لە ئاسمانیش جیاوازی لە نێوان باكوور و باشووری هەولێر دەكرێت

10:54 - 2025-01-08
هێدی گەڵاڵی
133 خوێندراوەتەوە

 هێدی گەڵاڵی

یەكێك لە هۆكارەكانی پسبوونی ژینكەی بەشێكی هەولێر بۆ دروستبوونی ئەو چڕە دووكەڵە دەگەڕێتەوە كە بەهۆی پاڵاوگە نایاسایی و ئەهلییەكانەوە ئاسمانی هەولێری تەنیووە، ئەوەیش بۆ بێدەنگی و خەمساردی حكومەتی خۆجێیی هەولێر دەگەڕێتەوە، ئەگەرنا خەریكە شارێك لە دووكەڵ و تەمومژی دەستكردەوە، دەخنكێ و دەسەڵاتیش بێ باكە لەو كارەساتە.
هەر بەڕاستی كارەساتە بەڵام كارەساتێك لەبەرچاوی بەرپرسانی شارەكە روودەدات، نە بەدواداچوون دەكرێت و نەچارەسەریش، دیارە ئەو خەمساردییەی ئیدارە لە هەولێر بە قازانجی خاوەن پاڵاوگەنەوتی و غازییەكان و ئەو كارگانە دەشكێتەوە كە مادەی زیانبەخش بڵاودەكەنەوە، بەبێ رەچاوكردنی تەندروستی خەڵكی شار و مەملەكەت.
هەرئەو هۆكارانە وایانكردووە هەولێر زۆرترین تووشبوون بە شێرپەنجە لەسەر ئاستی عیراق تۆمار بكات، وەك ماوەیەك پێش ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق رایگەیاندبوو، كە لەسەر ئاستی پیاوان و ژناندا لە هەر 100 هەزار كەس 143 كەس تووشی شێرپەنجە بوون.
لەم رۆژانەدا شارەزایەكی بواری ژینگە و كیمیا رووپێوێكی لەبارەی پیسبوونی بەرگە هەوای هەولێر بۆ 24 سەعات ئەنجامدابوو، بۆی دەركەوتووە، رێژەی پیسبوون لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیاوازە، بەجۆرێك رێگای كەركوك و قوشتەپە كە دەكاتە باشووری هەولێر، رێژەكە دوو هێندەی رێژەی ستاندار بووە، هەروەك تێكڕای بیست و چوار سەعاتی رێگای مەخموور -گوێر لە باشووری خۆرئاوا چوار هێندەیە، كەچی بەپێچەوانەوە لەسەر رێگای هەولێر بۆ پیرمام و شەقڵاوە، كە دەكەوێتە باكووری شار، رێژەی پیسبوونی  ژینگە ستاندار و  ئاساییە.
پێموایە جیاوازیی پیسیوونی ژینگە لە یەك شاردا، بۆ كەمتەرخەمی و بێ باكی حكومەتی خۆجێیی ئەو شارە دەگەڕێتەوە، كە لە هەموو رووێكەوە گرنگی بە بەشێكی دەدات و بەشەكەی تر پەراوێز و فەرامۆش دەكات!

وتارەکانی نوسەر