رۆڵ و هێزی زمان لە شەڕی دەروونی و ستراتیژەکانی پەیوەندیی دیجیتاڵیدا

07:12 - 2025-01-08
پرۆفیسۆر د. عەباس مستەفا
153 خوێندراوەتەوە

زمان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە شەڕی دەروونی و ستراتیژەکانی پەیوەندیی دیجیتاڵیدا و  ئامرازێکە کاردەکات بۆ دەستکاریکردن، رازییکردن و کۆنترۆڵکردنی تێڕوانینەکان بۆئەوەی دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت. لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیدا، زمان بەکاردەهێنرێت کە کاریگەری هەبێت لەسەر هەست، بیروباوەڕ، رەفتاری دوژمن، سەرلێشێواویی و دواجار ترس و بێمتمانەییش دەهێنێتە ئاراوە.  چ لە رێگەی پروپاگەندە یان لە رێگەی زانیاری هەڵەوە، گۆڕین و بەکارهێنانی شێوازی جیاجیای زمان، ئامانج لێی تێکدان و دابەزاندنی مۆڕاڵە و لە هەمانکاتدا کاریگەریی دروستکردنە لەسەر توانای بڕیاردانی بەرامبەر.
  لە کاتی شەڕی سارددا، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت هەڵمەتی پروپاگەندەی بەرفراوانیان   Extensive Propaganda Campaigns بڵاودەکردەوە. پەخشی رادیۆی ئەوروپای ئازاد هاووڵاتیانی ئەوروپای خۆرهەڵاتیان دەکردە ئامانج، بە بەکارهێنانی زمانی پوخت و داڕێژراو بۆ بەرنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیست و پیشاندانی ئەرێنی بەها باڵا دیموکراسییەکانی خۆرئاوا.  بە پێچەوانەوە سۆڤیەت بۆ چاندنی ترس و بێمتمانەیی لە نێو هاووڵاتییاندا، زاراوەی سووکایەتیکردن بە سەرکردەکانی خۆرئاوا وەک دەستدرێژیکارانی ئیمپریالیستیImperialist Aggressors   ناوزەدی دەکردن.
لە جەنگی دووەمی جیهانیدا هێزەکانی هاوپەیمانان Allied Forces ملیۆنان نامیلکەیان بەسەر خاکی دوژمندا فڕێدەدایە خوارەوە، زمانی قایلکەریان Persuasive Language  بەکاردەهێنا بۆ نەهێشتنی مۆڕاڵی سەربازانی بەرەکانی شەڕ. پەیامی وەک «سەرکردەکانتان لە پێناو دۆزی ونبوودا ئێوە دەکەنە قوربانی» بۆ دروستکردنی گومان و نائومێدی لەنێو سەربازەکاندا، دادەڕشت.  ئەم تاکتیکانە هێزی دەروونی زمانیان Psychological Power of Language لە شەڕدا نیشان دەدا.
ئینتەرنێت Internet وەک پەیوەندیی دیجیتاڵی، دیمەنی ئۆپەراسیۆنە دەروونییەکانی گۆڕیوە، رێگەی نوێی بۆ پەیوەندییە ئامانجدارەکان دابینکردووە.  دەتوانرێت پەیامەکان بە شێوەیەک دروست بکرێن کە سەرنجی گروپە تایبەتەکان رابکێشن لەسەر بنەمای شیکاری داتا، ئەمەش پروپاگەندەی دیجیتاڵی  Digital Propaganda لە جاران کاریگەرتر دەخاتەڕوو. ئەو ئامار و زانیاریانەی کە بۆ گەورەکردنی هەندێک جۆری ناوەڕۆک داڕێژراون، دڵنیایی دەدەن لەوەی کە پەیامە قایلکەرەکان دەگەنە زۆرترین ئامادەبووان، دەنگدانەوەی وا بە هێز دروستدەکەن، کە زانیارییە درۆینەکان دەتوانن بەبێ پشکنین بڵاوببنەوە و بگەنە هەموو شوێنێک.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی2016 دا، سۆشیالمیدیا بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و وروژاندنی دووبەرەکی لە نێوان خەڵکدا بەکارهات. ئەو گروپانەی پێیان دەگوترا کێڵگەی ترۆڵTroll Farms هەزاران ئەکاونتی ساختەیان دروستکرد بۆئەوەی ئەو پۆستانە بڵاوبکەنەوە کە سوودیان لە ناکۆکییەکانی هەنووکەیی نێو کۆمەڵگادا وەرگرتووە. زاراوەی وەک هەواڵی ساختە   Fake News بۆتە جێی بایەخ، زمان وەک ئامرازێک بەکاردێت بۆ تێکدانی متمانەی خەڵک بە میدیای تەقلیدی و لە قاڵبدانی تێڕوانینی دەنگدەران.
