هێزی وشە و ستراتیژییەکانی زمان لە هونەری دانوستاندندا

09:52 - 2024-08-14
پرۆفیسۆر د. عەباس مستەفا
383 خوێندراوەتەوە

پڕۆفیسۆر د.عەباس مستەفا عەباس*


پەیوەندیی نازارەکی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دانوستانەکاندا. زمانی جەستە، جوڵە و پیشاندانی دەموچاو و تۆنی دەنگ دەتوانێت پەیامە زارەکییەکان بەهێز بکات یان تێکبدات


زمان لە هونەری دانوستاندا رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ دەگێڕێت. وشە و ستراتیژییەکانی زمان پێکەوە دەتوانن پەیوەندیی کاریگەر بۆ سەرکەوتن یان شکستی دانوستانەکان دیاری بکەن، جا لە بازرگانی، دیپلۆماسی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان کارلێکی رۆژانەی نێوان کەسەکاندا روو بدەن. 
لایەنێکی دیار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی چارەنووسساز، توانای بەکارهێنانی زمانی قایلکەرە، کە بریتییە لە ستراتیژی چۆنییەتی خستنەڕووی هەڵوێستی مرۆڤ بە روونی و لە هەمان کاتدا تێگەیشتن بۆ چارەسەرکردن و گەیشتنە بە بەرژەوەندیی هاوبەش و لابردنی نیگەرانییەکانی لایەنی بەرامبەر.
 گوێگرتنی دروست یەکێکی ترە لە ستراتیژییە گرنگەکانی بەکارهێنانی زمان. تەنها بیستنی ئەو وشانەی لایەنی بەرامبەر نییە، بەڵکو تێگەیشتن لە هەست و مەبەستە بنەڕەتییەکانیش دەگرێتەوە و زۆر جاریش زانین و دەستنیشانکردن و دەرخستنی پەنهانەکانە لە ناخی بەرامبەر بۆ گەیشتن بە ئاستی مەبەستناس.  ئەم ستراتیژە یارمەتیدەرە لە دروستکردنی پەیوەندی و متمانە دروستکردن، کە پێکهاتەی سەرەکین بۆ دانوستانە سەرکەوتووەکانی نێوان لایەنەکان. سەرەڕای ئەوەش، گوێگرتنی کارا و دروست رێگە بە دانوستانکاران دەدات کە خاڵە هاوبەشەکان و بوارەکانی ئەگەری سازشکردن دەستنیشان بکەن.

ستراتیژێکی تری گرنگی زمان
بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی تۆکمەی کارا بۆ لێکتێگەیشتن، ستراتیژی زمان هەنگاو دەنێت بەرەو  پێشکەشکردنی زانیاریی بە شێوەیەک کە تیشک بخاتە سەر سوودەکانی یان دەرخستنی کەمترین لە کەموکوڕییەکان.  دانوستاندکاران دەتوانن لە رێگەی بە وردی هەڵبژاردنی وشە و پێکهاتە و دروستکردنی ئارگیومێنتەکانەوە کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و بڕیارەکانی لایەنی بەرامبەر هەبێت. بۆ نموونە دەتوانێت جەخت  لەسەر دەستکەوتی  رێککەوتنێکی هاوبەشی پێشنیازکراو و سەرنجڕاکێشتر بکات و پێداگیر بێت بۆ بە دەستهێنانی زۆرترین دەستکەوت.  لە کاتی دانوستانەکانی ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ رێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکوور (NAFTA)، نوێنەرانی ئەمریکا رێککەوتنەکەیان وەک دۆخێکی بردنەوە - بردنەوە لە چوارچێوەیەکدا خستەڕوو، جەختیان لەسەر سوودە ئابوورییە هاوبەشەکان کردەوە، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە کۆکردنەوەی پشتیوانی هەردوو مەکسیک و کەنەدا.
ستراتیژێکی تری گرنگی زمان، بەکارهێنانی مێتافۆر و لێکچوونە. ئەم ئامرازە زمانەوانیانە دەتوانن پرسە ئاڵۆزەکان سادە بکەنەوە و گرێکوێرە نەهێڵن و تێگەیشتنێکی هاوبەش دروست بکەن. رێککەوتنەکانی کەمپ - دەیڤید ( Camp David Accords) لە نێوان میسر و ئیسرائیل کە لەلایەن ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مێناخیم بیگین لە 17ی ئەیلوولی 1978 واژۆکرابوون نموونەیەکی سەرەکین بۆ ئەم جۆرە ستراتیژە.  جیمی کارتەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زۆرجار مێتافۆرەکانی ئاشتی و سەقامگیری بەکاردەهێنا، کە دەنگی دایەوە و بووە هۆی ئاسانکاری بۆ رێککەوتنێکی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات.

