پرژە زاهیر جەلال
زۆرجار لەناو ماڵە ناسیاوێک یاخود دراوسێیەک یان لە شوێنە گشتییەکاندا، بینیومانە و دەیبینین منداڵێک بە دەستی خێزانەکەی سەرلێشێواو کراوە بە جۆرێک خۆی رەگەزی نێرە، بەڵام قژی درێژ و کچانەیە و گوارەی لەگوێ کراوه، هەندێک جاریش هەر وادەزانیت ئەم منداڵە کچە تا ئەوکاتەی دایکی بانگی دەکات کوڕم، ئەوەندە قژ و پۆشاکەکانی لە کچ دەچێت ئەستەمە بیناسیتەوە.!
بە هەمانشێوە هەندێک منداڵی کچیش ئەم رووداوەی بەسەردا دێت، کە قژێکی کورت و پۆشاکێکی کوڕانەی بۆ دەپۆشن تەنانەت فێری هەمان رەفتاری نێری دەکەن، یاخود ناویشیان دەگۆڕن بە ناوێکی کوڕانە.
ئەمە تا ساڵانێکی زۆر وەک حاڵەتێکی دەگمەن دەبینرا، بەڵام ئێستا دیاردەیەکی زەق و نەخوازراوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە و وڵاتانیشدا، رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە.
ئەم گۆڕانکارییە لە شێوە و جلوبەرگی منداڵەکاندا بە پێچەوانەی رەگەزی خۆیانەوە لای دایکەکان کارێکی سادەیە و بەبێ مەبەست و زیان دەیکەن وەک دەربڕینی خۆشەویستی، بەبێ ئەوەی مەترسییەکانی بزانن دەکەونە ئەو هەڵە گەورەیەوە، هەندێک خێزانیش کە منداڵی کچیان نییە و تەنیا خاوەنی منداڵی کوڕن ئەو هەڵەیە دەکەن، یەکێک لە کوڕەکانیان دەکەن بە قوربانیی ئارەزووی خۆیان و کارەکتەرێکی کچانەی پێدەبەخشن، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر کچیان هەبێت و کوڕیان نەبێت هەمان کار دەکەن.
ئەم کارە دەبێتە هۆی دابڕانی منداڵ لە رەگەزی سەرەکی خۆی و هەمیشە هەست بە لاوازی کەسایەتی دەکات، لەبەرئەوەی پێیوایە لەلای خێزانەکەی بەم جۆرە ویستراو و خۆشویستراوە، تا وایلێدێت لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەکەدا رادێت و هەستەکان و هۆرمۆنەکانیشی پێچەوانەی رەگەزی خۆی کار دەکەن، چیتر ناتوانێت لەو ژینگەیە بێتە دەرەوە کە بۆیان دروستکردووە، کاتێک دایک و باوک رووبەڕووی ئەم دۆخە نامۆیە دەبنەوە و هەوڵی چاککردنەوەی هەڵەکەیان دەدەن، دەبینن لە زۆربەی کاتتدا بێ سوودە و منداڵەکە بۆ هەمیشە بەو جۆرە دەمێنێتەوە، دواتر دەکەونە بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر منداڵەکەیان، هەندێکجار تا رادەی کوشتن پەرەدەسێنێ، لەبەرئەوەی بەر توانج و زەبری کۆمەڵگە دەکەون.
لێرەدا ئەوەی دووجار قوربانییە تەنیا منداڵەکەیە، لەبەرئەوەی چیتر ناتوانێت ژیانێکی ئاسایی بژی و ژیانی هاوسەریی پێکبهێنێت، لەناو کۆمەڵگەدا دەبێتە کەسێکی نەخوازراو و ناوزڕاو و بە چاوێکی کەم سەیر دەکرێت.
زۆر گرنگە دایکان و باوکان هۆشیاربن بزانن ئەو گۆڕانکارییە لە روخساری منداڵەکاندا مەترسیدارە و دەبێتە گۆڕانکاری لە کەسایەتی و رەگەزیشیاندا، کوڕەکانتان مەکەن بە کچ، کچەکانیشتان لە کوڕ بوون بپارێزن، لە کاتێکدا تەواوی مرۆڤایەتی لە ژێر هەڕەشەی گۆڕینی رەگەزدایه، ئێوە ببنە بەربەستی پۆڵایین و رەگەزی منداڵەکانتان بپارێزن بۆئەوەی ژیانیان رۆشن بێت.