لێكچوون و جیاوازییەكانی سوریا و عیراق

09:52 - 2025-03-10
دڵشاد تاڵەبانی
52 خوێندراوەتەوە

لە عیراق سوپا و هێزە ئەمنییەكان و هەموو دەزگا دەوڵەتییەكان هەڵوەشانەوە، لە سوریا دامودەزگاكان یەكسەر هەڵنەوەشانەوە و تێكەڵ بە حوكمڕانی تازە كران، بۆیە بەڕەڵلایی و تاڵانی كەمتر  روویدا



هەردوولا، حزبی بەعسی فاشی عەرەبی و دوو بنەماڵەی سەدام و ئەسەد بۆ دەیان ساڵ حوكمڕان بوون بە ئاگر و ئاسن، عیراق كەمایەتی سوننەی عەرەب حوكمڕانی دەكرد، سوریاش كەمایەتی شیعە و عەلەوەی عەرەب.

ئۆپۆزسیۆن لە عیراق و سوریا
 لە عیراق ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی شیعە هەبوو، كە ئێران پشتگیری دەكرد، لە سوریاش ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی سوننە كە توركیا پشتگیریانە، سنووریان لەگەڵ یەكە، عیراق هاوسنوورە  لەگەڵ ئێران و توركیا، سوریا هاوسنوورە لەگەڵ لوبنان، ئیسرائیل، توركیا و لەسەر دەریای سپییە.
هەردوو وڵات راپەڕینیان تیاکرا، عیراق لە لایەن زۆرینەی شیعە و كوردەوە، سوریا، لەلایەن سوننە و كورد و دروزوە، سەدام بە زەبر و زەنگ هەموو ناوچەكانی گرتەوە و دواتر كیانی كوردی دروستبوو، كە ئەمریكای تێدابوو، بەشار ئەسەدیش بە یارمەتی راستەوخۆی ئێران و روسیا و حزبوڵڵا و چەكدارانی شیعەی عیراق، زۆربەی ناوچەكانی گرتەوە، جگە لە رۆژئاوای کوردستان كە ئەمریكای تێدایە، بەڵام هێزی ئۆپوزسیۆن لە چەند شوێن مابوون، بە هاوكاری توركیا.
 هەردوو رژێمی بەعس رووخان، عیراق بە داگیركردنی راستەوخۆ لەلایەن ئەمریكاوە، سوریاش بە هێزی ئیسلامی نزیك لە توركیا، شارەكانیش وەك خۆڵەمێش ئاگری لە ژێرەوە بوو.

سەدام گیرا و ئەسەد دەرباز بوو
 لە عیراق، سەدام و سەرانی رژێم زۆربەیان گیران، بەڵام بەشار ئەسەد و زۆربەی سەران و تاوانبارانی رژێمەکەی دەرباز بوون. لە هەردوولا، سەدان گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی رژێم هەن، عیراق لەلایەن گرۆپە شیعەكانی نزیك لە ئیران حوكمڕانی دەكرێت، سوریا لەلایەن گروپە سوننەكانی نزیكی توركیا حوکمڕانی دەکرێت، لە عیراق  كورد رۆیشتە بەغدا، لە سوریاش گروپەكان هێرش دەبەن بۆسەر ئیدارەی رۆژئاوا.
 سەدام و كوڕەكانی و سەرانی بەعس عیراقیان بەجێ نەهێڵا و بەرگری نهێنیان كرد، بەشار تەنانەت براكەشی هەڵخەڵەتاند و نزیكەكانی بەجێهێڵا، هەردوو سوپا هەڵوەشانەوە، لە هەردوولا پاشماوەكانی بەعس بە ناوی جیاوە بەرگری دەكەن.

