فەرید دڵشاد
رووخانی بەشار ئەسەد و وەرگرتنی دەسەڵات لە سوریا لەلایەن گروپێكی ئیسلامی توندڕەو، نیگەرانی لای میسر درووست كردوە، ئەوەش دوای دە ساڵ دێت لە دوورخستنەوەی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئێستای میسر، كە چەند رۆژێك پێش گۆڕانكارییەكانی سوریا، میسر خۆی پشتیوانی بۆ بەشار ئەسەد دووپاتكردبۆوە.
هەرچەندە وڵاتانی تری عەرەبی پەلەیان كرد لە پەیوەندییكردن بە دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق، بەڵام قاهیرە دوای سێ هەفتە لە رێگەی بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر پەیوەندییان لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتا سورییەكە ئەنجامدا و داوایان لێكرد دەسەڵاتی دیفاكتۆی خۆیان بگوازنەوە بۆ بەشداری گشت لایەنەكانی سوریا، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەوبارەیەوە نەنراوە.
هەرچەندە رووخانی بەشار ئەسەد، ژمارەی هاووڵاتییە سورییەكان كە 150 هەزار كەس دەبن لە میسر كەم دەكاتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا گۆڕانكارییەكانی سوریا لێكەوتەی نەرێنی لەسەر دەسەڵاتی ئێستای میسر دروست دەكات، لە سێ لایەنەوە لەوانە سەركەوتنی شۆڕش، سەرهەڵدانی ئیسلامییەكان، ئەگەری دروستبوونی میحوەرێكی نوێ كە كاریگەریی میسر لە ناوچەكەدا لاواز بكات.
حكومەتی سیسی لەوە دەترسێت سەركەوتنی شۆڕش لە سوریا رۆحی شۆڕشگێرانە لە شەقامی میسری زیندووبكاتەوە، بەتایبەت لای ئەو ئەو گەنج و لاوانەی كە نیگەرانن لە دۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتەكەیان، ئەوەش دوای ئەوەی كە بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 لە سوریا سەریهەڵدا و شەپۆلەكەی میسریشی گرتەوە، ئەوەش پەیامێك دەبێت بۆ نەیارانی دەسەڵاتی میسر كە رووخانی حكومەتەكەیان مەحاڵ نییە.
لەلایەكی ترەوە وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیسلامییەكانەوە لە سوریا نیگەرانی زۆری لای میسر دروستكردووە و بە بووژانەوەی چالاكی سیاسی ئیسلامییەكان لە میسر لێك دەدرێتەوە، بە تایبەت گروپی ئیخوان موسلیمین كە بە نەیاری سەرسەختی دەسەڵاتەكەی عەبدولفەتاح سیسی دادەنرێت و لە هەلێك دەگەڕێن بۆ تۆڵەكردنەوە لێی، مەترسی لەسەر دەسەڵاتەكەی دروست دەكات.
جیا لەوانەش نزیكبوونەوەی نێوان ئیسلامییەكان لە سوریا و زلهێزە ناوچەییەكانی وەك توركیا و قەتەر، كە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ میسردا بەریەك دەكەون، بەتایبەت لە رابردوودا پەیوەندییەكانی میسر و توركیا گرژی لەسەر ئیخوانەكان بەخۆیەوە بینیی بوو، ئەو پەیوەندییانە ترسی دەسەڵاتی میسر لە دروستبوونی میحوەرێكی نوێ زیاتر دەكات، ئەوەش رەنگە هەژموونی میسر لەسەر ئاستی ناوچەكە كەم بكاتەوە.
ئەوەی دەردەكەوێت میسر لەگەڵ رووخانی بەشار ئەسەد نەبووە، بەڵام ناچارە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی دیفاكتۆی سوریا بكات و كەناڵی پەیوەندیكردن لەگەڵیدا بكاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەسعەد شەیبانی خواستی وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ میسر راگەیاند، بەڵام میسر ترسی لە هەناردەكردنی شۆڕش هەیە لە سوریاوە بۆ وڵاتەكەی، هەرچەندە ئەحمەد شەرع جەختی لەوە كردۆتەوە وڵاتەكەی هەناردەی شۆڕش ناكات.
* ماستەر لە زانستە سیاسییەکان