یاداشته‌كانی شۆفێرێك

تابلۆی نوێ و کێشەکانی

08:50 - 2022-06-08
وتار
815 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

ماوەی چەند هەفتەیەکە پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی نوێی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە کە بەشێکە لە پرۆسەیەکی گەورەتر کە ئەویش گۆڕینی تابلۆی ژمارەیە لە هەموو پارێزگاکانی عیراق و یەکخستن و رێکخستنی ئەو بوارەیە.
لە راستیدا، جیاوازیی تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق کارێکی زۆر هەڵە و مەترسیدار بوو؛ دەبوو زۆر زووتر بیری لێبکرایەتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکرایە. 
چونکە مادام تا ئێستا عیراق هەر یەک وڵاتە و هاتوچۆی ئۆتۆمبیل لە نێوان پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان ئاساییە، دەبوو ئەو ژمارانە یەکبخرێن بۆ ئەوەی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئاسایی بێت، هەرنا لە رووی ئەمنییەوە ئاسانکارییەکی گەورە بوو و رێگەی لە زۆر تەقینەوە و کاری تیرۆریستی و هەوڵی کاری تێکدەرانەی پووچەڵ دەکردوە.
ئێستاش هەر باشە کە ئەو بڕیارە دراوە و زۆر کێشە بەرەو چارەسەر ئاراستە دەکات. هەروەک بە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە، تابلۆی نوێی ژمارەی ئۆتۆمبیل رەچاوی تایبەتمەندیی هەرێمی کردووە و (KR) وەک کورتکراوەی هەرێمی کوردستان نووسراوە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە هێشتا گۆڕینی تابلۆکە لە بەغدا و شارەکانی تری عیراق، لە ناوەڕاست و باشوور دەستی پێنەکردووە.
لە تابلۆی نوێی ژمارەی ئۆتۆمبیلدا بەپێی رێکەوتنی پێشوەختی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاردراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێکی نوێ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکانی عیراق دروست بکرێتەوە. لە بری ناوی شارەکان، کۆد بۆ هەر شارێک دانراوە. وەک هەولێر 22 و سلێمانی 21 و ... هتد.
پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل تەنها لە هەرێم دەستی پێکردووە، چونکە بەغدا پێوستی بەکاتی زیاترە بۆ ئامادەکردن و جێبەجێکردنی سیستەمەکە. نرخی جوتێک تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (60 هەزار) دینار، 5 هەزار دینار رسوماتی برغو و سیکیوریتی، (10 هەزار) دینار رسوماتی پرۆسەکە. واتا کۆی گشتی (75 هەزار) دینارە.
ئەم بڕە پارەیە گۆڕینی خاوەندارێتی یان نوێکردنەوەی ساڵانە و تۆمارکردنی یەکەمجار دەگرێتەوە، ئەو کەسانەشی پەلەیانە و چاوەڕێی بەسەرچوونی ساڵانەکەیان ناکەن و ئارەزووی زوو گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەیان دەکەن بڕی 120 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.
ئالیەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە کوردستان ئاڵۆزە و زۆرجار قەرەباڵغی دروست دەکات. ئەو کەسانەی لە کاتی خۆی و بەپێی شایستەیی خۆیان یاخود بە ناچاری تابلۆی نوێ دەبەستن تێکەڵاوی ئەو کەسانە کراون کە بۆ خۆشی خۆیان و وەک چاولێکەری و حەزی بەستنی ژمارەی نوێ، ژمارە نوێیەکە دەبەستن. هۆکاری سەرەکی قەرەباڵغییەکەی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاکان هەر ئەوەیە.
هەروەک دەتوانرا ئالیەتێکی باشتر دابنرێت بۆ دابەشکردنی ژمارە نایابەکان بەسەر هاووڵاتیاندا، بە تایبەتی یەک ژمارەیی و دوو ژمارەیی و سێ ژمارەیی و چوار ژمارەیی کۆدی پیتەکانی تر جگە لە کۆدی (A) بەو جۆرەی ببوایەتە داهاتێکی باش بۆ هاتوچۆ یان بۆ چاکردنی رێگەوبانەکان تەرخان بکرایە.

وتارەکانی نوسەر