ستەمکار وشەیەکە مانای كەسێكی خۆسەپێنەری خۆبەزلزانە كە تەنها دەسەڵات و بەرژەوەندیی خۆی دەوێت.
زۆرجار ستەمكار هەیە كە نازانێت ستەمكارە، یان نایەوێت وەك ستەمكار ببینرێت، بەتایبەتی كە رەفتارێكی سیاسیی نەفرەتلێكراوە و كەس نایباتە سەر خۆی، بەڵكو وا پیشاندەدرێت كە خوازیاری نەهێڵانی ستەمن و لەگەڵ دەستەبەركردنی ئازادی و مافی مرۆڤن.
ستەمکار بەرگێك نییە بپۆشرێت و لە بەربكرێت، دەعبا نییە كلك و شاخ و باڵی هەبێت، ستەم هەڵسوكەوت و كردارە لەلایەن كەسێكەوە کە لەسەر ئەوە پەروەردە دەبێت، یان بارودۆخ و دەوروبەر كاریان تێدەكات و بەو ئاراستەیاندا دەبات، دەگمەنیش هەن كە لە ناخیاندا هەیە و بارودۆخەكەی تێدان زەمینەیان بۆ خۆشدەكات.
هەشە کە دەگاتە لووتكەی دەسەڵات، دەوروبەرەكەشی خەڵكی هەلپەرست و ترسنۆكن، هانی دەدەن بۆ ئەوە و دەیكەن بە ستەمكار.
خولیای دەسەڵاتیش یەكێك لە هۆکارەکانە، ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە نییە كە ئەو كەسە لە چ پۆستێکدایە، رەنگە كارمەندێكی ئاسایی بێت و خۆی بەسەر خەڵكدا بسەپێنێت و ئازایەتیی خۆی بەسەر ئەواندا بسەپێنێت، یان لە لووتكەدا بێت.
هەندێكیش نازانن ئەوەی دەیکەن ستەمە، چونکە دەوربەرەكانیان خەڵكی هەلپەرستن و ناوێرن یان نایانەوێت هەڵەكانی بخەنە بەرچاوی و زیاتر بە هەڵەیاندا دەبەن و راستییەكانیان لێدەشارنەوە.
ئەو كەسە هەموو شتێكی خۆی بە راست دەزانێت و هەمیشە چاوەڕوانە دەوروبەر و خەڵك منەتبار و گوێڕایەڵی بن و بە گەورەیی خۆیان تەماشای بكەن.
ستەمكار بە گشتی ئامادە نییە بە قسەی كەسی تر بكات و قسەی درۆی دەوروبەریشی پێ خۆشە. خۆی بە هەموو شت دەزانێت، حەز دەكات دەسەڵات لە بنەماڵەكەی دەرنەچێت.
درۆ و هەڵخەڵەتاندن بەكار دەهێنێت، ئەگەر ئەوانە سوودیان نەبوو، ستەمی راستەخۆ بەكاردەهێنێت. سەروەت و سامانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی، بە موڵکی خۆی دەزانێت، خەڵكەكەش بە خزمەتکاری خۆی و گروپەكەی. ئەو مافە كەمەی دەیدات بە خەڵكیش، وا دەزانێت خێریان پێ دەكات، ئەوەی نارەزایەتی دەربڕێت رێگەی پێ نادات.
هەموو بڕیاڕێك خۆی دەیدات، ئامادەش نییە رۆژێك بەركەنار بكەوێت، تەنانەت هەڵبژاردنیش بكرێت، دەبێت هەر ئەو دەربچێت. گشت جووڵانێك بۆ ماف، ناڕەزایی و وەستان بەرامبەر گەندەڵی، داوای ئازادی، بەكاری تێكدەرانە و دژ بەخۆی و بە وڵات لە قەڵەم دەدات.
كەسی ستەمكار دۆخی دەروونی هەموار نییە و خۆپەرستی تێدایە. سۆزی بۆ خەڵك نییە، ئەوەی گوێی پێنەدات یاسا و بنەمای مۆڕاڵییە. بۆچوونی سەبارەت بە روداوەكان تەنها لە دیدی خۆیەوە تەماشا دەكات و هەر ئەوەی خۆی بە راست و دروست دەزانێت، كە خۆی باش و خۆشگوزەران بوو، وا دەزانێت هەمووان وان.
ئەو هەست بەكەمایەتی دەكات و دەیەوێت بەوە كەسایەتیی پڕ بكاتەوە و ئارەزووەكانی تێر بكات.
ئەو كار و سیستمەی بەڕێوەی دەبات پڕە لە گەندەڵی، پێشێلكردنی مافەكان، تاڵانی و یاسا شكێنی. سەدان نموونەش لە كۆنەوە تا ئێستا هەن، بەڵام ستەمكاران نایبینن، لەبەرئەوەی هەست بەو ستەمەی خۆیان ناكەن كە لە خەڵكی دەكەن.