لە عیراق کورد و شیعە و لە سوریا سوننە
عیراق، ئەمریكا بە راستەوخۆ گرتی و حوكمڕانی كرد، موعارەزە هێزی چەكداریان نەبوو و بەشدار نەبوون، جگە لە كورد، مەجلیس حوكمی لە خەڵكی لیبراڵ و نزیكی خۆی دانا و لە چەكداری ئیسلامی سوننە و شیعەشی دەدا، سوریا گروپی سوننەی نزیك توركیا دیمەشقیان گرت و حوكمڕانی دەكەن .
لە عیراق سوپا و هێزە ئەمنییەكان و هەموو دەزگا دەوڵەتییەكان هەڵوەشانەوە، لە سوریا دامودەزگاكان یەكسەر هەڵنەوەشانەوە و تێكەڵ بە حوكمڕانی تازە كران، بۆیە بەڕەڵلایی و تاڵانی كەمتر  روویدا.
سەرەتا لە عیراق، تەنها سوپای ئەمریكا و هاوپەمانانی هەبوون، بەڵام لە سوریا، ئێران و حزبوڵڵا كشاونەتەوە و ئەم لایەنانە هەن، كە هەریەكەیان ناوچەیەكیان كۆنترۆڵ كردووە: ئەمریكا، روسیا،  توركیا بە راستەوخۆ و بەشێكی گروپەكانی سەر بەو، ئیدارەی سەربەخۆی كورد، پاشماوەی سوپای سوریا و عەلەوی و شیعە،  دروز و بەشێكیشی ئیسرائیل، لە سوریا ئۆپۆزسیۆنی لیبراڵیش لە گرتنی شارەكان رۆڵیان هەبوو،  ملیۆنەها  ئاوارە كە تەنها بە رووخانی ئەسەد دڵخۆشن، بەڵام خۆیان ریك نەخستووە وساغ نەكردوەتەوە و زۆربەیان دیموكراتیان دەوێت، ئێستا ئیسلامییەكان حوكمڕانی دەكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان گرتوویانەو حوکمڕانن .

سوریا بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟
 دیموكراتی چەند لایەنە و مسۆگەركردنی مافی كورد و كەمایەتییە ئیتنی و ئاینییەكان دەبێت، یان هەوڵی خۆسەپاندن و شەڕی خوێناوی ناوخۆ و پاكتاوكردنی تێدا دەدرێت، یان شوێنی ململانێ و بەرژەوەندیی لایەنە ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەكان دەبێت، ئایا داعش سەرهەڵدەدات؟، رۆڵی ئیسرائیل چی دەبێت؟ گەر ئەم ئەگەرە روو بدات، پریشكی عیراق و سەرجەم ناوچەكە دەگرێتەوە، كوردیش لەوێ یەكگرتوو نەبن، زۆربەی دەستكەوتەكانیان لەناو دەچێت، بۆیە دەبێت ئەوان كارەساتی شەڕی ناوخۆی باشووریان لە بەرچاو بێت و بزانن کە زۆر لایەنی دەرەوە حەز بە بوونی كیانی كوردی ناكەن.
 نابێت هیزی چەكداری رۆژئاوا لە سوریا هەڵوەشێتەوە، با بە جۆرێك بن بەشێك بن لە سوپای داهاتووی سوریا و لە ژێركۆنترۆڵی كورددا بن.

کورد چی بکات؟ 
ئێستا دەسەڵاتی نوێی سوریا دەستی كردووە بە توندوتیژی، بەرامبەر عەلەوی و دروزەکان، پێموایە پاشماوەی رژێمی ئەسەد و لایەنی دەرەكیش هەوڵی سوود وەرگرتن لەو بارودۆخە دەدەن، باسی كشانەوەی ئەمریكاش دەكرێت، لەبەر ئەوە دەبێت كوردی رۆژئاوا، لە هەموو كات زیاتر، بە ئاگا و یەكگرتوو بن و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بكەن، بەڵام هەوڵی سەرەكی بۆ ئاشتی بێت.

وتارەکانی نوسەر