کوردستانی نوێ ؛ ئیلهامبەخشی گۆڕانکاری و پێشەنگی رێگا

09:54 - 2025-01-14
عومەر قادر وسو
37 خوێندراوەتەوە

کوردستانی نوێ توانیویەتی ژمارەیەکی باش رۆژنامەنووسی بەهرەمەند بەرهەم بهێنێت و رۆژنامەکەش لە مەودای کارکردنیدا توانیویەتی سەرکەوتووانە بە زمانی رەوانی دەربڕین، هەواڵ و کارەسات و کێشەکان بگوازێتەوە

دوا بە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بەدرێژایی مێژوو جگە لە زەبر و زەنگ و رەشەکوژی کورد، سانسۆری هەمەلایەنەش لەسەر راگەیاندنی کوردی دەبینراو نقەی لە نووسەری کورد بڕیبو و نوزەی لێوە نەدەهات، لەکاتێکدا ئێمەی کوردیش هێندەی گەلانی تر و دەتوانین بڵێین زیاتریش پێویستیمان بە رۆژنامە هەیە، ئاواتی لە مێژینەی کوردیش بوو بگاتە ئەو ئاستەی لە راگەیاندندا بڵاوکراوەیەکی رۆژانەی ئازادی خۆی هەبێت، کە خەونی لە مێژینەمانەو مێژوویەک بوو خۆمان بۆ ئامادە کردبوو بێتە دی . 

پێویستی بوونی رۆژنامەیەکی رۆژانە
دیارە بۆ بەدیهێنانی خەون و هیوای نووسەران و روناکبیرانی کورد، دوای رزگاربوون لە دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس، رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) پێداگری کرد، لەسەر پێویستی بوونی رۆژنامەیەکی رۆژانەی ئازاد، پەی بەوە بردبوو، کە دەبێ قەڵەم جێگەی چەک بگرێتەوە، لەو پێناوەدا هەوڵەکانی چڕکردەوە، تا (ی.ن.ک) لە ساڵی 1992 توانی یەکەم ژمارەی کوردستانی نوێ دەربکات، بەوەش کوردستانی نوێ توانی ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە کە یەکێکە لە پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک و کەرەسەی چالاکییەکانی رۆژانەی کادری حزبییە.
 کوردستانی نوێ هەروەها توانی ژمارەیەکی باش رۆژنامەنووسی بەهرەمەند بەرهەم بهێنێت و رۆژنامەکەش لە مەودای کارکردنیدا توانیویەتی سەرکەوتووانە زمانی رەوانی دەربڕینی هەموو ئەو هەواڵ و کارەسات و کێشانە بێت، کە لە جیهان و ناوخۆی وڵات و دەوروبەر رۆژانە روویان داوە، توانیویەتی راستییەکان تۆمار و بگوازێتەوە بۆ خوێنەران کە بە تاسەوە بە دوایاندا دەگەڕێن، دەتوانین بڵێین سەردەمێک ئەرکی ئەم رۆژنامەیە کەمتر نەبووە لە ئەرکی رزگارکردنی هەرێم لە رەفتارەکانی بەعس و عەقڵیەتی حزبیی خێڵەکی و کۆنەپەرستی ناوخۆ، کە هەمیشە لە خزمەت ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستاندا بوون، هەروەها بەرپەرچدانەوەی درووشمی ساختە و پەیوەستکردنی گەل پێیانەوە و چەوسانەوە و لەتوپەتکردنی ریزەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و درزخستنە نێوانیان و بێهێزکردنی بەرامبەر دووژمنان، کە تا ئەم چرکەساتەش بەردەوامی هەیە . 

دەرخەری دەنگە دلێرەکان بێت
بۆ داهاتووش پێویستە کوردستانی نوێ، ترس و دوودڵی وەلانێ و لە سەکۆی ئازاد و لاپەڕە سەربەستەکانی رۆژنامەکە دەرخەری دەنگە دلێرەکان بێت و پەردە هەڵماڵێ لەسەر کۆی شتە شاراوەکان، لاپەڕەی ئازادیش پێویستە زیاتر هاوکاربێت لە جێگیرکردن و جێکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان، پاراستن و رێزلێگرتنیان، هەرچەندە لەگەڵ بیر و بۆچوون و باری سیاسی رۆژنامەکەشدا نەگونجێت بە ئامانجی پەرەپێدانی دیالۆگی هاوچەرخ . 
ماوەتەوە بڵێین درک بە ماندووبوون و شەونخونی سەرنووسەر و سەرجەم کادرە پسپۆڕە جیاجیاکان و بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکە دیار و پرشنگدارە، بەتایبەت دەوری درەوشاوەی ئێستای کوردستانی نوێ، کە ماوەی نەدا فەرمانبەرانی حکومەت ئەرکی سەرشانیان بیربچێتەوە، بەرامبەر جەماوەر و لە کێشە و کەم و کوڕییەکان و کەمتەرخەمییەکانیان بە ئاگایان دێنێتەوە.

بایەخی زیاتری پێ بدرێت
 ئەرک و ماندووبوونتان لە بەرچاوانە، سوپاس بۆ ماندوبوون و هەوڵەکانتان لە پێناو گەشەپێدانی کوردستان و رۆژنامەگەری کوردی، داواکارین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بایەخی زیاتر بە رۆژنامەکە بدات، رۆڵی ئەو ستافە ماندوونەناسەی رۆژنامەکە لەبەرچاو بگرێت، پشتیوانی زیاتر بن، بە هیوای سەرکەوتن، یادی دەرچوون و بەردەوامیتان پیرۆز، سەرفرازبن .

وتارەکانی نوسەر