رۆڵی زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا

10:48 - 2025-01-14
هیوا یوسف
64 خوێندراوەتەوە

لەبنەڕەتدا، زانکۆکان ناوەندێکی گرنگ و کاریگەرن بۆ پێشخستنی ژێرخانی وڵات، کۆمەڵگەکان لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بەجۆرێک وەک چۆن دایک، کاریگەریی لەسەر پەروەردەی منداڵەکەی هەیە زانکۆکانیش رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێگەیاندن و دروستکردنی تاکێکی بەرهەمهێن و زانستخوازدا، پاشان لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.

رۆڵی زانکۆ چییە؟
زانکۆ و پەیمانگەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە باشترکردنی ژێرخانی کۆمەڵگەدا، ئەم رۆڵانە دەتوانرێت لە پێنج خاڵدا روون بکرێنەوە:
1. پسۆڕیی و پێدانی بڕوانامە: زانکۆکان خوێندکاری شایستە بەرهەمدەهێنن، بەجۆرێک بە پێدانی بڕوانامە بەو پسۆڕییانەی کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، هەروەها لە رێگەی توێژینەوە و چالاکییە پەروەردەییەکانەوە، بەشدار دەبن لە گەشەسەندنی ئابووریی و ئاستی تەکنۆلۆژیا لە کۆمەڵگەدا.
 2. توێژینەوە و داهێنان: زانکۆکان بە توێژینەوەی زانستیی، چارەسەری زانستیی بۆ ئەو کێشانە دەدۆزنەوە، کە رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، ئەو توێژینەوانەش بنەمای پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکانن.
 3. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی: زانکۆکان هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی تاکەکان زیاد دەکەن، بە پێشکەشکردنی بەرنامەی هۆشیاریی و راهێنان بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێک، هاندەری بەشداریی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بۆ بەشداربوون لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە.
 4. گەشەپێدانی ئابووریی: زانکۆ و پەیمانگەکان بەشێکی کاریگەرن لە گەشەکردنی ئابووریی ناوخۆیی و نیشتمانیدا، بە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لە بواری کارگێڕی و گەشەپێدانی بازرگانیدا. 
5. گەشەپێدانی کەلتووریی و کۆمەڵایەتیی: زانکۆکان لە رێگەی بۆنە کەلتوورییەکان و بەرنامە و پڕۆژە کۆمەڵایەتییەوە هاودەنگی کۆمەڵایەتیی بەرەوپێش دەبەن.
ئەم رۆڵانە ئەوە دەردەخەن کە زانکۆ و پەیمانگەکان چەندە گرنگن لە بەهێزکردنی ژێرخانی کۆمەڵگەدا. 
بێگومان لەگەڵ باسکردنی رۆڵی زانکۆ و پەیمانگەکان، پێویستە ئاماژە بە رۆڵ و کاریگەریی بەشەناوخۆییەکان لەسەر خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بدەین، وەک بەشێکی گرنگ لە ژیانی خوێندکاراندا: من وەک خوێندکاری بەشەناوخۆیی دەمەوێت باس لە گرنگیی ئەو بەشەی ژیانی زانکۆ بکەم، لە روانگەی خۆمەوە گرنگیی و کاریگەریی بەشەناوخۆییەکان لەسەر ژیانی خوێندکاران بخەمەڕوو:
پێش هەموو شتێک، کاتێک خوێندکارێک دەچێتە زانکۆ ئەوکاتە هەست بە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆیی دەکات، بەجۆرێک خوێندکار خۆی بەرپرس دەبێت لە ئامادەکردنی خواردن و تێرکردنی سکی، هەروەها بەرپرسە لە پاککردنەوە و خاوێنڕاگرتنی شوێنی مانەوەی و فێردەبێت تەنیا پشت بەخۆی ببەستێت، لە هەموو بارودۆخێکدا چ ئەگەر تووشی نەخۆشی بێت یان تووشی شکست بێت لە تاقیکردنەوەکاندا، ئەمانە و چەندین خاڵی دیکە وادەکەن تاکێکی خۆڕاگر، بەرهەمبهێنین کە لەهەموو دۆخێکدا تەنیا پشت بە توانای خۆی ببەستێت.
کاتێکیش خوێندکارێک دەچێتە زانکۆ و لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێنێتەوە، باشترین دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی پتەو لەگەڵ خوێندکارانی دیکەدا، ئەمەش هۆیەکی گرنگە بۆ ناسین و ئاشنابوون و فراوانبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی.

وتارەکانی نوسەر