داماڵینی چەک یان کۆتکردنی هێزی خەڵک؟

10:56 - 2025-01-16
هیوا محەمەد
3139 خوێندراوەتەوە

چەک لای خەڵکە نەک حزبێکی دیاریکراو، خەڵکیش لە رۆژئاوا وەک کورد خۆی بەخاوەن هەق دەزانێت و هەر خاوەن هەقیشە

هەر لە مێژە وابووە کە دەسەڵات کەمینەی جەماوەری لەگەڵ بووە ئەگەر زەبروزەبگ و خۆسەپاندنی بەکار نەهێنابێت، لەم حاڵەتەشدا خەڵک بە خواستی خۆی لەگەڵی نەبووە، دەزانین کە سەدام پێس روخانی، لەدوا هەڵبژاردندا نزیک بە ٪100 ی دەنگی عیراقییەکانی هێنا کە ئەمە جێگەی باوەڕ نییە.
هەمیشە خەڵک کە دەبێتە زۆرینە خاوەنی هەقن، لەبەر ئەمە ناکرێت خەباتی خەڵک بە گشتی بخرێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە وەک ئەوەی بە خەڵکی فەلەستینی لە غەززە دەوترێت و کوێرانە شارێکیان بەسەردا وێران دەکرێت.

هیوایان لەسەر هەڵمەخەن
ئەوەی لەم ناوچەیە دەبیندرێت و دەیان کەس سیناریۆی جیاوازیی خەون ئاسای بۆ دادەنێن و زۆریان پشتبەستن بە نەخشەڕێی بێسەروبەری ناتانیاهۆ، ئەو کەسایەتییەی جگە لەوەی چەند کەیسی گەندەڵی لەسەرە، سەرکردە و داڕیژەری ئەو هێرشانەی سەر غەززەیە کە زیاتر لە 15 هەزار منداڵی کوشتووە، ئیتر شەرم نییە هیواکانمان هەڵخەین لەسەر وتەی کەسێکی ئاوا و پێمان وابێت دوا مەنزڵی گەیشتنمان بە سەربەخۆیی لای ئەوە؟
ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، هەرچی ئەوانەن کە لەو حزبەدان، خەڵکی لوبنانن بە بیروباوەڕی تایبەتی خۆیان کە سەر بە مەزهەبی شیعەن، لە حزبایەتیشدا دەکرێت هەر بیروباوەڕێکت هەبێت و دژی کۆمەڵگە نەبیت، ئەوەتا ئەوانەی کە سەردەمێک سەری خەڵکیان بە شمشێر دەپەڕاند، ئێستا بوونەتە دەمڕاستی وڵاتێک و جیهان روویان لێدەنێت.
حزبوڵڵا لە دژی فراوانخوازیی و خۆسەپاندنی ئیسرائیلن، ئیتر ئەگەر ئەو سیاسەتە فراوانخوازییە بوەستێت و سنووردار بکرێت، کەس نایەت و لە دژیان بوەستێتەوە، بەتایبەتی کە لەسەر ئاستی جیهان ئیسرائیل وەک وڵاتی دانپیادانراو ناسێنراوە و کەس ناتوانێت بیسڕێتەوە.
بەوەی کە رژێمی سوریا گۆڕا و ئەسەد بەجێیهێشت، بەرژەوەندی و هەژموونی روسیا و ئێرانیش نەمان، بەمەش قەڵای حزبوڵڵا و حەماسیش لاواز دەبێت، لێرەوە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگر بەست لە غەززە و رێکەوتن لەگەڵ لوبنان، مەرجەکانی توندتر کردووە و خۆی بە سەرکەوتووی یەکەمی ناوچەکە دەزانێت، بەتایبەتی کە تورکیاش وەک بەرەی سوننەی ئیخوانیی هاوڕایەتی.
ئێستا ئەوان دەیانەوێت ئەو دوو بزووتنەوە مەزهەبییە چەک بکەن و بەرگی سەربازییان لێداماڵن تا مەترسیی ئەوان بۆسەر ئیسرائیل بنبڕ بکەن.

تورکیاش هەمان خواستی هەیە
تورکیاش، هەمان خواستی هەیە بۆسەر کورد بەتایبەتی لە رۆژئاوا، ئەوان دەیانەوێت ئەگەر بۆیان بکرێت لەماوەی شەو و رۆژێکدا ئەوەی پێی دەوترێت قەوارەی کوردی لە سوریا لەناوی بەرن، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی (کاتیی) ئەمریکا و چاوسوورکردنەوەی هەندێک وڵاتی ئەوروپی لە تورکیا، پیشدەخۆنەوەوە هەڕەشە دەکەن و دەڵێن دەبێت ئەو چەکدارانەی هەسەدە بخزێنرێنە ناو سوپای سوریاوە، ئەو سوپایەی کە روونە لە کوێوە هاتووە و سەرکردەکانی لەژێر هەژموونی کێدان!.
ئەوەی لە رۆژئاوا دەیبینین پێیدەوترێت ناکۆکی نێوان خەڵک و دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە چەند هەفتەیەکە لەناو چووە و جێگرەوەکەشی لەژێر گوشاری تورکیادا، هێندە رووناکایی تیادا نییە کە مافەکانی گەلی کورد لەو وڵاتە بپارێزێت و بەرەسمی بیناسێنێت، هەربۆیە ناکرێت چەک دابماڵدرێت لە کورد، ئەگەر کێشەکە بە سیاسیی چارەسەر نەکرێت و بنبڕ نەکرێت و نەخرێتە دەستووری نوێی سوریاوە، چونکە چەک لای خەڵکە نەک حزبێکی دیاریکراو و خەڵکیش لە رۆژئاوا وەک کورد خۆی بەخاوەن هەق دەزانێت و هەر خاوەن هەقیشە.

وتارەکانی نوسەر