هەواڵە تێکدەرەکان

09:52 - 2025-01-27
نەرمین عوسمان محەمەد
50 خوێندراوەتەوە

 

با هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە هەواڵ و رووداوە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەینەوە، لە پێناو کۆمەڵێک لایک و ڤیودا نەبینە هۆکاری تێکدانی کۆمەڵگە

گومان لەوەدا نییە کە کەناڵەکانی راگەیاندن رۆڵێکی قووڵ و سەرەکی دەبینن لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا، لەبەرئەوەی بەشدارن لە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی رای گشتیدا بێجگە لە کاریگەرییە بەهێزەکانی راگەیاندن بۆ سەر زۆر لە لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوکات دەتوانین بڵێین کەناڵەکانی راگەیاندن دەتوانن ئاڕاستەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە بکەن لە رێگەی گەیاندنی زانیاری پێیان بە چەند رێگەیەکی جیاواز کە لەلای وەرگر پەسەند کراوە.
لەبەر ئەم رۆڵە گرنگەی راگەیاندن لە نێو کۆمەڵگەدا پێویستە هەر بابەتێک لە نێو یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندندا بڵاودەکرێتەوە زۆر بە وردی و لێپرسراوێتییەوە بڵاوبکرێتەوە ئەگەر چی قەبارەکەشی بچووک بێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە هەندێک پەیج، سایت و وێب تیڤییەکاندا روودەدات، رێک پێچەوانەی ئەم یاسایە و هەموو یاسا و ئیتیکەکانی راگەیاندنە، دیارترین بەڵگەش بۆ ئەم دیاردەیە گواستنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی خانمێک بوو لە شاری سلێمانی لە کاتی نەشتەرگەری جوانکاریدا.
بە جۆرێک هەواڵەکە گواسترایەوە لەلایەن هەندێک لە پەیج و کەناڵەکانی راگەیاندنەوە کە دوور بوو لە هەموو یاسا و رێساکانی کاری رۆژنامەوانی و راگەیاندن، بێجگە لەوەی بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو خانمە هەندێک بابەت لە میانەی گواستنەوەی هەواڵەکەدا باسکراوە هەرگیز پێویست ناکات باس بکرێت کە ژیانی تایبەتییە و پەیوەندیی بە رووداوی گیانلەدەستدانەکەوە نییە، لەوانە دۆخی ژیانی هاوسەریی ئەو خانمە و هۆکارەکانی جیابوونەوەی، یاخود شێوە و رەنگی قژی، یاخود بۆچی بڕیاریداوە نەشتەرگەری جوانکاری بکات؟ ئەم جۆرە داڕشتنە لەوکاتەدا دەکرێت بووبێتە مایەی ئازارێکی دەروونی گەورە بۆ خانەوادە و منداڵەکانی، ئەمە بێجگە لە دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی.
نموونەیەکی دیکەی ئەم جۆرە هەواڵانە دەرخستنی پیاوێکە لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە کە بە راشکاوی و بە دڵی خۆی باس لە تێچووی چارەسەری نەخۆشی خانمەکەی بەوپەڕی ناشرینی دەکات کە دوورە لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردی، بێجگە لەوەی کە تانەدانێکی گەورە و راشکاوانەیە لە بوون و کەسێتیی هاوسەرەکەی و کەناڵەکەش بەبێ فلتەر و وەک خۆی بڵاوی دەکاتەوە، کە زۆر بە ئاسانی بینەری هۆشیار دەتوانێت پێشبینی رووداوە کۆمەڵایەتییەکانی دوای ئەو لێدوانە بکات کە درووست دەبن، چەندین نموونەی دیکەش هەیە کە مایەی مەترسیی کۆمەڵایەتی و دەروونییە و بڵاوبۆتەوە کە لێرەدا دەرفەتی باسکردنیان نییە.
کەواتە دەکرێت بڵێین تکایە با هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە هەواڵ و رووداوە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەینەوە، لەپێناو کۆمەڵێک لایک و ڤیودا نەبینە هۆکاری تێکدانی کۆمەڵگە. 

وتارەکانی نوسەر