هەر وڵاتێك بیەوێ پێشبكەوێت و ئایندەی نەوەكانی داهاتووی دیاری بكات، دەبێ سوود لە توانای گەنجان و هێز و بازوویان وەربگرێت، زۆر وڵات بەهۆی كەمی رێژەی گەنجان داوای پەنابەری ئەو وڵاتانە دەكەن، كە بەهۆی گەندەڵی و بارودۆخی سیاسی بێكارن و گەنجانیان سەر لێشێواون، بۆیە هەر كۆمەڵگەیەك رێژەی گەنجی زۆر بێت، دەتوانێت بگات بە ئامانجەكانی و پلانی درێژخایەن دابڕێژێت و ئایندەی وڵاتەكەی لەسەر بونیادبنێت.
نەبوونی دامەزراندن لە كەرتی گشتی و خراپیی سیستەمی خانەنشینی و پڕنەكردنەوەی شوێنەكانیان بە گەنجان، هەموو ئەوانە وایانكردووە زۆری دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان بێكار بمێننەوە و لە چاوەڕوانی دەرفەتی كاردابن
بەگوێرەی ئەنجامی دوا سەرژمێری دانیشتوانی عیراق كە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا بەڕێوەچوو، لە هەرێمی كوردستان رێژەیەكی زۆر لەگەنجانمان هەیە، ساڵانە زیاتر لە 20 هەزار خوێندكار زانكۆ و پەیمانگە تەواو دەكەن، كەواتە ئێمە لەو رووەوە دەوڵەمەندین و زەمینەی پێشكەوتن و بەرەو پێشچوونمان هەیە، بەڵام بە چەندین هۆكار نەتواندراوە سوود لەتواناكانیان وەربگیرێت، هەربۆیە دەبینین رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردسان بەرزە.
راستە ئێمە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر كارگە و كۆمپانیا و پرۆژەی وەبەرهێنانمان هەیە، وەك كەرتی تایبەت مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام چەند هۆكارێك وایانكردووە گەنجان نەتوانن سوود لە دەرفەتی كار لەو شوێنانە وەربگرن، كەبەشی زۆری بۆ نەبوونی یاسا و رێنمایی پێویست دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی مافی كرێكار و كارمەندان لەو كەرتە هاوشێوەی كەرتی حكومی بپارێزرێت.
هۆكارێكی دیكەی بێكاری گەنجان بەشێكی زۆری كۆمپانیا و پرۆژە وەبەرهێنەكان رێژەی كرێكار و كارمەندی بیانیان زیاترە لە ناوخۆی كوردستان، بە جۆرێك ئەگەر گەنجێكی خۆمان وەربگرن پێویستە زمانی ئەو وڵاتە بزانێت، كە كۆمپانیاكەی لێوە هاتووە و یان پرۆژەكە جێبەجێ دەكات. لەگەڵ چەندین هۆكاری دیكە لەوانە نەبوونی دامەزراندنە لە كەرتی گشتی و خراپی سیستەمی خانەنشینی و پڕكردنەوەی شوێنەكانیان بە گەنجان، هەموو ئەوانە وایانكردووە زۆری دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان بێكار بمێننەوە و لە چاوەڕوانی دەرفەتی كاردابن.
لەگەڵ ئەوەش گەنجان نابێت دەستەوەستان دانیشن و تەنیا گللەیی و گازندە بكەن، بەڵكو پێویستە لە رێگەی بیرۆكەی تازە و سوود وەرگرتن لە تەكنۆلۆژیاوە خۆیان پێ بگەیەنن و داهێنانی تازەیان هەبێت، زۆرجار دەبینین گەنجێك لە رێگەی بیرۆكەیەكی زۆر سادەوە دەگات بە ئامانجی خۆی و پرۆژە و كاری تایبەت بەخۆی دادەمەزرێنێت، بە تایبەتی وڵاتەكەمان بە چەندین سامانی سروشتی دەوڵەمەندە.
بۆیە گەنجانمان نابێت تەنیا چاوەڕوانی دامەزراندن و دەرفەتی كاربن لە كەرتی گشتی و تایبەت، بەڵكو پێویستە سوود لەو كاتە زێڕینەیان وەربگرن بۆ خۆپێگەیاندن و فێربوونی پیشەیەك، لەو پێناوەش لەسەر حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی پێویستە دەرفەتی فێربوونی پیشەیی بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و خولی جۆراوجۆریان بۆ بكاتەوە، هەموو ئەوانەش بە یاسا رێكبخرێت، بۆ ئەوەی گەنجان و لاوانمان پشت بەخۆیان ببەستن و رێژەی بێكاری كەمبكرێتەوە، كە هۆكاری سەرەكی كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتییەكانن لە هەرێمی كوردستان.