ئەمساڵیش (2024 - 2025) خەریكە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت و ساڵێكی دیكە لە پەیوەندی مامۆستا و خوێندكاران و خێزانەكانیان تێدەپەرێت، بەڵام ساڵێك بەدەر نەبوو لە ئاستەنگ و بەربەست و ئاڵەنگاری، كە دەكرا زووتر چارەسەریان بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت، بێگومان سەركەوتنی پەروەردە و خوێندن لەهەر وڵاتێك واتا سەركەوتنی لە هەموو بوارەكان، بەو پێیەی سیستمی ژیان و ئارامی خێزانەكان و ئاستی پەروەردەی تاكەكان، بەندە بە پێشكەوتنی كەرتی پەروەدە و خوێندن.
ئەوەی بینیمان لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان، خانەنشینكردنی ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان بوو، ئەویش لە ئەنجامی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری یاسای ژمارە 19ی خانەنشینی یەكگرتووی عیراق، كە بەهۆی ئەو بڕیارە زیاتر لە 30 هەزار مووچەخۆر خانەنشینكران، كە بەشێكی زۆریان لە مامۆستایان بوون.
بێگومان خانەنشینبوونی رێژەیەكی زۆر لە مامۆستایان و نەبوونی دامەزراندنی دەرچووانی تازەی زانكۆ، بۆشاییەكی گەورە لە ناوەندەكانی خوێندن دروست دەكات و كاریگەریی لەسەر تەواوكردنی مەنهەجی خوێندن دەبێت، راستە مامۆستای گرێبەست و خۆبەخشمان هەیە، بەڵام لەبەر ناجێگیری مووچەكانییان، ناتواندرێت شوێنی مامۆستایانی هەمیشەیی پێ پڕبكرێتەوە.
یەكێكی دیكە لەكەموكوڕییەكانی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، زۆری ژمارەی پشووەكان بوو، هەندێكجار بۆ ماوەی 20 تا 25 رۆژ خوێندكار لە خوێندن و مامۆستاكەی دابڕاوە، بەتایبەتی لە مانگی ئازاردا، كە هاوكات بوو لەگەڵ یادەكانی راپەڕین و مانگی رەمەزانی پیرۆز، ئەمە جگە لەوەی رۆژانی شەممە و هەینی و چەندین بۆنەی دیكە كران بە پشووی رەسمی، ئەوەی زیاتری كاریگەریی لەسەر پشووەكانی ناوەندی خوێندن كردووە، رۆژێك پێش پشوو یان رۆژی دواتر لە پشووە رەسمییەكان، بەشێكی زۆر لە خوێندكاران پابەندی دەوام نەدەبوون، كە دەبوو پەروەردە و بەڕێوەبەری خوێندنگەكان رێگە بەو دیاردەیە نەدات، جگە لەوانە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە نێویشیان مامۆستایان لەماوەی ئەمساڵدا، كاریگەریی نەرێنی كردە سەر پرۆسەی خوێندن و دەروونی مامۆستایان.
بۆیە پێویستە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، پێداچوونەوەی تەواو بە رۆژانی پشووەكان بكرێت و ژیان و گوزەرانی مامۆستایان باشتر بكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەدواكەوتنی مووچەوە هەیە، هەروەها لەگەڵ كارابوونی پەرلەمان، كار بۆ دەركردنی یاسایەكی سەردەمی بۆ پەروەدە بكرێت، بەجۆرێك لەگەڵ ئەم قۆناغە بگونجێت، هاوكات دەرگای دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ بكرێتەوە، تاكو شوێنی مامۆستا خانەنشینكراوەكان پڕبكرێتەوە و خوێنێكی تازە بێتە نێو پرۆسەی خوێندن، بەپێچەوانەوە بەڕێكردنی ساڵانی خوێندن و چارەسەر نەكردنی كەموكوڕییەكان، رێگە بۆ تەكنەلۆژیا و ئامێرەكانی مۆبایل خۆشتر دەكات، تاكو عەقل و بیری منداڵان و هەرزەكاران و لاوانمان زیاتر داگیر بكەن و بەئاڕاستەیەكی دیكەیان ببەن.