بێڕێزیکردن بەرامبەر یەکتر
 هەروەها ستراتیژییەکانی رێز رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. پاراستنی رێز و نیشاندانی رێز دەتوانێت رێگری بکات لە تێکچوونی دانوستانەکان بەهۆی هەستکردن بە سووکایەتیکردن یان بێڕێزیکردن بەرامبەر یەکتر یان لایەنێک بەرامبەر لایەنیتر.  لە دانوستانەکانی کە بووە هۆی رێککەوتنی بێلفاست کە بە (  Good Friday Agreement) رێککەوتنی هەینی پیرۆزیش ناسراوە، رێککەوتنی هەینی پیرۆز، رێککەوتنێک بوو لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و  ئیرلەندای باکوور لە ساڵی 1998 کە حوکمڕانی لە ئیرلەندای باکوور چۆن بەڕێوەبچێت، دانوستاندکاران وریا بوون لە بەکارهێنانی زمانێک کە دان بە ناسنامە و نیگەرانییەکانی هەردوو لایەن بنێن، ئەمەش هۆکارگەلێکی بنەڕەتی بوو بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی و رێککەوتن.
 هەروەها پەیوەندیی نازارەکی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دانوستانەکاندا. زمانی جەستە، جوڵە و پیشاندانی دەموچاو و تۆنی دەنگ دەتوانێت پەیامە زارەکییەکان بەهێز بکات یان تێکبدات. بە شارەزایی و زانینی ئەم ئاماژانە و وەڵامدانەوەی گونجاو دەتوانرێت کاریگەری تاکتیکییەکانی دانوستاندنەکان، ببنە رێچکەیەکی دروست و  مرۆڤ بەرز بکاتەوە و سەریبخات بۆ قۆناغێکی گرنگ و پڕ دەستکەوت. بە پێچەوانەوە خراپ بەکارهێنانی ستراتیژییەکانی زمان دەرئەنجامی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

تۆوی ناڕەزایی چاند
پەیمانی ڤێرسای (The Treaty of Versailles ) لە 28ی حوزەیرانی 1919 لەلایەن ( Germany and the Allied Nations) ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانەوە واژۆ کرا و بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم هێنا.  مەرجەکانی پەیماننامەکە داوایان دەکرد ئەڵمانیا قەرەبووی دارایی بداتەوە و لە چەک دابماڵرێت و خاکەکەی لەدەست بدات و دەستبەرداری هەموو کۆلۆنییەکانی دەرەوەی وڵات بێت. ئەم  پەیمانەی ڤێرسای کە لە ساڵی 1919 کۆتایی بە جەنگی یەکەمی جیهانی هێنا وەک شکستێک لە زمانی دیپلۆماسیدا ئاماژەی پێدەکرێت و بووە هۆی نیگەرانی لایەنێک.  ئەو زمانە توند و سزابەخشەی کە لە پەیماننامەکەدا دژی ئەڵمانیا بەکارهاتبوو، تۆوی ناڕەزایی چاند، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی نازیزم و توندڕەوی کە دواجار خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی وێرانکەر و ئەوە بوو جەنگی دووەمی جیهانی لێکەوتەوە و هیتلەر بێ هیچ خۆپارێزی و نەرمی نواندنێک رق و قینەی تۆڵەکردنەوەی کردە کردار و  جەنگی دووەمی جیهانی  بەدواداهات و بووە هۆی وێرانکاریەکی گەورە و دەیان ملیۆن مرۆڤیش بوونە قوربانی.
 بەڵگەنامەکانی دانوستاندنە سەرکەوتووەکان گرنگی ئەم ستراتیژیانەی زمان دەردەخەن. دەقی رێککەوتنی پاریس سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا زمانێکی ورد نیشان دەدات کە هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانی زیاتر لە 190 وڵاتدا دروست دەکات و هاوکاری  و هەماهنگی نێودەوڵەتی بەرەوپێش دەبات. بە هەمان شێوە ئەو زمانەی کە لە رێککەوتننامەکانی هێلسنکی ساڵی 1975دا بەکارهاتووە، یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی جەنگی سارد لە رێگەی بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و هاوکاری ئابووری.

جیهان لە قاڵب بدات
 لێرەدا دەمەوێت بڵێم بەکارهێنانی ستراتیژەکانی زمان لە دانوستاندنەکاندا، جۆرێک لە پەیوەندیی قایلکەر، گوێگرتنی کارا و چالاک، چوارچێوە و سنوردانان، بەکارهێنانی مێتافۆر، ئەدەب و رێز، ئاماژەی نازارەکی لەخۆدەگرن  بۆیە بە بوونی ئەزموون و شارەزابوون لەم ستراتیژیانە دەتوانرێت لایەن و دانوستاندکارەکان بگەنە لوتکەی لێکتێگەیشتن و ئەمەش ببێتە هۆی دەرئەنجامە ئەرێنی و  سەرکەوتووترەکان، بە لێزانیی و پەیڕەوکردنی بنەماکانی بەکارهێنانی ستراتیژەکانی زمان رێککەوتنەکان سوودبەخش دەبن بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.  وەک مێژوو نیشانی داوە، هێزی وشە لە دیپلۆماسیدا دەتوانێت چارەنووسی گەلان و مرۆڤایەتی لە پێناو ئاشتی و بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورەتر بۆ خۆشگوزەرانی زۆرتری مرۆڤایەتی بەدیبهێنێت و جیهان بەو ئاراستەیە لە قاڵب بدات.

* دکتۆڕا لە زمانناسی/ پڕاگماتیکس 
مامۆستای زانکۆی سلێمانی و ئەندام لە ACNS

پەیوەندیی نازارەکی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دانوستانەکاندا

وتارەکانی نوسەر