شەڕەکەی بەسوودی ئەوان کۆتایی پێهێنا، 43 پێشمەرگەیان شەهیدکرد، دواتریش بە تەورو تەورداس و شمشێر و قەمە، کەوتنە سەربڕین و شێواندنی تەرمی شەهیدەکان و ئەو پێشمەرگانەشی کە هێشتا برینداربوون.
تیرۆریستان بێشەرمانە وێنەو ڤیدیۆی قەسابخانەکەیان گرت و بڵاوکردەوە، دەزگای راگەیاندنی یەکێتی و رۆژنامەی کوردستانی نوێ و چەند رۆژنامەیەکی تریش وێنەی رووداوەکەیان بڵاوکردەوە، وێنەکان گەیشتنە دەست میدیا جیهانییەکان و رووداوەکە بوو بەمانشێتی رۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان، ئەوەش هەست و سۆزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جوڵاند و هاتنەسەرخەت و بەڵێنیاندا لەتەنیشت یەکێتی رابوەستن تا تێکشاندنی تیرۆر لە کوردستان.
سەرۆک مام جەلال دوو بڕیاری گرنگی راگەیاند
دوای رووداوەکەی خێڵی حەمە، ترس و دڵەڕاوکێ لەناوچەکە گەیشتە لوتکە، هیچ هاووڵاتیەک دڵنیا نەبوو لەسەلامەتی گیانی خۆی، خەڵک چاوەڕێی کاردانەوەی یەکێتی دەکرد، پێشمەرگەش رق ئەستورتربوون و چاوەڕێی فەرمانی تۆڵەکردنەوە بوون، لەوکاتەدا خوالێخۆش بوو مامجەلال بڕیاری تۆڵەکردنەوەو روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی دا، فەرمانی بە پێشمەرگە کرد سەرەتا تۆڵە لەو چەتەو چەکدارانەی (جند الاسلام) بکرێتەوە کە بەشداری شەڕی خێڵی حەمەیان کردبوو.
ئەوەبوو دوای بڕیارەکە دەزگای هەواڵگری پێشمەرگەو فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە کەوتنە سۆراخکردنی مۆڵگەی ئەو چەکدارانەی بەشداریی شەڕی خێڵی حەمەیان کردبوو، دوای سۆراغکردن، مۆڵگەکەیان دۆزرایەوەو یەکەمین هەڵمەتی تۆڵە لەشاخی شنروێ لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە دەستیپێکرد.
تۆڵەو بەڵگەنامە
دەرکەوت ئەو گروپە چەکدارەی تێرۆریستان کە پێشمەرگەکانی یەکێتییان شەهیدکردبوو، لەشاخی شنروێ خۆیان بۆ پەلاماری تر ئامادە کردووە، بۆیە شەوی 3ی 10 دوای تەنیا 11 رۆژ لە رووداوەکەی خێڵی حەمە، پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە پەلاماری شاخی شنروێی داو تەواوی بەرزاییەکانی ئەو شاخە لە تیرۆریستان پاککرایەوە و 25 چەکداری گروپەکەش کوژران و پاشماوەی هێزەکەشیان بەرەو ناوچەکانی هەورامان هەڵاتن، هێزەکانی یەکێتی دەستیشیان بەسەر چەندین بەڵگەنامەی گرنگدا گرت، کە مەبەستمە ئاماژەیان پێ بدەم.
هۆکاری شەڕ دژ بە یەکێتی لەناوەڕۆکی بەڵگەنامەکاندا
ئەو چەکدارانەی لە شنروێ بنکەیان دامەزراندبوو، لەفەرماندە باڵاکانی (جند الاسلام) بوون، لەهەمانکاتدا پیاوانی هەواڵگریی و کەسانی بیانی لەناویاندا هەبوون، کاتێک روبەڕووی پێشمەرگە بوونەوەو کوژران، تەواوی ئەو بەڵگەنامە هەواڵگریانەیان کەوتە دەست پێشمەرگە، کە بۆ کورد و یەکێتی و ناوەندە هەواڵگرییەکانی جیهانیش پێویست بوون.
بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەکان پەیوەندیی نێوان (جند الاسلام) و ئەلقاعیدەی بەتەواوەتی سەلماند، دەزگای هەواڵگریی بەعسیش لە عیراق رۆڵی گرنگی بینیبوو لەدابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەو گروپە، لە یەکێک لەنوسراوەکاندا، ئاماژە بەهۆکاری بەئامانجگرتنی یەکێتی کرابوو، رونکرابۆوە بۆئەوەی ئەمارەتێکی ئیسلامی پارێزراو لەناوچەکەدا دروستبکرێ، ئەبێ یەکێتی لەناوببرێ.
لەنێوان جیهاد و ناوچەی ئارامدا
دوای ئەوەی تیرۆریستان پەلاماری دامەزراوە ئەمنی و بازرگانییەکانی ئەمریکاشیاندا، بوش شەڕی تیرۆریستانی لە ئەفغانستان کرد بەئەولەویەت، بۆیە بەشێک لەسەرکردەکانی قاعیدە لە ئەفغانستانەوە خۆیان گەیاندە هەورامان و لەوێ خۆیان حەشاردا، ئەمەش دەریدەخات دروستکردنی (جند الاسلام) لەهەورامان و ناوچە سەختەکاندا لەبنچینەدا هەر بۆ ئەوەبووە لە بەدیلی ئەفغانستاندا سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە بۆ خۆحەشاردان رووی تێبکەن.
پسپۆری بواری جیاجیان لەگەڵ بوو
(جند الاسلام) ئەگەرچی لە گروپێک شەڕکەری یاخی بێ مۆراڵ پێکهاتبوون، بەڵام لە ئەفغانستانەوە چەندین پسپۆڕی جیاوازیان بۆ رەوانە کرابوو، لەپاڵ پسپۆڕانی تەقینەوەو دروستکردنی بۆمب، خەڵکانێکی سیاسیشیان لەگەڵ بوو کە زانیارییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام دواتر دەرکەوت لەو رووەوە بەهەڵەدا چوبوون، هەرچەند درککیان بەوە کردبوو کە بۆ لەباربردنی حکومەتی هەرێم و ئەزموونی حوکمڕانی کورد، دەبێت سەرەتا یەکێتی نەهێڵن، چونکە یەکێتی سەرباری ئەوەی خاوەنی هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەیە، لە هەمان کاتیشدا لە رووی فیکرییەوە بەردەوام لەسەرهێڵی دیموکراسی بووەو هاوکارێکی چالاکی تەواوی ئەو هێزانەیە کە بڕوایان بەدیموکراسی و ئازادییەو دژی بیری توند و کۆنەپەرستییە، سەرانی سیاسی ئەو گروپە تیرۆریستییە نەیانتوانی ئامانجەکەیان بەدیبهێنن، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە شەڕ و پەلاماردان و تەقینەوەو رفاندن و کوشتن، لە بەهاری 2003دا پێشمەرگە توانی بناغەی ئەمارەتە تیرۆریستییەکەیان لەڕەگەوە دەربهێنێت و تیرۆر بۆ هەتا هەتایە لەهەورامان تێکبشکێنێت.
11ی سێپتەمبەر وڵاتانی جیهانی یەکخست دژ بە تیرۆر