بنەمای گەشەكردنی كشتوكاڵ لە كوردستان

10:26 - 2025-01-08
دڵشاد تاڵەبانی
73 خوێندراوەتەوە

دڵشاد تاڵەبانی


لە مێژوودا و لە هەموو جیهان، گەشەكردنی مرۆڤایەتی بەندبووە بە گۆڕانی قۆناغی راو و كۆكردنەوە، بۆ قۆناغی كشتوكاڵ و گەشەكردن و پێشخستنی. شارستانییەتە كۆنەكانیش لە سەر بناغەی كشتوكاڵ دروستبوون، بە هەوڵدانی پەرەپێدانی بەرهەم، دروستكردنی بەنداو و كەناڵی ئاودێری، ماڵیكردنی ئاژەڵ و چاككردنی جۆرەكانی رووەكی كێوی، بۆ چاككردن و زیادكردنی بەرهەم و هێنانەكایەی جۆری تر و ناساندن و گەیاندنی بە خەڵك، ئەوە بنەمای زانستی كشتوكاڵی دروستكرد، كە پاشان بە توێژینەوە و رینمایی كشتوكاڵی ناسرا لە جیهاندا.
تەنانەت زۆربەی جەنگەكانیش لە سەر ئەرز و دەستگرتن بە سەر لەوەڕ و كاری كشتوكاڵ و بەرهەمەكانی دروستبووە، كە نەك بە تەنها هەموو خۆراكی مرۆڤ، بەڵكو زۆری پۆشاك و بنەما و كەرەسەی خامی زۆر بواری تریش پێك دەهێنن.


پێویستە جارێكی تر چەق و قورسایی كاری وەزارەتی كشتوكاڵ بخرێتە خزمەتی توێژینەوە و رێنمایی و رۆڵی جارانیان پێ بدرێتەوە، بۆ ئەوەی لە كوردستان باز بە بواری كشتوكاڵ بدەن بەرەو پێشەوە

هەنگاوی گەورەی زانستی
بنەمای كاری وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و دەزگا زانستییەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو كارەیە، كارەكانی تری وەك زەوی و زار (كە لە زۆر وڵات كێشەی نەماوە)، خزمەتگوزاریی كشتوكاڵی، بوارەكانی تری رووەكی و ئاژەڵی و پاراستنیان و تەنانەت ئاودێریش، هاوكارن بۆ ئەو دوو بوارە (توێژینەوە و رێنمایی) و لە خزمەتی كاری ئەواندان، بۆ نموونە چاككردنی جۆر و بنەچە، بەكارهێنانی شێوازی زانستی بۆ كارە كشتوكاڵییەكان، دۆزینەوەی جۆری نوێ، هەمووی سەرەتا بە توێژینەوە دەكرێت و پاشان لە رێگای رینماییەوە دەگەیەندرێتە بەرهەمهێنەران و پەخش دەكرێت، هیچ كارێكی كشتوكاڵی لە دەرەوەی ئەو دوو بوارەدا نییە. 
لە كوردستاندا و بە تایبەتی لە وەزارەتی كشتوكاڵی ئەو كاتی ئیدارەی سلێمانی، كە بە فەرمانی مام جەلال (وەك سەرۆكی هەرێم)، دەزگای توێژینەوە و رینمایی كشتوكاڵی دامەزرا، هەنگاوی گەورەمان نا بۆ بە زانستیكردنی كشتوكاڵ، هەموو بوارەكانی تر خەریكبوو هەنگاو بە هەنگاو دەكران بە هاوكار و یاریدەدەری ئەو دوو بوارە و هەنگاوی گەورە نرا لەو پێناوەدا، توێژینەوەی هەولێریش هەنگاوی گەورەی نابوو، ئۆرگانەكانی رێنمایی زۆر چالاك بوون، جوتیاران دەیان خولیان بۆ سازكرا، هەموو زەوییەكانی ویستگەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و كێڵگەكانی و نەمامگەكانی یەك لە دوای یەك دەخرانە خزمەتی توێژینەوە و لە ژێرسەرپەرشتی ئەواندا بوون بۆ تاقیكردنەوە. 

جیاکردنەوەی توێژینەوە و رێنمایی
بواری ئاژەڵداریش دەستی پێكردبوو، كە هێندێك ئاڵوزترە و تاقیگە و كێڵگەی گەورەی نمونەیی زانستی پێویستە، بەڵام بە داخەوە، پاش یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێم، بەستنەوەی ناوەندەكانی توێژینەوە و رێنمایی بە فەرمانگەكانی كشتوكاڵەوە و لە یەككردنیان، پاشان بەستنەوەی توێژینەوە لە رووی بودجە و ژمێریارییەوە بە ئۆرگانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی توێژینەوە، یەكەم بچووككرانەوە و دەسەڵاتی كاریان كەمكرایەوە، دووەم ئەوە بوو بە رێگر لە گەشەكردنی پێویستی كارەکانیان.
بۆیە پێویستە جارێكی تر چەق و قورسایی كاری وەزارەتی كشتوكاڵ بخرێتە خزمەتی توێژینەوە و رێنمایی و رۆڵی جارانیان پێ بدرێتەوە، بۆ ئەوەی لە كوردستان باز بە بواری كشتوكاڵ بدەن بەرەو پێشەوە، بەڵام توێژینەوە و رینمایی پێكەوە نەبن و سەرپشك نەبن لە كار، توانای پێشخستنی كشتوكاڵیان نابێت.

وتارەکانی نوسەر