پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
(من تەنها لەبەرئەوە دەژیم کە هەرکاتێک بمەوێت، دەتوانم بمرم. ئەگەر بیرۆکەی خۆکوشتن خۆی نەبوایە، هەر لەسەرەتاوە خۆمم دەکوشت). ئیمیل سیۆران
خۆکوژی هێندەى دێرینیى مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە دێرینە. لە دیدى کۆمەڵناسییەوە خۆکوشتن هەڕەشەیە بۆ سەر یەکگرتوویی کۆمەڵگە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە یەکێک لە وزەکانی خۆی و توخمێکی کاریگەر لە تاک لەدەست بدات، کە تاک و کۆمەڵگە هەریەکەیان یارمەتی لە داڕشتنی ئەوی دیکە دەدەن.
زانست و زاناکان چەندین هۆکارى کۆمەڵایەتى و دەروونى و سیاسی و ئابووریى بە پاڵنەرى خۆکۆژى دادەنێن، بۆیە سنووردارکردن و دانانى لەچوارچێوەیەکى بەرتەسکدا کارێکى بابەتییانە نییە. داتاکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە هۆکارەکانی خۆکوشتن فرەن و لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا لەژێر کاریگەری هۆکارە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و بایۆلۆژی و دەروونی و ژینگەییەکاندا روودەدەن. هاوکات هەر بەگوێرەى داتاکانى ریکخراوى تەندروستى جیهانى، ساڵانە زیاتر لە 720 هەزار کەس خۆیان دەکوژن و، خۆکوشتن سێیەم هۆکاری سەرەکیی مردنە لە نێوان کەسانی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵدا. جیا لەوەش 73 %ی خۆکوشتنەکان لە جیهاندا لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند روودەدات. دواجار بەگوێرەى راگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى عیراقی لەماوەى پێنج مانگى ساڵى رابردوو (285) کەس خۆیان کوشتووە.
زانست و زاناکان چەندین هۆکارى کۆمەڵایەتى و دەروونى و سیاسی و ئابووریى بە پاڵنەرى خۆکۆژى دادەنێن، بۆیە سنووردارکردن و دانانى لەچوارچێوەیەکى بەرتەسکدا کارێکى بابەتییانە نییە
فۆرمێکى نوێ لە خۆکوژیى
لەم دوایانە و لە کوردستاندا، فۆرمێکى نوێ لە خۆکوژیى پەرەى سەندووە، ئەویش خۆخستنەخوارەوەیە لە باڵاخانە و یەکەکانى نیشتەجێبوونەوە، ئەم دیاردەیەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو گەشە شارنشینییەى ئەم دوایانەى لە هەرێمى کوردستاندا روویدا و خەڵکى ژیانى شوقە و باڵەخانە بەرزەکانیان هەڵبژارد، ئەویش بەهۆی سیاسەتی کراوەیی و هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بەڵێندەرەکان بۆ کەرتی بیناسازیی لە هەرێم.
هۆکارەکانی خۆکوژیی
هەندێک لەو هۆکارانەى دەبنە هۆی خۆکوژى، هۆکارى دەروونین و بەهۆى ژیانى تاکگەرایی و هەستکردن بە تەنیایی روودەدەن و ژیانکردنى بەتەنیا ئێستا لە نێو یەکەکانى نیشتەجێبووندا لە هەرێم زیادیکردووە و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارنەى ئەم فۆرمە نوێیەى خۆکوژی هێناوەتە ئاراوە. هەندێکیشیان کۆمەڵایەتیین، وەکو دۆرکهایم ئاماژەى بۆ کردووە کە جۆرێکى خۆکوژى هەیە خۆپەرستانەیە، واتە کاتێک روودەدات کە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتى لاوازە و تاک ناتوانێت لەگەڵ یەکە کۆمەڵایەتییە گەورەکە بگونجێت و بەهۆى زیادەڕۆییکردن لە تاکگەرایدا روودەدات.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەر چوار هاووڵاتی عیراقی یەکێکیان بەدەست فشەڵى دەروونییەوە دەناڵێنێت. هەروەها بەهۆی ئەو پاشەکشە کۆمەڵایەتییە سەختەى کە ئێستا هەستی پێدەکرێت بە تایبەت لە سیتى و یەکەکانى نیشتەجێبووندا، خۆکوژی زیادیکردووە. ئەم دیاردەیە لە یابان ناوزەد کراوە بە (هیکیکۆمۆری)، یان کشانەوەی توندی کۆمەڵایەتی، زاراوەیەکە بۆ وەسفکردنی ئەو گەنجانەی کە لە ژیانی کۆمەڵایەتی دەکشێنەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی بە تەواوی دەستبەرداری ژیانیان بن بەکار دەهێنرێت.
تێڕوانینى دەروونناسی کلینیکى
تۆماس جۆینەر، کە دەروونناسێکی کلینیکیە لە زانکۆی فلۆریدا، زۆر جیاواز لەوەی خەڵک بیری لێدەکەنەوە سەبارەت بە دیاردەی خۆکوشتن دەدوێت، چونکە ئێمە پێمان وایە ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت ترسنۆکە، بەڵام ئەو روونیدەکاتەوە کە راستییەکە ئەوەیە کە ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت لە مردن نترسێت. هەروەها پێیوایە ئەو تێگەیشتنەی کە تۆ بارگرانیت (Perceived burdensomeness)، یەکێکى ترە لە هۆکارەکانى خۆکوشتن واتە کەسەکە خۆی وەک بارگرانییەک بۆ ئەوانی دیکەی دەوروبەری دەبینێت و دەڵێت: (مردنەکەم بۆ ئەوان باشترە لە ژیانم). لۆمەکردنى خۆی و ئەمەش زۆرجار لەگەڵ حاڵەتى گرژییەکی زۆردا دەگونجێت، ئەمە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە روودەدات کە پەیوەندییان بە بێکارییەوە هەیە، بۆ نموونە، بێ ماڵ و حاڵ، زیندانیکردن، ژیان بەبێ ماڵ، نەخۆشییەکی توند بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن و پێویستی چاودێریکردن لەلایەن ئەوانی ترەوە، کەمئەندامی، یان هەر بارودۆخێک کە وای لێدەکات ئەو جۆرە بیرکردنەوانە پێکبهێنێت.
* مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سلێمانی