پ.ی.د. عومه‌ر عه‌لی ئه‌حمه‌د*
كۆمه‌ڵناسی پۆڵندی (زیگمۆن باومان) له پرۆژه فیكرییه‌كانی ده‌رباره‌ی ژیان و مۆدێرنه و خۆشه‌ویستی شل، باس له‌و گۆڕانكارییه جه‌وهه‌رییانه ده‌كات كه به‌سه‌ر مرۆڤ و ره‌فتاره‌كانی مرۆڤایه‌تییدا هاتووه. له‌وباره‌یەوه ده‌یه‌وێت جیاوازی بكات له نێوان حه‌ز و خۆشه‌ویستی، هه‌ربۆیه ده‌ڵێت: (ئەگەر حه‌ز بەدوای بەکاربردندا بگەڕێت، ئه‌وا خۆشەویستی ئارەزووی خاوەندارێتی دەکات) باومان دان بەوەدا دەنێت، کە خۆشەویستی لە سەردەمی گۆڕانی مۆدێرنەدا، بۆتە جۆرێک لە وەبەرهێنان. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئەم وەبەرهێنانە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و گرژییەکی زۆر لە سەردەمی ئێستاماندا.
كه‌واته خۆشه‌ویستی له خۆشه‌ویستییه‌كی راسته‌قینه‌وه بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ژیانه‌وه ده‌گۆڕێت، به جۆرێك له به‌كاربردن و كێشه‌ی به‌كاربردن. لەناوخۆیدا هەموو ئەو تایبەتمەندیی و سیفەتانە هەڵدەگرێت، کە نیگەرانی لایەنەکانی پەیوەندییەکە دەوروژێنن. هاوكات هه‌موو ئه‌مانه پێكه‌وه واده‌كه‌ن له دنیای تازه‌دا، خۆشه‌ویستی ببێته شتێكی كاتی و په‌یوه‌ندییه‌كان تایبەتمە‌ندی په‌رداخێكی سه‌فه‌ری وه‌رده‌گرن و هه‌موومرۆڤێك و جۆره‌كانی په‌یوه‌ندی بۆ یه‌كجار به‌كاردێن و دواتر فڕێ ده‌درێن، به واتایه‌كی تر دوای سوودوه‌رگرتن له په‌یوه‌ندییه‌كان، ئیتر به خێرایی كۆتاییان دێت. لە ژیانی رۆژانەماندا، پەیوەندییە سۆزدارییەکان بوونەتە «کاڵایەک» کە بەپێی لۆژیکێکی «ئابووریی و بازرگانی» هەڵدەسەنگێندرێت کە لەسەر بنەمای «قازانج و زەرەر» دامەزراوە، کاتێک کۆتایی دێت و دەتوانرێت وازی لێبهێنرێت کە چیتر ئارەزووەکانمان وەک «بەرهەمێکی بەکارهێنراو» تێر ناکەن، باومان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کاتە کورتخایەنەی کە حیساباتی کۆمەڵگەی بەکاربەری مۆدێرن لەسەری دروست دەبێت، گۆڕینی هەمووشتێکی کۆنه بۆ شتێکی نوێ و كۆنه‌كه سه‌رزه‌نشتكراوه و شایەنی ئەوەیه بخرێتە ناو سەبەتەی خۆڵه‌وه، لەوانەش هەست و جەستە و پەیوەندییەکانی ئێمه‌شی بگرێته‌وه.
باومان جەخت لەوە دەکاتەوە کە حه‌ز، هەر لە لەدایکبوونییەوە، بەهۆی شەهوەتی مردنەوە پیس بووە
به بڕوای باومان، حه‌ز وەک قۆناغی یەکەم دەبێتە هۆی رووتکردنەوەی ئەویتر لە سوژه‌ی خۆی، پێش ئەوەی فشاری بخرێتە سەرو بچێتە قۆناغی مردن و لەناوچوون. پاشان باومان جەخت لەوە دەکاتەوە کە حه‌ز، هەر لە لەدایکبوونییەوە، بەهۆی شەهوەتی مردنەوە پیس بووە. به‌ڵام خۆشەویستی پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوەیە و پەیوەست نییە بە ناوەندگەرایی خود و پەراوێزخستنی ئەویترەوە، بەڵکو هێزێکە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆئەوەی لە دەرەوەی خۆیدایە، بەجۆرێک خود لە رێگەی ئەبەدیەتی خودەوە، فراوان بێت.
باومان ئاماژە بە هەندێک لە فۆرمه‌كانی خۆشەویستی دەکات کە لە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوایدا باون و لە گرنگترینیان بریتین لەوه‌ی پێی دەوترێت په‌یوه‌ندیی(گیرفانی سه‌ره‌وه). ئەم پەیوەندیانە بە( شیرین و تێپه‌ڕ) ناوزه‌د ده‌كرێن و سه‌رپێین. هه‌روه‌ها باومان ئەو بیرۆکەیە روونی دەکاتەوە کە مرۆڤ پەیوەندییەکە لە گیرفانی سەرەوەی خۆیدا دەهێڵێتەوە بۆئەوەی هەرکاتێک بیەوێت بە ئاسانی بیباتە دەرەوە (فڕێی بدات). ئەمانە پەیوەندیی شیرین و زوو تێپەڕن و ئەویش وا گریمانە دەکات کە لە پلەی یەکەمدا شیرینن، چونکە زوو تێپەڕ دەبن و شیرینییان لەو هۆشیارییە ئاسوودەیەدایە کە مەرج نییە تاک هەوڵی پاراستنیان بدات و شیرینییەکەی بۆ ماوەیەکی زیاتر بهێڵێتەوە. پەیوەندییەکانی گیرفانی سەرەوە، بەرجەستەکردنی بەکارهێنانی سات و فڕێدانی دەستبەجێی پاشماوەکانە.
دوو شێوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان
به بڕوای باومان پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دوو شێوەی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە، کە ناوی دەنێت پەیوەندیی تۆپۆگرافی (پەیوەندی بە خاک و شوێنەوە) هەیە. بە واتای ئەو شێوازە ناسراوانەی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان کە خزمایەتیان کردووە، هاوكات جۆری دووەم بریتییە، لە پەیوەندیی مەجازی (پەیوەندیی ناشوێنی)، کە ئاماژەیە بۆ شێوازه مۆدێرنەکانی پەیوەندییکردن، تەنیا لە ئەنجامی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا زانستییەکان لە سەردەمی ئێستاماندا سەریان هەڵداوە.
باومان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە جیاوازی زۆر لە نێوان ئەو دوو شێوازەدا هەیە. بۆ نموونە لە پەیوەندیی مەجازیدا گرنگترین ئامانجی پەیوەندییکردن تەنها پەیوەندییکردنە، وەک ئەوەی لە سایتەکانی چاتی ئۆنلایندا روودەدات. كێشه‌كه‌ی له‌وه‌دایه ناوەڕۆکی پەیامەکان خۆی ئامانجی کۆتایی پەیوەندییەکە نییە، بەڵکو ئاڵوگۆڕی پەیامەکان ئامانجی کۆتایی پەیوەندییەکەیه.
*مامۆستای زانكۆ