بەدواداچوونی:
نەرمین عوسمان محەمەد
نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ پێویستیی بە پشتگیری زیاترە، لە پێناو بەردەوام بوون و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیاندا
یەکێک لەو سێکتەرانەی کە هەمیشە پێویستیی بە چاودێریی ورد و پشتگیرییە، تەندروستییە، لەو سۆنگەیەوە دەمەوێت ئەم باسەم بە کۆمەڵێک ئامارەوە سەبارەت بە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ بخەمەڕوو بە ئومێدی پشتگیریی و خزمەتکردنی زیاتری ئەم نەخۆشخانەیە.
بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن مانگانە لە نێوان 500-800 کەسدایە، هاوکات مانگانە 650 نەشتەرگەری تێدا دەکرێت و تەنها لە ماوەی ساڵی رابردوودا 4000 نەشتەرگەری گەورەی تێدا کراوە.
یەکەمین و گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم نەخۆشخانەیە، بریتییە لەوەی تەنها نەخۆشخانەی حکومییە، تائێستا خزمەتگوزارییەکانی بە خۆڕاییە، تەنانەت نرخی کلینیکییە راوێژکارییەکەی ئێوارانیشیان نرخێکی کەم و رەمزییە، هەروەها نەشتەرگەرییەکانی ئەگەر لە بەیانیاندا بکرێت بە خۆڕاییە و ئەگەر بکەوێتە ئێواران نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی شار دەکرێت.
لەم نەخۆشخانەیەدا هەموو نەشتەرگەرییەکانی تایبەت بە چاو دەکرێت، بێجگە لە نەشتەرگەرییەکانی گۆڕینی تۆڕی چاو و گلێنەی چاو، کە ئەوانیش لەبەر چەند هۆکارێکی زانستیی و تەندروستی ناکرێن لە دواتردا ئاماژەیان پێ دەدەم.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بریتییە لە ئامادەبوون و مانەوەی پزیشک لە نەخۆشخانەکەدا تا سەعات (10) ی شەو و لەدوای ئەوکاتەشەوە، پێویستە نەخۆشی ئەم نەخۆشخانەیە سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار بکات.
پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە
لە دوای باسکردنی گرنگیی نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ و تایبەتمەندییەکانی، پێویستە باس لە پێداویستی و کەموکوڕییەکانی بکەین:
1-هەوڵدان بۆ هێنان یاخود دامەزراندنی پزیشکی تایبەتمەند بە گۆڕینی تۆڕی چاو لەپێناو کردنی نەشتەرگەری تۆڕی چاو لە نەخۆشخانەکەدا.
2-دابینکردنی ئامێری تایبەت بە پشکنین و نەشتەرگەری تۆڕی چاو.
3-هەوڵدان بۆ پەیداکردنی گلێنەی چاو لە پێناو کردنی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەش لە نەخۆشخانەکەدا.
4-کردنەوەی بەشی فریاکەوتن بۆ نەخۆشخانەکە بە مەبەستی فریاکەوتنی نەخۆشانی رووداوە نەخوازراوەکان.
5-دابینکردنی ئامێری نەشتەرگەری ئاوی سپی، کە ئێستا تەنها 2 بۆ3 ئامێریان لەو 8 ئامێرەی کە لەسەرەتای کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا دابینکرابوو کار دەکەن و ئەمەش کاریگەری بۆسەر رەوشی بەڕێوەچوونی نەشتەرگەرییەکانی ئاوی سپی چاو دەبێت.
6-دووبارە هاوکاریکردنەوەی نەخۆشخانەکە بە دابینکردنەوەی ئەو بڕە دەرمانەی کە لەبەر نەبوونی بودجە وەستێنراوە.
دواجار دەکرێت ئەم بەدواداچوون و ئاماژەپێکردنەی دۆخ و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ تەنها تێڕوانینێکی سەرپێی و خێرابێت، ئەگەر بە وردی ئاوڕدانەوەیەک بۆ ئەو نەخۆشخانەیە بکرێت ئەوا پێویستیی بە پشتگیریی زیاترە لە پێناو بەردەوام بوون و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیاندا.