هێرۆ کەمال بەرزنجی
ئەگەر سەیرێكی نووسینی سەر تابلۆی دوكان و كۆمپانیا و شوێنە گشتییەكانی هەولێر بكەیت، دەبینیت نووسین بە زمانی بیانی لەسەر بەشێكی زۆری تابلۆی ئەو شوێنانە زاڵە، واهەست دەكەیت ئەو شوێنە شارێكی كوردستان نییە و بە وڵاتێكی بیانی دەچێت، ئەمەش لەكاتێكدا لە وڵاتان جگە لە زمانی خۆیان، رێگا بەهیچ زمانێك نادەن بە گەورەیی لەسەرتابلۆكان بنووسرێت، ئەویش بەهۆی چاودێرییكردن و سزادان.
راستە لە هەموو شوێنێك نووسین بەچەند زمانێك هەیە، بۆئەوەی خەڵكی گەشتیار و بیانی ئاشنای شوێنەكە بن، بەتایبەتی هێماكانی هاتۆچۆ و تابلۆكانی پاس و میترۆ و فڕۆكەخانە، ئەمەش رێگاپێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەرەتا بە زمانی سەرەكی ئەو وڵاتە بنووسرێت، لە كوردستانیش بەهەمانشێوە، پێویستە زمانی كوردی زاڵ بێت لە نووسینەكاندا، وەك چۆن لە یاسای ژمارە6 ساڵی 2014ی زمانە فەرمییەكانی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژەی پێكراوە.
بەڵام ئەوەی دەبینین بەو جۆرە نییە، مەسەلەی بەكارهێنانی زمانی كوردی لە سەر تابلۆ و شوێنە گشتییەكان، هاوشێوەی بابەتەكانی تر، بایەخی پێنەدراوە، لەگەڵ دەرچوونی یاسا و رێنمایی بۆئەوەی زمانی كوردی زمانی سەرەكی بێت بۆ نووسین، كەچی جێبەجێ ناكرێت، ئەوەش كەمتەرخەمییەكی دیكەی ئیدارەی هەولێرە، بەتایبەتی وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان، ناكرێت سیمایەكی كوردانەی نەبێت، بەڵكو پێویستە كاتێك كەسێكی بیانی دێتە شارەكە، بزانێت هاتۆتە كوردستان.
جگە لەوەش هەندێك كەس خوێندەوارییەكەی هەر ئەوەندەیە، تابلۆیەكی كوردی بخوێنێتەوە، كاتێك كۆمپانیایەك یان خاوەن دوكانێك بە زمانێكی بیانی و بە خەتێكی جیاواز ناونیشانی شوێنەكەی دەنووسێت، ئەو كەسە لێی تێناگات، لەكاتێكدا ئەو لە وڵاتی خۆی دەژی و مافی خۆیەتی بەزمانی دایك بنووسێ و بخوێنێتەوە.بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندارەكانی وەك وەزارەتی رۆشنبیری و یەكێتیی نووسەران و ئەكادیمیای كوردی، هەڵوێستی جدییان هەبێت و بیرێك لە چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە بكەنەوە، هاوكات رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر، بۆئەوەی یاسای زمانە فەرمییەكان جێبەجێ بكرێت، چونكە بەردەوامبوونی ئەو دیاردەیە، زیانێكی زیاتر بە زمانی كوردی دەگەنێت.
لەگەڵ دەرچوونی یاسا و رێنمایی بۆئەوەی زمانی كوردی زمانی سەرەكی بێت بۆ نووسین، كەچی جێبەجێ ناكرێت، ئەوەش كەمتەرخەمیەكی تری ئیدارەی هەولێرە، بەتایبەتی وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان، ناكرێت سیمایەكی كوردانەی نەبێت