لە شەڕی دیجیتاڵیدا زۆرجار زمان وەک چەکێک بەکاردێت بە هەڵبژاردنی وشە یان دەستەواژەیەک کە هەست و سۆزی بەهێزی لێبکەوێتەوە، ئەمەش دەتوانێت سووکایەتییکردن بە نەیارەکان بە ناوی نەرێنی یان گێڕانەوەی چیرۆکێکەوە، کە وایان لێدەکات خراپ یان هەڕەشەئامێز بیانخەنەڕوو.
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گروپەکانی وەک داعش ISIS سۆشیالمیدیا بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیام و راکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان. داعش زاراوەی وەک جەنگاوەری پیرۆزHoly Warrior یان شەهیدبوون Martyrdom بۆ تاکەکانی خۆیان بەکاردەهێنن، بۆئەوەی کارەکانیان بە راست و رەوان پیشانبدەن و شوێنکەوتووان بۆ خۆیان رابکێشن، لە هەمانکاتدا دوژمنەکانیان بە «کافر  Infidels یان چەوسێنەر Oppressor ناودەبەن بۆ ئەوەی بە خراپ و دێوەزمە بیانناسێنن. ئەم جۆرە زمانە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەهێزی هەبێت لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤ، وایان لێدەکات زیاتر باوەڕیان بە پروپاگەندە هەبێت لەوەی راستییەکان وەک خۆی ببینن.
لە سەردەمی کۆڤید-19دا هەندێک کەس زانیاری ناڕاستیان لە سۆشیالمیدیا بڵاودەکردەوەو سەرلێشێواویی و بێمتمانەییان لەبارەی ڤاکسین و ئامۆژگارییە تەندروستییەکانیان دروست دەکرد. وشەکانی وەک پەتای توند Plandemic بەکارهێنران بۆئەوەی ئاماژە بەوە بکەن کە پەتاکە، پیلانێکی بە ئەنقەست بووە و زیانی بە هەوڵە جیهانییەکان گەیاندووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لەگەڵ  پێشکەوتن و گۆڕانکاریی و بەرەوپێشەوەچوونی سۆشیالمیدیا و تەکنۆلۆجیا، شێوازەکانی بەکارهێنانی زمان لە شەڕی دەروونیشدا بە هەمانشێوە دەگۆڕدرێن. کۆنترۆڵکردنی زمان وەک رێگەیەکی بەهێز دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر مرۆڤ و داڕشتنی بۆچوون و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ئاراستەی جیاجیا.

سەرچاوەکان:
1. McCuen, J. (2020). «The Power of Words in Psychological Warfare.» Journal of Military Strategy.
2. Jamieson, K. H., & Campbell, K. K. (2019). The Interplay of Media and Power in Political Communication. Oxford University Press.
3. Wardle, C., & Derakhshan, H. (2017). «Information Disorder: Toward an Interdisciplinary Framework for Research and Policy Making.» Council of Europe.
4. Vargo, C. J., et al. (2021). «Digital Propaganda: The Weaponization of Language in Modern Conflicts.» Global Media and Communication Journal.

*دکتۆرا لە زمانناسی/ پراگماتیکس 
مامۆستای زانکۆی سلێمانی و ئەندام لە ACNS

وتارەکانی نوسەر