كاروان مەسعود
چی دەبێت ئەگەر یاریگا و مەلەوانگە و گۆڕەپانە وەرزشییەكان بكرێن بە ناوی ئەو ئەستێرانەوە، كە بەشێكیان ژیانئاواییان كردووە؟!
وەرزش لە جیهاندا بۆتە بوارێكی هەرە زیندووی هەر وڵات و میللەتێك، ئەوەی بە رێگەی سیاسەت و ئابووریی نەتوانرێت بكرێت، رەنگە لە رێگەی وەرزشەوە بتوانرێت پەیامەكە زووتر بگەیەنرێت و ناو و ناوبانگ و دەنگدانەوەی زۆری هەبێت.
لە وڵاتان پاڵەوانانی وەرزشی رێزێكی تایبەت و لە پێگەیەكی گەورەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بەجۆرێك رێز لە ماندووبوون و بەخششەكانیان، لە پێناو وڵاتەكەیان یان شارەكەیان بۆ وەرزش دەگیرێت، بۆ نموونە لە ئینگلتەرا پەیكەری ئەستێرەكانی تۆپی پێ لەبەردەم یاریگا بەناوبانگەكان دانراوە، لەوانە راهێنەران و یارییزانانی پێشوو (ئەلێكس فێرگسۆن) و(ئارسن ڤینگەر و تێری هێنری) و هتد.
بەهەمانشێوە لە ئیتاڵیا بەشێكی یاریگا دیارەكان بە ناوی یارییزانانی ئەستێرەوە نراون، وەك جۆزێپی میاتزا و دیگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریگای ریال مەدرید لە ئیسپانیا، زۆر نموونەی دیكەی زیندووی یارییە جۆراوجۆرەكان هەن، بێگومان ئەمانە هەمووی لە پاڵ ئەو دەستكەوت و مێژووەیە كە تۆمارییان كردووە.
بە پرسیارێك دەچمە نێو(ناواخنی) كڕۆكی بابەتەكە، ئایا وەرزشكاران و پاڵەوانانی شاری هەولێر چیان بۆ كراوە؟! كام هۆڵی وەرزشی و یاریگا و ژوور و مەلەوانگە و ئەوانی دیكە بە ناوی ئەستێرەكانی بواری وەرزشی شاری هەولێرن؟! كام شەقام و كۆڵان و گۆڕەپان بەناوی ئەو پاڵەوانانەی وەرزش كراوە، كە رۆژانێك و ساڵانێك ناوی شاری هەولێرییان لە پاڵەوانێتی و خولەكانی ناوخۆ و عیراق و تەنانەت دەرەوە بەزێڕ دەنووسییەوە.
شەهید موڕسەل و خالید رەسول و كانەبی حەمباڵ و مەمۆی شێخی راهێنەران شێرۆ خەلیل و محەمەد عوسمان و محەمەد یاسین و مەجید میرخان و شوان تەڵعەت و هاشم ریازی و عادل شاكر و ئەسعەد عەلی و نەجات عەبدولواحید، هەروەها یاسین تاهیر و مزۆ لەشكری و نەریمان محەمەد و سەرهەنگ عەبدولخالق و خالس قۆجە و شاخەوان مەجید و سدیقی گچكە، ئەوانە هەمووی وەرزشكار و پاڵەوانی وەرزشی شاری هەولێرن، بۆ تا ئێستا ئیدارەی خۆجێی پارێزگای هەولێر، تەنانەت خودی یانەكانیش، كارێكی لەم شێوەیان نەكردووە كە ناوی ئەو وەرزشكارانە هەر بە زیندووی بمێنێتەوە.
چی دەبێت ئەگەر هۆڵ و یاریگا و مەلەوانگە و گۆڕەپانە وەرزشییەكان بكرێن بە ناوی ئەو ئەستێرانەوە، كە بەشێكیان ژیانئاواییان كردووە؟! دڵنیام كارێكی لەم شێوەیە رۆحی ئەوان و كەسوكار و شەقامی وەرزشی شاری هەولێریش ئاسوودە دەكات، چونكە شاری هەولێر شارێكی وەرزش دۆستە، با لە پاڵ ناوی شاعیران و هونەرمەندان و سەركردە و كەسایەتییەكان، ناوی وەرزشكارانی ئەستێرە و پاڵەوانی هەولێر بخرێتە سەر شەقام و كۆڵان و یاریگا و هۆڵەكان.