ژێرخانی وەرزشیی وەك پاڵپشتێك بۆ یانەكان

10:55 - 2025-01-08
كاروان مەسعود
73 خوێندراوەتەوە

كاروان مەسعود

 

یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی زۆربەی یانەكان نەبوونی بەشی میدیای نوێ و ماركێتینگە، ژمارەی ئەو یانانەی كوردستان زۆر كەمن كە بتوانن سپۆنسەر بۆخۆیان پەیدا بكەن

لە مێژە دەوترێت، كاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، مەبەستی ئەم وتەیە زۆر روونە، بە كوردییەكەی كە گیرفانت پڕبێت، كێشەی هیچ شتێكت نابێت. مەبەستی من لەم نووسینە، تیشك خستنەسەر ژێرخانی وەرزشی یانەكانی كوردستانە، لە نێویشیاندا یانەكانی شاری هەولێر بە نموونە، كارگێری یانەكانی كوردستان زۆركات، گلەیی لە نەبوونی بودجە و دارایی دەكەن، بۆئەوەی چالاكییەكانیان پێ بەڕێوەببەن و زۆرجار بەو بیانووە لە خول و پاڵەوانێتییەكان دەكشێنەوە.
لێرەدا بۆئەوەی یانەكان ئەو گلەییانە نەكەن و بتوانن بەگوێرەی پێویست بەشداریی خول و پاڵەوانێتییەكان بكەن، پێویستە ژێرخانی وەرزشی خۆیان بونیاد بنێنن و پەرەی پێبدەن، بەجۆرێك وەبەرهێنان ئەنجام بدەن تا لەو رێگەیەوە داهات بەدەست بهێنن.
چەند یانەیەكی شاری هەولێر، ئەگەرچی خاوەن ژێرخانێكی باشن، كە خۆی دەبینێتەوە لە دوكان و ریستۆرانت و مەلەوانگە و یاریگای شەش یاریزانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژێرخانە نەبۆتە هۆی ئەوەی یانەكانی هەولێر بگاتە ئەو ئاستەی چاوەڕێی دەستی ئەم و ئەو نەبن! 
یان ئەوەتا پلانی گونجاوییان نییە بۆ ئیدارەدانی یانەكە، یانیش ئەوەتا خەرجیەكانیان لە داهاتەكانیان زۆر زیاترە و ناتوانن خۆیان لەگەڵی بگونجێنن، بە بۆچوونی من هەردوو بارەكە بە دروست دەزانم، چونكە لە هەردوو بارەكە پێیان بە قەد بەڕەكە راناكێشن!
ناكرێت لەم سەردەمەدا كە رێگاكانی بەدەستهێنانی داهات و دۆزینەوەی سپۆنسەر و پێشكەوتنی ماركێتینگ هەیە، تەنها پشت بەو مینحەیە ببەستیت كە حكومەت پێتان بدات، تا لەو رێگەیەوە چالاكییەكان ئەنجام بدەیت، دەكرێت پشت بە ژێرخانی وەرزشی و ئابووری خۆت ببەستیت و سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنن.
یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی زۆربەی یانەكان نەبوونی بەشی میدیای نوێ و ماركێتینگە، ژمارەی ئەو یانانەی كوردستان زۆر كەمن كە بتوانن سپۆنسەر بۆخۆیان پەیدا بكەن، مەگەر چەند یانەیەكی جەماوەریی نەبێت، لە شارێكی وەك هەولێر ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای خۆماڵی و بیانی لێیە، دەتوانن سوودییان لێوەربگرن، بەڵام دەبێت بزانن چۆن ماركێتینگ بۆ یانەكە دەكەن!
بۆیە گرنگە یانەكان پشت بە داهاتی خۆیان ببەستن، ساڵانە بەو رێژە داهاتەی لەبەردەستیانە پلان بۆ بەشداریكردن لە خول و پاڵەوانێتی و چالاكییە وەرزشیەكان دابنێن. وەك پێشینانیش ووتویانە، (گۆشتی رانی خۆت بخۆ، لە منەتی قەساب باشترە).

وتارەکانی نوسەر