ئه‌نفال گوزارشت لە داڕزانی دامەزراوە ئەخلاقییەکان و نەبوونی دادپەروەری و شكستی كۆویژدانی گه‌ل و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێك ده‌كات. كۆویژدان ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێك بیروباوه‌ڕ و هه‌ست و به‌های ئه‌خلاقی هاوبه‌ش، کە بنەمای یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگایەکدا دیاریده‌كات. هاوكات كۆویژدان وەک هێزێکی یەکگرتوو کار دەکات بۆ دیاریكردنی شووناسی گروپ و به‌مه‌ش بەشداریی لە پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات. به‌ڵام له‌كاتی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا كۆویژدان شكستی خوارد بوو، هیچ به‌هایه‌ك و هیچ یه‌كگرتووی و هاوده‌نگییه‌ك له ته‌واوی عیراقدا هه‌ستیپێنه‌كراوه.
لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە، جینۆساید تەنها تاوانێکی گەورە یان رووداوێکی سیاسیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە کە پێویستی بە شیکردنەوەی ئەو پێکهاتە کەلتوریی و سیاسیی و ئابووریی و دەروونییە هەیە کە وادەکەن ئەم جۆرە تاوانانە رووبدەن. ئه‌و كەلتوره‌ی به‌عس له‌سه‌ری جۆشكرا بوو، له كۆنه‌ستیدا به‌رامبه‌ر به كورد رقێكی زۆر و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی تر ئاماده‌گی هه‌بوو، كه رێگه‌یان به‌خۆیان ده‌دا نه‌ك ئه‌و تاوانه به‌ڵكو تاوانی سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاری ئه‌نجام بده‌ن، چونكه له دیدی ئه‌واندا كورد نه‌ك میلله‌ت نییه به‌ڵكو نه‌وه‌ی جنۆكه و درنج و جانه‌وه‌ره.
کۆمەڵناسەکان پێیان وایە کۆمەڵگه‌کان ده‌بێت ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌ی كەلتوری و ده‌روونی هه‌بێت تا بتوانن كۆمه‌ڵگه یان گروپ و نه‌ژادێك له‌ناوببه‌ن، رژێمی پێشوو له‌ڕووی پاشخانی كەلتورییه‌وه ئاماده‌سازی هه‌بوو، بۆ له‌ناوبردنی كورد به‌و پاساوه‌ی كه كورد هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر یه‌كگرتووی خاكی عیراق هیچ سڵی نه‌كرده‌وه، جیاله‌وه‌ش له چاوی ئه‌واندا كورد دوژمنێکی مەترسیداره و هەڕەشە لە نیشتمان و بەهاکان دەکات. له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه تێڕوانینیان بۆ كورد ئه‌وه‌بوو وه‌كو موشه‌خۆر و میكرۆب و ئاژه‌ڵ ته‌ماشایان ده‌كرد و وه‌كو ته‌نێكی نامۆ به كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی ده‌یانبینی، بۆیه ئه‌م تاوانه قێزەونه‌یان به‌رامبه‌ر کرد. جیاله‌وه‌ش رژێمی رووخاوی پێشوو وا ته‌ماشای ئه‌نفالی ده‌كرد، كه ئامرازێكه بۆ به‌هێزكردنی نه‌ته‌وی عه‌ره‌ب و بڕیاری قڕكردنی كورد له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، كه پێویسته خاك پاكبكرێته‌وه و یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزرێت.
كه‌واته: لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە، جینۆساید تەنها کردەیەکی توندوتیژی نییە، بەڵکو«پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی رێکخراو»ە کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەند هۆکارێک روودەدات. تێڕوانینی دوژمنكارانه‌ی پێشوه‌خت و ئاماده‌سازیی كەلتوری، رۆڵی گرنگی هه‌یه بۆ بڕیاردان له سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان گه‌ل و تایه‌فه‌یه‌ك.
*مامۆستای زانكۆ