نووسینى: پ.ی.د.عومەر عەلی ئەحمەد
مامۆستا لە زانکۆی سلێمانى
بەشیوەیەکى گشتى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ پاراستنى مافەکانى ژن کاردەکات، مافە کۆمەڵایەتییەکانى ژن کە بەشێکى جەوهەرین لە مافەکانى مرۆڤ لەم چوارچێوەدایە و پاراستنییان کارى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنییە، هەربۆیە بەرگریکردن لە شوناسی کۆمەڵایەتى ژن لەلایەن رێکخراوە ناحکومییەکانەوە بەهەند وەردەگیرێت. هەروەها دەتوانرێت چەمکی ناسنامەی کۆمەڵایەتی وەک پارادایم یان چوارچێوەیەکی تیۆری لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. هاوکات دەتوانرێت بووترێت پرسی شوناسی کۆمەڵایەتی و کولتووری یەکێکە لەو تەوەرە گرنگانەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا هاتۆتە ناو کایەیی هزرییەوە، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
رەگەزە کولتوورییەکانى بەها و نەریت و چاوەڕوانى کۆمەلایەتى کاریگەرییان لەسەر شوناسی ژن جێدەهێڵن، ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا هەیە. لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵگەى مەدەنى دەیەوێت ناسنامەى کۆمەڵایەتى ژن دیاری بکات، تاوەکو ژنان وەکو کەمینە و چینى پەراوێزخراو تەماشا نەکرێن، بەڵکو پرسەکانى یەکسانى رەگەزى و ماف و دادپەروەرى دەهێنێتە ئاراوە و بەرگریی لێدەکات. زیاد لەوەش کۆمەڵگەی مەدەنی لە رێگەی چالاکیی و هەوڵی جۆراوجۆرەوە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشخستنی یەکسانی جێندەری. هاوکات ئاستی ئابووری و سەربەخۆیی دارایی ژنان کاریگەری لەسەر شوناسی کۆمەڵایەتی و پێگەیان دەبێت و ئەمەش کاریگەر دەبێت لەسەر ئەو بڕیارانەی کە دەیدەن.
چەمکی شوناسی کۆمەڵایەتی بووەتە خەمی سەرەکی کۆمەڵگاکان، چونکە لەسەر بنەمای نێوکۆ کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە، بەشی زۆرى پرۆسەى بەدەستهێنانى شوناس لە پێگەیاندنى کۆمەڵایەتییەوە وەردەگیرێت لەناو خێزانەکاندا و دایک رۆڵێکى گرنگ دەبینێت لەم پرۆسەى بەکۆمەڵایەتیکردنە. جگە لەوەش پەروەردەى فەرمى و نافەرمیش ئەو ئەرکەیان لەسەرشانە، لەبەرئەوە کۆمەڵگەى مەدەنى لێرەدا دەستوەردان دەکات و لەڕێگەى هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و دایبابانەوە لە پرۆسەى بەکۆمەڵایەتیکردندا چەمکى یەکسانى و دادپەروەرى و ئەرک و ماف دەچەسپێنێت و لەم رێگەیەوە منداڵێک بەرهەمدێت کە شوناسە کۆمەڵایەتییەکەى لەسەر یەکسانى و دادپەروەریی دامەزراوە.
شوناسی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێگایانەی کە خەڵکى لەسەر بنەمای ئەندامبوونییان لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان جێگیربوون. بۆ نموونە وەک تیپی وەرزشی، ئایین، نەتەوە، پیشە، ئاراستەی سێکسی، نەتەوە و رەگەز. پارێزگاریکردن لەم شوناسە بەگوێرەى تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارى مانەوەى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەیە و لە نێوانیاندا ژنیش.
تیۆری شوناسی کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکات شوناسە کۆمەڵایەتییەکان زۆرترین کاریگەرییان هەیە کاتێک تاکەکان ئەندامێتی لە گرووپێکی دیاریکراودا بە سەنتەرى خۆیان دەزانن و لەگەڵ گرووپەکەدا هەست بە پەیوەندی سۆزداری بەهێز دەکەن. چونکە پەیوەندیکردن بە گروپێکەوە متمانەبەخۆبوون و شانازى دەبەخشێت، کە یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامبوونی ناسنامەی کۆمەڵایەتی.
یەکێکى دیکە لەو رێگایانەى کە یارمەتیدەرە لە پاراستنى مافی شوناسی کۆمەڵایەتى ژن بەهێزکردنى تواناى سیاسی ژنە و لەم رێگەیەوە ژنان دەتوانن بگەنە ناوەندەکانى بڕیار. هەروەها کۆمەڵگای مەدەنی ئەرکی جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەشداری سیاسی لە رەهەندەکانی پەیوەست بە پێگەی تایبەتی ژنان لە ئەستۆدایە و باوەڕى بە سەرلەنوێ دابەشکردنی رۆڵ لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، بە شێوەیەک کە پاڵ بە پرسی ژنەوە بنێت بۆ ئەوەی ببێتە پرسێکی کۆمەڵایەتی گشتی. جێگەى بیرهێنانەوەیە بە شداریی سیاسی ژنان بژاردە نییە، بەڵکو مەرجێکە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری.
دواجار رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پشتگیری لە ژنان دەکەن، فشاری سیاسی دروست دەکەن، کاردەکەن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان و پاڵپشتیکردنى مافەکانیان، بەڵام هێشتا هەوڵێکی زۆر ماوە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی تاوەکو بتوانێت سەرلەنوێ چەمکی مێینەیی و داڕشتنی شوناسی ژن و رۆڵ و پێگە و نوێنەرایەتی هەردوو رەگەزەکە بونیاتبنێتەوە.